تشرینی یەکەم 18, 2021

شەهلا عەزیز

 

پیرۆز بێت 75ساڵ تێکۆشانی پارتی، کە بێگومان خەباتی پارتی کۆتایی نایەت، تا ئامانجەکان نەپێکێ و تەواویان نەکات و نەبنە کتێبێکی مێژوویی لە سەرکەوتنی گەلێکی چەوساوە لە ژێر بڕیاری چەند حکوومێکی جیاجیا.
کورد قوربانی گەلێ گەورەو چەوسانەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیووە لە ژێر دەسەڵاتی زلهێزو شۆڤێنیزم و توندڕەوکان .. لێرەوە دەمەوێ کەمێک باسی ڕۆڵی ئافرەت بکەم، لە شۆڕشی کوردایەتیدا کەچەند ئافرەتی مەزن و جوان رۆڵیان گێراوە شان بەشانی پیاوان بوون. هەمیشە ژنانی کورد پێگە و ڕۆڵی زۆریان هەبووە، وەک خانزادی میری سۆران، مەستوورەخانی ئەردەلان و چەندانی تر، کە ناویان لەنێو کورد هەیەو تا کورد هەبێت ناویان ون نابێت.
لە مێژووی حکومداری کورددا، ژن بە چەند وێستگەیەکی جیاجیا تێ پەڕیوە و بەپێی شوێن و کات لە سیاسەت و بڕیاردان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ڕۆژهەڵات، لە هەرێمی کوردستاندا ئافرەتان لە کاروباری سیاسیدا ڕۆڵی کارایان هەیە و بە ئاراستەی پێشکەوتنێکی دیار دەڕوات تا ئەوەی لە ئێستادا سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئافرەتە. دابەشکردنی ڕۆڵە تەقلیدییەکان لە نێوان ژن و پیاو لە کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزانییەکاندا، کە هەمیشە ئافرەتان لە پەروەردەکردنی منداڵ و چاودێریی خێزان و بەڕێوەبردنی ماڵدا پشکی شێریان بەردەکەوێت. لەم کۆمەڵگه‌یەدا هەمیشە هەوڵ دراوە پەیوەندیی ئافرەت لەگەڵ چێشتخانەکەی،بکەنە پەیوەندیەکی سروشتی، ئەم بیرۆکەیەش لە مێشکی ئافرەتاندا بچەسپێنن لەپێناوی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئافرەتان لە سەرجەم جومگەکۆمەڵایەتی و ئیداری و سیاسیەکان، کە پیاوان زۆربەی پلەو پۆست و یاساکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان قۆرغ کردووە.
ناپلیۆن بۆناپارت، كە بووە ئیمپراتۆری فەڕەنسا وتی: «ئافرەت بە دەستێكی لانكە و بەدەستێكی هەموو جیهان رادەژەنێ»، یان نووسەری ڕووسی سۆخۆملینسكی، پسپۆڕ لە بواری پەروەردەدا، دەڵێت: «ئافرەت لە پەروەردەكردنی خۆشەویستیدا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت و نەك هەر دایكی منداڵە، بەڵكو پیاویش پەروەردە دەكات»، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە دەڵێت: ئەوە ژنی ئازا و بەهێز و دڵسۆزە، پیاوی ئازا و بەهێز و دڵسۆز دەخوڵقێنێت و پیاو بە ڕۆحی ئافرەت دەوڵەمەندەو ناچار دەبێت، قەدری جوانی بگرێت. بۆیە لێرەوە دەمەوێ بڵێم پیاوان وانەزانن بە خۆرسکی لەدایک بوون و سەرجەم لێهاتوییان بۆ باوکیان دەگەڕێتەوە.
پێچەوانەی ئەوانەی دەیانەوێت بیسەپێنن کە ژن جێگای چێشتخانەیە و دەبێت وەک مرۆڤێکی پاشکۆ و چالاک لەوێدا کاتی خۆی بەسەر ببات و هیچ پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی نەبێت، من دەێم ئافرەت ئەو کاراکتەرە چالاکەیە ڕۆڵی کاریگەریی گەلێ گەورەی هەیە لە بواری سیاسی ئابوری کۆمەڵایەتی و کاری قورسی ژیان.

© 2017 Hawler