ئەم پەڕەیە چاپ بکە

وشەی"زۆرینە"و"کەمینە" لە قورئاندا

عومەر چنگیانی

(٣-٢)

دووەم/ لێخوێندن لە (زۆرینە) بەوەی کە بڕوا ناهێنن، یان بێبڕوان
گومان لەوەدا نییە کە بڕوای ڕاستەقینە هاندەر و بزوێنەر و ڕێنماییکارە بۆ چاکەکاری، بە مانا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان بڕوا و ئاکاردا هەیە، هێندەی بڕوا پتەو و بەهێز بێت، ئاکاریش جوان و باش دەبێت.
تێبینی: مەرج نییە هەر کارێکی خراپ دەرەنجامی بێبڕوایی بێت، دەکرێ لە کاتی کارەکەدا ئیمانلاوازی ڕۆڵی خۆی ببینێت، کە چەندین فەرموودەی دروست ئەوەی باس کردووە و، لێرەدا زۆر گرنگە چ تاکی کۆمەڵگای بڕواداران و چ کەسە بەرچاوەکانی بە ئایینخوازی ناسراو ئاگاداری ئەو دەقانە بن کە ڕۆحی لێبووردەیی خوا و، هەردەم تەوبەکردن باس دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی تووشی هەڵەیەک دەبێت بەردەوام نەبێت و بێهیوایی وای لێ نەکات کە ئیتر لە زەلکاوی تاوانکاریدا بتلێتەوە، وەکچۆن ئەرکی مامۆستایانە ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەوەی کە هەر تاوانێک با گەورەیش بێت، دەبێ بە دووداچوون لەسەر هۆکار و پاڵپێوەنەر بکرێت، کە باشترین نموونەی بەرجەستە لە مێژووی پڕ لە سەروەری ئیسلامدا، (دزی) کە حەرامە و حوکمی قرتاندن و بڕینی دەستی دزەکەی لە دوایە، لە ساڵی برسیەتی (ڕەمادە)دا عومەر خوای لێ ڕازی، دەستی دزێکی نەبڕی کە لەبەر نەبوونی و برسیەتی کارەکەی کردبوو و یارانیش خوایان لێ ڕازی، بە فتواکەی ڕازی بوون و، وەک ئیجماعی ڕاوبۆچوونی یارانی لێ هات.
بڕوانەهینانی زۆرینە:
خواگیان لە سیانزە ئایەتی قورئانی پڕ لە بەخششدا
بە ڕوونی باس لەوە دەکات، کە (زۆرینە) بڕوا ناهینن؛ یان هەربڕوایان نەهێناوە.
بۆ ئەوەی ستوونەکە زۆرتر درێژ نەبێتەوە هەرجارەی ئایەتێک زیاتر لێرەدا لێک نادەمەوە، وەلێ ژمارەی ئایەت و شوێنی لە سورەتەکەدا دیاری دەکەم.
ژمارەی ئایەت و ناوی ئەو سورەتانەی کە تێیدا هاتوون:
١. حەڤدەهەمین ئایەتی سوورەتی (هود) لە باسی محەمەد پێغەمبەردا دروود و ساوی خوای لەسەر، دەفەرمێت: "داخۆ کەسێک لەسەر بەرچاوڕۆشنی بێت لەلایەن پەروەرێنی خۆیەوە و، جبرەئیلی فریشتەی نیگا و سرووشهێن گەواه بێت لەگەڵی، یاخود لە بنەڕەتدا فیترەتی هەرکەس گەواهی ئەو ڕاستیی یەکخواییە بدات و، پێشتریش پەیام و کتێبەکەی مووسا ساوی خوای لێ بێت، بەڵگەیە کە پێشەنگ و میهرەبان بوو، بە مانا هەموو ئەمانە گەواه بن، ئەوانەن کە بڕوادارن و بڕوای پێ دینن، جا هەر کەسێک لە شوێنکەوتووانی فرەلایەن و گرووپ و دەستە و حزبەکانی دیکە، بڕوای پێ نەهێنی و، هەقوەشێری (کفر) بکا، ئەوە دۆزەخ جێگایەتی و، نەکەی هەرگیز گومانت بۆ دروست ببێت لێی، بەڕاستی ئەوە هەقێکە لەلایەن پەروەرێنتەوە، وەلێ زۆرینەی مەردمگەل بڕوایان نەهاوردگە و نایتێرن."
٢. سەدوسێهەمین ئایەتی سوورەتی (یوسف).
٣. یەکەم ئایەتی سوورەتی (الرعد).
٤-١١. هەشتەم ئایەتی سوورەتی (الشعراء). کە ئەم ئایەتە هەشت جار لەم سوورەتەدا دووبارە بۆتەوە.
١٢. حەوتەم ئایەتی سوورەتی (یاسین).
١٣. پەنجاونۆهەمین ئایەتی سوورەتی (غافیر).
هەروابێتەوە، سەدوشانزەهەمین ئایەتی سوورەتی (ئەلئەنعام)یش هەمان مانا دەگەیێنیت.
سێیەم: لێخوێندن لە (زۆرینە) بەوەی کە نەزانن یان نازانن:
شەریعەتی ئیسلام هاندانیکی بێسنووری هەیە بۆ فێر بوون و زانست، تەنها لە قورئانی پڕ لە بەخششدا لە بیست و حەوت جێدا لە کۆتایی ئایەتەکاندا گلە و باسی زۆرینە دەکات کە عەیبیان ئەوەیە نازانن و، یانزە دانەیان بە (زۆرینەی خەڵک نازانن) کۆتایی هاتووە:
١. سەدوهەشتاوحەوتهەمین ئایەتی سوورەتی (ئەعراف).
٢و٣و٤. تەنها لە سوورەتی (یوسف)دا ئایەتەکانی ٢١و٤٠و٦٨.
٥. سیوهەشتەمین ئایەتی سوورەتی (نەحل).
٦و٧. ئایەتی شەش و سی، سوورەتی (رۆم).
٨و٩: بیستوهەشتەمین و سیوشەشەمین ئایەتی سوورەتی (سەبا).
١٠. پەنجاوحەوتهەمین ئایەتی سوورەتی (غافر).
١١: بیستو شەشهەمین ئایەتی سورەتی(جاسیە). وێڕای ئەم یانزە ئایەتە لە نۆ ئایەتی دیکەدا بە ڕستەی زۆرینەیان نازانن کۆتایی بە ئایەتەکە هێناوە:
١: ئایەتی سیوحەوتی سورەتی (ئەنعام).
٢. سەدوسیویەکهەمین ئایەتی سوورەتی (ئەعراف).
٣. سیوچوارەمین ئایەتی سوورەتی (ئەنفال).
٤. پەنجاوپێنجەمین ئایەتی سورەتی(یونس).
٥و٦. ئایەتی ١٣ و ٥٧ی سوورەتی(قەسەس) .
٧. چلونۆهەمین ئایەتی سوورەتی (زومەر).
٨. سیونۆهەمین ئایەتی سوورەتی (دوخان).
٩. چلوحەوتەمین ئایەتی سوورەتی (توور).
شەش ئایەتیش (بەڵکو زۆرینەیان نازانن) لەخۆ دەگرێت:
١و٢. حەفتاوپێنجەمین و سەدویەکەمین ئایەتی
سوورەتی (نەحل).
٣. بیستوچوارەمین ئایەتی سوورەتی (ئەنبیا).
٤: شەستویەکهەمین ئایەتی سوورەتی(نەمل).
٥. بیستوپێنج هەمین ئایەتی سوورەتی(لوقمان).
٦. بیستونۆهەمین ئایەتی سوورەتی (زومەر).
تەنها یەک ئایەتیش لە هەموو قورئاندا بە وەلێ زۆرینەیان نەفامن کۆتایی دێت کە سەدویانزەهەمین ئایەتی سوورەتی (ئەنعامە).