تشرینی یەکەم 24, 2021

کوردستان و بەریتانیا ، ئاسۆیەکی نوێ

ھیوا گەیلانی 

 

بەریتانیا پێگەیەکی بەهێزی هەیە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا ئەندامێکی هەمیشەیی حساب بۆکراو و ڕێزلێگیراوە.
لە ڕاپۆرتێکی تازەی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا و چاوخشاندنەوە بە چۆنیەتیی دیاریکردنی هاوپەیمان و دۆستەکانیدا هاتووە، بەریتانیا هاوپەیمان و دۆستەکانی لەسەر بنەمای کارکردنی پێکەوەیی باش و هاوئاهەنگی لە بواری بازرگانی و تەندروستی و ئاسایشدا دیاری دەکات، بەریتانیا ڕۆڵی گەورە دەگێڕێ لە بەرگریکردن لێیان و، بنەمای سەرەکی پەیوەندییەکان پێویستە هاوسەنگ بن و بنەمای بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش بن. بەوپێیە بێ ئێمەی کورد و پێگەی هەرێمی کوردستان لە خوێندنەوەی بەریتانیادا ئەو بنەمایانەن هەن، هەروەک "سەرۆکوەزیران بۆریس جۆنسن" و سەرۆکی هەرێم "نێچیرڤان بارزانی"یش لە داونینگ ستریت ئاماژەیان پێ دا و بە بایەخ و مێژوویی و پەیوەندیی سی ساڵە و ستراتیژی باسیان کرد.
دیارە لەدوای جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکیەتیی ئەورووپا، ئێستا ئەو وڵاتە چاوی لە هێز و شکۆمەندیی زیاترە، هەیبەت و ڕۆڵی باشتر بەدی دەکرێ و لە ڕێکكەوتنەنێودەوڵەتییەکانیشدا بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و بازرگانی و تەکنۆلۆجیدا ئەو ڕۆڵەی بەهێزەوە بەرجەستە کردووە.
بۆ ئێمەی کوردیش لەو ناوچە پڕ لە کێشە و ناسەقامگیرییەدا ڕۆڵ و پێگەی بەریتانیا و دۆستایەتیی لەگەڵ گەلەکەمان هەند و بایەخی گەورەی هەیە دەشێ زۆر باش سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین.
پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا جەنابی (سەرۆک بارزانی) بەردی بناغەی داناون و، بە ڕۆڵی گەورەی حەکیمانەی لە هێنانە سەرخەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ تێگەیشتن لە دۆزی کورد و پاراستنی گەلەکەی .
لەو سەردانە گرنگەی ئێستای جەنابی سەرۆکی هەرێمدا هەموومان بە دەنگی بەرز ماڕشی پێشوازیمان گوێ لێ بوو لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیدا و، ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان بە شەکاوەیی بینی و، سەرۆکوەزیران "بۆریس جۆنسن" لە بەردەم دەرگای ژمارەی (۱٠)ی داونینگ ستریت لەو شوێنەی پێشوازی لە سەرۆکی وڵاتان دەکات پێشوازیی لە سەرۆکی کوردستان کرد.
ئەو پێشوازییە بەوشێوە باڵایە و لەو ئاستەدا جگە لەوەی مایەی دڵخۆشییە، هاوکات نیشانەی هێز و بڕوابەخۆبوونی سەرکردایەتیی کورد و سەقامگیری و پێگەی بەهێزی کوردستانە و ئەو پرەنسیپ و بەها و دەرفەتە زێڕینانەن کە لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بایەخی پێ داون بۆ ڕاکێشانی نیگای دەرەکی و گەشەسەندنی ئابووریی ناوخۆیی. پێشوازی و دیدارەکانی سەرۆکی هەرێم لە ئاستێکی زۆر بەرز و باڵادا بوون بەجۆرێک لە ئاستی چاوەڕوانی زۆر کەسدا نەبوون، کە بە دیدی من ئەوە بۆ پێگەی بەرزی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کە توانیویەتی لە ماوەی سەرۆکایەتیدا کوردستان بکاتە ژمارەیەکی حساب بۆ کراو لە هاوکێشە و پێگە نێودەوڵەتیەکاندا.
لەدەسپێکی سەردانەکەیدا سەرۆکی هەرێم لە ڕۆژنامەی سەندەی تایمزدا بابەتێکی گرنگی لەسەر دەستێوەردانی ڕزگارکەر یان فریادڕەس بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کردەوە کە دەنگدانەوەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی هەبوو، کە باس لە دەستوەردان و ئەزموونی سەرکەوتوو دەکا هاوشێوەی ڕۆڵی بەریتانیا لە دانانی بیرۆکەی ناوچەی ئارام، کاک نێچیرڤان ڕۆڵ و دەستوەردانی بەریتانیای لە پرسی گەلێکی زوڵملێکراودا بەرز نرخاندوە و بۆ ئەو مەبەستە دیداری لەگەڵ (جۆن مێجەر) سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و خاوەنی بیرۆکەی ناوچەی دژە فڕین هەبوو، وە لە نزیکەوە سوپاسی کرد و، جەنابیان بەو پەیامەی وەفایی و دڵسۆزی و پێزانینی کوردی بۆ دۆستەکانی دووپات کردەوە.
لەو سەفەرەیدا دەستکەوتی گەورە و ئاسۆی پتەکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی کوردستان و بەریتانیا بەڕوونی بەدیدەکرێ، بەریتانیاش لای خۆیەوە چەند خاڵێک یان دەرفەتی زۆر باش بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە دەبینێ کە بریتین لە:
یەکەم: گرنگیدان و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزلێگیراوانەی پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان، پەنا و دڵکراوەیی بۆ ئاوارەکان.
دووەم: توانا و باوەڕی بەهێزی جەنابی سەرۆک بازرانی و سەرۆکایەتی و حکوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەشەڕی دژی تیرۆر.
سێ یەم: پێگەی بەهێزی ئابووری و دەرفەتە بازرگانییەکانی کوردستان، بەتایبەتی پیشەسازیی بواری نەوت.
چوارەم: ڕاستگۆیی و دڵسۆزی سەرکردایەتیی کوردستان بە پرەنسیپ و بەها نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوون بە بەرژەوەندی و بەها هاوبەشەکانەوە..
هەموو ئەو خاڵانە و زیاتریش دەکرێ بەلای بەریتانیاوە سەرنجڕاکێش بن، بۆ ئێمەش گرنگە کە کاری جددی بۆ قووڵکردنەوە و بەرفراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بکەین و بە دامەزراوەییان بکەین.
هەر لە سۆنگەیەشەوە دەکرێ بڵێین کوردستان و ئەفغانستان هاوشێوە نین، ئەگەر پرسەکان هاوشێوە پرسی مرۆیش بن باوەڕی خەڵکی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە شکۆ و پاراستنی دۆزەکەی بەهێزە.
هەروەک بینیمان لە شەڕی دژی تیرۆردا جەنابی ( سەرۆک بارزانی ) فەرمووی ئەوەی بۆ خۆمان لە دەستمان بێ دەیکەین، ئامادەی گیان فیداکردنین نەک خۆبەدەستەوەدان، ئەو باوەڕ و خۆڕاگریەش لەلایەن بەریتانیا و زلهێزەکانی دیکەشەوە دەبینرێ و حسابی بۆ دەکرێ و وەکوو هاوپەیمانی ڕاستەقینەش لەدژی دوژمنێکی هاوبەش کاری پێکەوەیی لەسەر دەکرێ. کوردستان بەهێز دەمێنێتەوە، بە دیپلۆماسیەتی (نێچیرڤان بارزانی) پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فراوانتر دەکات.

© 2017 Hawler