ئەم پەڕەیە چاپ بکە

منداڵ و خوێندن بە سکی برسییەوە

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆکی

 

یەك لەو ئاریشانەی پەیتا پەیتا لێرە و لەوێ( مەبەست لێی خوێندنگە و قوتابخانەكانە بەشێوەیەكی گشتی) لەنزیكەوە گوێبیستی ئەوە دەبین بەتایبەت دەوامی بەیانیان قوتابی گەلێ هەن لەقۆناغی بنەڕەتی بە سكی برسییەوە دەنێردرێتە بەر خوێندن كە زۆربەی جار ئەوانەی لەهۆش خۆیان دەچن، ئەوانەی مات و مەلوول و ناڕەحەتن، ژانە سك دەگرن زیاتر ئەوانەن بەجوانی لەماڵەوە بەڕێ ناكرێن و برسیانە، واتە بەبرسێتیەوە دەنێردرێنە قوتابخانە.
توێژینەوە زانستیەكان ئەو ڕاستیەیان دەرخستووە كە ژەمی بەیانی لەهەموو ژەمەكانی دیكە پێویستە ئەگەر بەبڕێكی كەمێش بێت دەبێ مرۆڤ گەدەی برسی پێ كارا و چالاك بكات بۆ ئەوەی كارەكانی بەڕێك و پێكی بەڕێوەببات نەخاسمە قوتابی كە بەدەر لەهەر مرۆڤێكی ئاسایی ئەوانەی بەدەست و بازووی خۆیان ئیش دەكەن، وەلێ ئەمانیش لەهەر ئەندامێكیاندا زیاتر دیدەگیری و بەكارهێنانی مێشك دەكەنە بنەما بۆ خوێندنەوە و هەرسكردنی ئەو بابەتەی مامۆستاكەی پێی دەڵێ و جگە لەبیرهێنانەوەی تەواوی ئەو بابەتانەی ڕۆژی پێشتر خوێندوویەتی. برسی بوون ئەگەر بۆ كەسێكی كامڵ و گەورە تەمەن ئاسایی بێت، ئەوە هیچ پاساوێك هەڵناگرێ كە زۆر جار لەدوای دایك و باوكی قوتابی دەنێردرێ و لێیان دەپرسن:
ئایا بۆچی بەیانیان نان نادەنە منداڵەكانیان، ئەفسووس بەوەڵامێكی خۆپەڕینەوە و خۆدزینەوە لەو پرسیارە بەچەند وشەیەك ئەو لاپەڕە بەدیوێكی دیكەدا دەبەن گوایە منداڵەكەیان هەر خۆی ئیشتیای نانخواردنی نییە و بەیانیان نان ناخوات.
ئەدی چ وەڵامێكیان لەلایە كاتێك بەزمانێكی سادە و شیرینەوە پرسیار لەخودی قوتابیەكە دەكرێ: بابەكەم بۆچی سكت ژان دەكات؟ بۆچی دەگری؟ ئایا بابەتەكەت نەخوێندووە و نازانی و....تاد، كەچی دیمەنەكە بەوەڵامی ئەوەی لەماڵەوە بەیانیان نانم نادەنێ چەندە پڕ سوێیە تا هیچی تر مشت و مڕی لەهەمبەر نەكرێ. بەدواچوون بۆ ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێ، ئایا هۆكارەكانی برسی بوون و نان نەخواردنی منداڵ چییە؟ كێ لێی بەرپرسیارە؟
ئە نجامە مەیدانیەكان بەوە گەیشتوون:
یەكەم: زڕ دایك، هەندێ جار دایكی شیری ئەوەندەی
لەخەمی خەوی خۆشی بەیانیاندایە ئەوەندە لەخەمی ئەوەدا نییە بەڕێك و پێكی منداڵەكەی بگۆڕێ و نانی بداتێ و بەجوانی بۆ قوتابخانەی بەڕێ بكات.
دووەم: منداڵ لەتەواو تێر نەخەوتندا كاتێك هەڵیدەستێنن هێشتا خەو بەری چاوی بەر نەداوە و بێ خوڵق و بێ تاقەت، تەنانەت توانای وەڵامدانەوەی قسەیشی نییە، لەوەشدا هەر دەیەوێ بەپەلەپرووزێ خۆی بگۆڕێ، جانتا بخاتە شانی و بەرەو خوێندنگە ڕێ بگرێ، لەوەشدا كە ماڵەوە ڕووی لێ دەنێن وەرە نان ئامادەیە، وەرە نانەكەت بخۆ، یەكسەر بەگۆتەی( برسیم نییە نان ناخۆم) خۆی دەپەڕێنێتەوە، لەوەشدا دایكان و باوكان وادەزانن هەر بەڕاستی ئەو منداڵە برسی نییە، بۆیە فەرامۆشی دەكەن ناچن لەنزیكەوە دەست بەسەر سەری دابێنن و بەقسەی خۆش وای لێبكەن ئەگەر هیچ نەخوات ئەوا چەند پارووە نانێ بخوات بۆ ئەوەی برسێتی تەنگی پێ هەڵنەچنێ.
سێ یەم: نەبوونی كاتێكی گونجاو بۆ زوو خەوتن و زوو لەخەو هەستان خاڵێكی دیكەی ئەو حاڵەتەیە. هەڵبەتە دەبێ بەرچاو ڕوون بین هەموو مرۆڤێك بەكەسی گەورەیشەوە كاتێك برسی دەبێتە میوانی، توانای قسەكردنی نامێنێ، ناتوانێ بڕوا و هیچ شتێ وەك خۆی وەرناگرێ.. قوتابیەكیش لەتەمەنێكی بچووكدا كە بە سكی برسییەوە كاتێك مامۆستاكەی وانە دەڵێتەوە، ئەو كەسە ئەوەندەی بیری لەلای ژان و سكی برسییەتی نیو هێندە بیری لای مامۆستا نییە، ئەوانەی برسین ئەوەندەی لەخەمی ئەوەدان كات زوو بڕوات بۆ ئەوەی زوو بچنەوە ماڵ و سكی برسیان تێر بكەن نیو هێندە لەخەمی بابەتەكە و قوتابخانەدا نین و حاڵەتەكە وادەخوازێ..بۆیە لەم ڕوانگەوە پێویستە كەس و كاری قوتابی و خوێندكار بەبایەخەوە لەسەر ئەم بابەتە بوەستن و گرینگی پێ بدەن نەك پشتگوێخستنی كە دەرەنجامەكانی بەوە بگات كەسێكی ئەوتۆی لێ دەرچێ ببێتە جێی گلەیی و گازەندەی مامۆستایان و دڵشكان و بێ ئومێدی كەس و كارەكەی.
*سەرپەرشتیاری پەرەردەیی هاورشێی ڕەخنەگر
۲۰۲۱/شارۆچكەی تەق تەق