تشرینی یەکەم 18, 2021

کەمێک لە خاڵە لێکچووەکانی نێوان ئێمە و ئەفغانستان

عومەر چنگیانی

 

داوای لێبوردن دەکەم کە گوڵخەرمانەکەی هەفتەی پێشووم دوا کەوت؛ کۆرۆنایەکی سەختم گرتبوو، بەتایبەتی لە ٥ی مانگەوە تەواو خستمی؛ بەڕاستی کۆرۆنا نەخۆشییەکە هیچ گەمەی لەگەڵ ناکرێ و، خوا خۆی رەحمی پێم کرد لە کۆڵم بووەوە.
خواگیان لە هەشتاهەمین ئایەتی سوورەتی (شوعەرا)دا لە باسی ئیبراهیم پێغەمبەردا – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت - لە زمانی ئەو پێغەمبەرەوە دەفەرمێت (گەرهاتو نەخۆش کەوتم تەنها هەر ئەو چارەسەرم دەکا و شیفام پێ دەبەخشێت)، لەو کاتی گەرمەی نەخۆشییەیشدا هەر نەمتوانی کەمێک ئەرکی بیرهێنانەوەی خۆم لە ١٢ی ٨ لە لاپەڕەی خۆم لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی باس نەکەم و نەنووسم و نووسیم: نوێژکەرە بەڕێزەکان! تکایە وابەستە بن بە ڕێنماییەکانەوە. مامۆستایانی بەڕێز مەکەونە ژێر باری تێنەگەییوێتی کەس و مەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشینە. ببنە هۆکاری خێر و خۆتان لە هەموو کەس زیاتر وابەستە بن.

بابەتی سەردێڕ:
بەرلەهەرشت نووسینەکەم بۆچوونە، نەک زانیاری و خۆم بەرپرسیارم لێی!
وەک زۆرجار ئاماژەم بۆ قسە جوانەکەی مامۆستا عەبدوڕەحمان سدیق کردووە، دەبێ خاڵە لێکچووەکان باس بکەین لەنێوان وێنەکاندا زیاتر لە لێکنەچووەکان.
بە پێشچاوی دنیاوە لە گەمەیەکی جێسەرنجی سیاسیدا لەسەر بنەمای چەندین پێکهاتن و ڕێککەوتنەننامەی پێشوەختە ئەمریکا گۆڕەپانی ئەفغانستانی بەڕواڵەت بۆ تاڵەبانی تا دوێنێ دژمن چۆڵ کرد و ئەوەی بەبیری کەسدا نەدەهات چەک و جبەخانەی بۆ جێ هێشتن، ڕووداوەکە لە نەوەدەکاندا بوایە و، ئەقڵە نەبووە سیاسیەکەم وەک ئەوەی ئەوسام بوایە – کە بەداخەوە زۆر دەروێش ئێستایش هەرلێیان دەوێم وەک جاران بم- ئەوا نوقڵانەم دەبەخشییەوە و سوپاسی خوام دەکرد لەبەر سەرخستنی دینەکەی و، بە تێنەگەییوانە ملی دەیان دەقم بۆ شۆڕ دەکردەوە، ئێستایشی پێوە بێت گەر فیعلەن سەرکەوتن بێ و بۆ دینی خوا بێ الحمدلله! وەلێ.. بابەتەکە سیاسەتێکی پەتی و ئاڵۆزە.
شتێک لە لێکچوونەکانی نێوان ئێمەی کورد لە باشووری کوردستان و ئەقڵی تاکی ئەفغانی:
١. لەڕووی مەزهەبگەرایی و کاریگەری گوتاری دینی لەسەر و سەرهشکی و تەفرەخواردوویی و حەزکردن بە چەک و شەڕ و فڕوفیشاڵ و خۆخۆری و پیاوسالاری و پێشبڕکێ لەسەر جۆری تەزبێح و خەنجەر و چەکبازی - کە دوای ئەم چەندساڵی ژیانی مەدەنییەتە تەنها سەرەداوێکمان بەسە بۆ لەواقیع دەرچوون و بوون بەوەی هەقیقەتمانە.
٢. سەرێک لە ژیانی خەڵک و کڕین و فرۆشی چەک و تەقەمەنی و ئۆتۆمبیلی علوج و کوشتوبڕ لەسەر دۆنمە زەویەکی پاوانکراو و، قۆرخکردنی زەویوزاری هاووڵاتیان و تەنانەت ڕێگەگرتن لە پڕۆژەی شارستانی حکوومەت، دەبوو هەولێر ئێستا ئاوارتر و سەوزتر بوایە!
ئەوخاڵەی نابێ بیریشی لێ بکەینەوە کە لەیەک بچن؟
ئێمە تا ئەم چرکەساتەیش وەک کیان، ئەمریکا حسابی بۆ نەکردووین و نایشیکات، لەلاکاتێکدا ئەوان بۆ خۆیان لە دێرزەمانەوە دەوڵەت بوونە و دەوڵەتن.

چاوەڕوانییەکانی من
١. دەرفەتڕەخساندن بۆ دروستکردنی کەسانی توند، داعشی نوێ، یان دەیان حەسەن سەباحی کۆن (١)، کە تەنها چاوەڕوانی سەعاتی سفرن.
خۆشبەختانە لەناو گۆڕپانەکەدا، هێشتا کەسانێک ماون، ڕێزیان بۆ سەرکردایەتیە سیاسیەکەی کوردی تێدا ماوە، کە ئەمەیش سنووردارە و، پێویستە کاری لەسەر بکرێت، دەنا خەریکە جامی تووڕەیی ئەقڵی نوێژکەران لێی دەڕژێت، ئەوەش لە بەدەمەوەدانی دەسەڵاتی سیاسی و جڵەوشلکردن بۆ دوو سێ مناڵ و مەزنی کوردینووس گێلی بێئاگا گۆیا وەک بە خۆیان دەڵێن پڕۆفیسۆر لە بواری ئیسلام، بەهۆی خوێندنەوەیان بۆ چەند دەقێکی مێژوویی کە ئەمەیش باجەکەی زۆر بە توندی دەدەین، گەر تا زووە هەوساریان لێ توند نەکرێتەوە.
گەر سیاسەتە نێودەوڵەتییەکە وای خواست بە خراپی سوود لەو خاوەن بۆچوونانە بگرن و توانا جەماوەرییەکەی مزگەوت ئاسانکارییان بۆ بکا، ئەوکات نە چاو سوورکردنەوەی فەرمی و نە دوو سێ کۆلکە کتێب هیچیان پێ ناکرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێمەوە ڕاستە لەسیاسەت نازانم بەڵام گوێ بگرن خراپ نییە.

پەراوێز:
(١)(حسن الصباح لە ٤٣٠ی کۆچی، ١٠٣٧ زایینیی لەدایک بووە و لە ٥١٨ کۆچیی بەرانبەر ١١٢٤ی زایینی مردووە و سەرچاوەکەی ئێران بووە و ئیسماعیلی لقێکی شیعەی دوانزە ئیمامەیە؛ گرووپێکی هەرە خوێنمژی مێژووەی خوێناوییەکەی ئەو قۆناغە بووە.

© 2017 Hawler