ئەیلول 25, 2022

زۆرترین بینراو بۆچوون

Error: No articles to display

بۆچی دەنگی مامۆستا كاریگەرە؟ دەبێ دەنگی چۆن بێت؟

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی*

 

دەنگ كاریگەریی خۆی هەیە، زۆر جار گوێمان لە دەقێكی زۆر گرنگ دەبێ، بەڵام لە ڕووی ئەدا و دەربڕینیەوە كاتێك بەدەنگێكی نەشاز و ناخۆشەوە گوێمان لە قسەكانی دەبێ وەكو پێویست چێژ لە دەقەكە وەرناگرین.
دەمودوو یا دەنگسازی ڕۆڵی گرنگ و بەرچاو لە جووڵاندنی هەست و نەست و جۆش و خرۆشی بەرامبەر دەبینێت، و بەرزی و نزمی چینەكانی قوڕگ (بەكارهێنامی شێوزای دەنگ) لەتەك جۆری تێكهەڵكێشی بابەتەكەی بە نموونەی زیندوو بەبێ ویستی خۆیان وا لەكەسەكانی ئەو شوێنە دەكات بەناچاری گوێی بۆ ڕادێرن و تا دوا وشە لەگەڵی بمێننەوە.
مامۆستا لە پۆلی خۆیدا وەكو پێشەنگ و سەركردە دەبیندرێت و قوتابییانیش لەم نێوەندەدا شوێنكەوتەی زانست و دەستخەری زانیارین لەو هۆڵە بچووكەی بۆ ئەوان پۆل و بۆ ئەوانی دەرەوەش هۆڵ و گۆڕەپانە گەورەكانە و لە ئامادەبووی ئەو گوتار و بابەت و كۆڕ و سیمینارانەی كاتێك لەلایەن بەرپرسێكی حزبی یا حكومییەوە بۆی بانگێشت دەكرێ، لەوەشدا وێڕای بەرنامەڕێژی لەمەڕ چۆنیەتی كردنەوەی دەروازەی باسەكەی تا لەوێوە ئامانج و مەبەستەكەی بگەیەنێت كە سەرباری زیرەكی و شارەزایی بۆ ئەو بوارەی قسەی لەبارەوە دەكات، هەڵبەتە ڕیزبەندی پێشەكی و ناوەڕۆك و كۆتایی ئەو هاوكێشە نەگۆڕەی گەیاندنی پەیامەكەیەتی كە تێیدا دەنگ دەبێتە فاكتەرێكی بەهێزە بۆ سەرنجڕاكێشیان.
بەرزی ونزمیی دەنگ و زانین لەمەڕ ئەو شوێنانەی وادەخوازێت لێی بوەستێ، دەبێ لە هەندێ جێگە بەپێی پێویست ئەو هەڵوێستەیە بەهەند وەربگیرێ، (بەشێوەیەكی ڕێژەیی) ئەو قوتابییەی لە پشتەوە دادەنیشێت، دەنگی مامۆستای بە سست و لاوازی پێ دەگات وەكو چۆن ئەو جێیانەی لە وێستگەی كارەباوە دووربن، كارەبایان دەگاتێ بەڵام بەهۆی دوورییەوە فۆڵتیەیان كەم دەبێتەوە وەكو پێویست ناتوانن سوودی تەواوی لێ ببینن.
قوتابی چەند لە پێشەوەبێت، كەمتر داڵغە لێ دەدات و بیری بەشتی لاوەكی سەرقاڵ دەبێت بە دەوروبەرەكەی و چاوی مامۆستا بۆی وادەكات بە وریاییەوە مامەڵە بكات و بڕوانێتە بابەتەكەی و هەمیشە ڕووی لە مامۆستاكەی بێت.
واقیع سەلماندوویەتی ئەوانەی بەمەبەست لەپشتەوە دادەنیشن، لە دیتنی هەر جوڵەیەكی نەخوازراوی قوتابی و جۆڵانەوەیەكی قوتابیانی پێش خۆیان، دیمەنەكان سەرنجیان ڕادەكێشێت و بیركردنەوەی بۆ دوو بەش كەرت دەبێ، لەلایەك واخۆی نیشان دەدات بیر و هزر و هۆشی لای مامۆستاكەیەتی، ڕەنگە هەندێجار وانەبێت و لەلایەكی دیكەیش ئەو جووڵانەوەی لەم تەنیشت و ئەو تەنیشت و پێش خۆی بیری سەرقاڵ دەكات، دەنگی مامۆستا بۆ ئەو كەسانە كەمتر كاریگەری جێ دێڵێ كە لە ئان و ساتێكدا ئەگەر لەپێشەوە بوەستێ و نەچێتە دواو ئەملا و ئەولای قوتابییان.
دانیشتن لە تەك قوتابی زیرەك تامی شیرینی بۆ دێنێ وەكو گوڵاوفرۆشێك چۆن بەتەنیشت دوكانەكەی گوزەر بكەیت ئەگەر بۆنیشی لێ نەكڕی كەچی بۆنی ئەوت بۆ دێ و ئەو حاڵەتەش زۆربەی كات سەردەكێشێ تاوەكو ئەو قوتابییە چاو لەو تەنیشتە و هاودانیشەكەی خۆی بكات و خۆی زیڕەك بكات، هەروەها بەپێچەوانەوە دانیشتن لە نزیك قوتابی تەمبەڵ(خەمسار) كورەی ئاگرە ئەگەر زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت پڕیشكی ئەو ئاگرە سوتێنەرەی بەر دەكەوێ.
لەهەڵبژاردنی هاوڕێ هەڵەی گەورە ئەوەیە تۆ مەلەوانی نەزانی و بكەویە ناو ئاوێكەوە كەچی دارێكی بچووك ببینی وابزانی ئیدی خۆت پێوەی گرت لەمردن ڕزگارت دەبێ.
مامۆستا دەبێ لە هەڵبژاردنی دەنگ هەمان تێڕوانینی لەلادا بڕسكێت، بزانێ چۆن ڕەفتار لەگەڵ كەسێكی خەمسارد دەكات و چۆنیش لەگەڵ كەسێكی زیرەك هەڵسوكەوت دەكات؟ زۆربەی جار دەنگی بەرز وشیاركردنەوە و ئاگادار كردنەوەیە بۆ كەسی بەرامبەر و دەنگی نزمیش بۆ ئامۆژگاری و تێگەیشتنیانە، بەكڵۆجێ هەموو مامۆستایەك دەبێ خۆی گۆش بكات و ڕاهێنان لە سەر چۆنیەتی دەربڕینی قسە و دەنگ و دوو بكات كە وا لە قوتابییان بگات بە پەرۆشەوە گوێی لێ بگرن و بابەتەكەی لێ وەربگرن، ئەوەتانێ مامۆستایانی ئاینی لە ڕیتم و بەرزی و نزمی وتارەكانیان حوكم لەسەر وەرگرتن و وەرنەگرتنی هەستی ئامادەبووان دەكەن و دەزانن چۆن دەنگ بكەنە ئامرازێكی گرنگ بۆ گەیاندنی پەیامەكەیان.
مامۆستا لە قوتابخانە و پۆلەكەی هەمان ڕۆڵ دەبینێ ئەگەر بزانێ یاری بە دەنگ بكات و بەكارهێنانی شێوازی هەر دەنگێك بەپێی پێویستی و گرنگی بابەتەكەی لە شوێنی خۆی بەكار بێنێت.

* سەرپەرشتیاری پەروەردەیی كارگێری/ب.پ. دەوروبەر

© 2017 Hawler