تشرینی یەکەم 24, 2021

شۆڕشی سەلماندنی ئیرادە و گەڕاندنەوەی ھیوا

ئاوارە حاجی دێلۆیی

 

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول گەورەترین شۆڕشی چەکداری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان بوو، کە خەباتی کوردی بردە قۆناغێکی نوێوە، تێکۆشانی گەلی کوردستانی لە قۆناغی سیاسییەوە بردە قۆناغی چەکداری و پێشمەرگایەتی.
جیاوازیی ئەو شۆڕشە لەگەلڕ شۆڕشەکانی دیکە لەوەدابوو کە تەنها لە یەک ناوچەدا کورت نەکرابووە و سەرتاپای کوردستانی گرتبووە و ئاگایی سیاسی تاکی کوردستانی بەرز کردبووە و دۆزی ڕەوای کوردستانیانی بردە دەرەوەی چوارچێوەی عێراق و هزر و ئینتمای نەتەوایەتیی لەناو توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستانیدا بەرز کردەوە و گوتاری کوردی یەک خست.
لەو شۆڕشەدا سەرجەم چین و توێژەکان و تێکڕای پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان بەشدارییان کرد.
شۆڕشی ئەیلوول مەکۆی تێکۆشەرانی کوردستان بوو، کە خۆی لە کورد و تورکمان و مەسیحییەکانەوە دەبینیەوە.
هاوکات ببوو بە ناوەند و قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی خەباتگێڕ و کادر و تێکۆشەرانی سەرتاسەری کوردستان، تەنانەت لە هەندێ وێستگەی خەباتدا، تێکۆشەرانی عەرەبیش پەنایان بۆ ئەو شۆڕشە بردووە.
ئەگەر باس لە دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕش بکەین، ڕەنگە نەتوانین ئاماژە بە تەواوی خاڵە ئەرێنییەکانی ئەو شۆڕشە بکەین، بەڵام دەتوانین فۆکەس بخەینە سەر چەند دەستکەوتێک، کە دیارترینیان رێککەوتننامەی یازدەی ئاداری ساڵی ۱۹۷۰یە، کە بە تۆپی ئەو دەستکەوتانە هەژمار دەکرێت و لە رێگەیەوە دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بەدی هات و ئەو رێککەوتننامەیە بووە بە چوارچێوەیەکی دەستووری و یاسایی، کە بۆ یەکەمجار حکوومەتی ناوەندی ناچار کرا کە دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا بنێت، بەڵام دواتر رژێمی بەعس لە واژۆ و بەڵێنەکانی پەشیمان بۆووە.
لە ماوەی شۆڕشەکەدا سەرکردایەتیی کورد بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر توانیی چەندین دەزگای گرنگ بۆ ناوچە ئازاد کراوەکانی کوردستان دابمەزرێنێت، کە خۆی لە دەزگای سەربازی و سیاسی و قەزایی و کارگێڕی و خزمەتگوزاری دەبینییەوە.
لەو سەردەمەدا سەرکردایەتیی شۆڕش، بە پێی هەلومەرجی ئەوکات بایەخی زۆری بە بواری سەربازیدا و بۆ ئەو مەبەستە سێ لەشکری گەورەی دامەزراند، کە لەشکری یەکەم بۆ بادینان و لەشکری دووەم بۆ هەولێر و لەشکری سێیەمیش بۆ سلێمانی بوون، کە هەر یەکێک لەو لەشکرانە سێ لیوای هەبوو.
لە ڕووی چەکدارییەوە توانی چەندین داستان و نەبەردیی تۆمار بکات، لە نێویشیاندا دەتوانین ئاماژە بە داستانەکانی بارزان و زاویتە و هەندرێن و ئەزمەر و هەیبەت سوڵتان و هیزۆپ و چەندان داستانی دیکە بکەین.
خاڵێکی دیکەی ئەرێنی ئەو شۆڕشە ئەوە بوو، کە سەرەڕای زوڵم و ستەمی رژێم، سەرکردایەتیی شۆڕش پەنای بۆ تیرۆر نەبرد. سەرکردایەتیی شۆڕش لەسەر ئاستی سیاسیش پێنج لقی دامەزراند و لە ماوەی ئەو شۆڕشەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان سێ کۆنگرەی بەستووە، کۆنگرەی شەشەمی لە یەکی تەمموزی ساڵی ۱۹٦٤ لە شارۆچکەی قەڵادزێ و کۆنگرەی حەوتەمی لە ۱٥ تشرینی دووەمی ساڵی ۱۹٦٦ لە ناحیەی گەڵاڵە و کۆنگرەی هەشتەمیشی لە یەکی تەمموزی ساڵی ۱۹۷۰ لە ناوپردان بەستووە، کە بە پێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسییش، کۆنگرەکانی شەش و حەوت و هەشت وێڕای ئەوەی لە هەلومەرجێکی سەختدا ساز کراون، سەرکەوتوو بوون.
لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی تەنفیزیشدا بەشی دارایی و ئیداری و دادوەری و تەندروستی و ئاسایش و بەشی کاروباری ناوخۆیش دروست کردووە.
لە ڕووی دیبلۆماسییەوە سەرکردایەتیی شۆڕش سەرەڕای توانای
سەربازییەکانی، هەرگیز گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ رژێم ڕەتنەکردۆتەوە و هەمیشە پابەندی بەڵێنەکانی بووە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتیی بارزانی نەمر شۆڕشی سەلماندنی ئیرادە و گەڕانەوەی هیوا بوو بۆ تاکی کوردستانی.
هاوکات بۆ نەیارانیشی سەلماند کە زوڵم و ستەم چەند زۆر بێت سنووری هەیە و کورد دەستبەرداری مافەکانی نابێت.

© 2017 Hawler