تشرینی یەکەم 24, 2021

ئه‌حمەد مسته‌فا نه‌جمه‌دین

 

دوای ئەوەی لەڕیزبەندی ئەو کتابانەی بەردەستم نۆرەی کتابی نۆڤڵێتی سارای بەکر ئاڵەیی هات، بە تاسوقەوە کەوتمە گیانی دەقەکە و بەوردی لۆی دانیشتم.
بەکر ئاڵەیی یەکەم ئەزموونی شێوە ڕۆمان و نۆڤڵێتیەتی، ئەو چەند یادەوەریەک بەیەکەوە گرێدەدات و لە خەیاڵدانی شیعریانەی خۆی شەن وکەوی نێو ئەم دەقەیان دەکات.
جارێ دەمەوێ ئەوەبڵێم بەکر سەرەتا بە نەفەسێکی شیعری گەڵای داری ئەم دەقە بە وەرزی پایزانەی ئەدەبی دەسپێرێ و لە وێناکردنی شیعریەوە دادەڕژێت، وەک چۆن:
واتایەکی گرنگ لێرەدایە، کە دەتەوێت لێڵی دەریا بخوێنیتەوە.
پێش ئەمەش لە ڕووی بەرگی کتێبەکەوە (نانێکم بۆ بێنن گۆرانیتان بۆ دەڵێم) سەرنجی خوێنەر کێش دەکات و لەوێ خوێنەر خولیای نان و گۆرانی دەبێت و دەکەوێتە ئەندێشەیەکی زۆرەوە، نان، قوتی ژیانی مرۆڤە و گۆرانیش قوتی هونەری و حەزو ئارەزووی مرۆڤایەتییە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت لەوەتەی بەشەریەت هەیە گیرۆدەی نان و تاڵی و سوێریەکانی ژیانە، لە پاڵیشیدا گۆرانی بۆمرۆڤایەتی گەوهەری ڕەوینەوەی خەم و کۆڤان و دەردەتراژیدیاکانێتی.
پێیدا ڕۆیشتم و وشە وشە سەروگوێلاکی دەقەکەم هەرشێلا پێموایە نووسەر وەک سەربازێکی سرک و ئامانجگر لەو مەیدانەدا کەوتۆتە شەڕی داڕشتنەوەی چەندین یادەوەری و ئاوێتەکردنی بە وێناخەیاڵیەکان، تێیبینی دەکەم دوو پانتایی ئەم نۆڤڵێتەیان داگیرکردووە و هەمیشە گێدانەوەیەک بەگوێچکەماندا دەچرپێت، ئەوانیش:
دایک، لێرەوە ئەم چەمکە لە تەواوی دەقو پەرەگراڤەکاندا هەستی پێدەکەین و لە زیهنیەتی نووسەر هەزاران یادەوەری دایک لە خۆی و لە خوێنەرو ساراش دا بەدی دەکرێت.
پانتایێکی تر کەسایەتی سارایە، جارێکی تر لەگەڵ سارا ڕۆڵی دایک دەردەکەوێتەوە، وەک سارا لە زۆربەی وێنەکاندا پەیوەست دەکرێت بە ڕۆڵی دایک، دواتر سارا بەشێکی بنەڕەتی نۆڤڵێتەکەیە و دەشێ سارا پەیوەندییەکی ڕۆحی بێت بە نووسەرەوە.
سارا، حەزم لێیە چاکەتە شینەکە بپۆشی و
تا ئەویش لە ئاسمانەوەبڕژێتە ناو قردێلەی پرچت
جگە لەو پەیوەندییە ڕۆحیەش من لەم وێنەیە زێتر هەست بە بوونی شیعریەت دەکەم زیاتر لە گوزارشتێکی ڕۆمانی و نۆڤڵێتی، ئەمە هیچ لە بەهای دەقەکە کەم ناکاتەوە ئەگەر زێتریشی نەکات.
من پێم وایە لایەنی هونەری لەم نۆڤڵێتەدا ئەوەیە تێکەڵەیەکی شیعری و نۆڤڵێتی بەرجەستەکراوە، رەنگ ئەمە لە بێئاگایینووسەریشەوە بێت، پێچەوانەش بێت ئەمە دەقە و خوێنەر پەلکێشی ئەو یادەوەریانەمان دەکات.
چەند وێنەیەکی تری شیعری لەم نۆڤڵێتەدا ڕایان وەستاندم وەک:
دێم لە ڕوومەتی کانی ماچێکی تەڕ جێدەهڵێم و دەڕۆمەوە ل ٥٠
دەکرا بڵێت: دێم لە ڕوومەتی کانی ماچێک جێدەهێڵم و دەڕۆمەوە.
من وشەی تەڕ بەزیاد دەبینم چونکە خودی کانی چ کانی ئاو بێت و یا ناوی کچێک ئەوا گومانناکرێت ماچەکە تەڕ نەبێت.
تۆ لەسەر رەفەی هەناسەکانم دادەنێم ل ٥١
ئاوێنەی ئاسمان شکا ل ٥٥
لە تەنیشت قسەیەکی گیڤارادا
ئەسرینم چەکدار کردووە ل ٧٢
تۆ پەنجەرەکان لەسەر ئاوازەکان دامەخە.ل ٧٢
چەند خۆش بوو لە رۆخ جۆگەکانی گوند بەیەکەوە ئاوێنەمان دەدواند ل ١٠٦
وێنەکەت نیشانی سپێدە دەدەم ل ١٠٨
ئەو دەمانە دێتەوە کە کەس شکانی شیعر ژیر ناکاتەوە ل ١١٤
ئەمانە بەشێکن لە نموونە و وێنای جوانە شیعرییەکان کە بەنێو دەقینۆڤڵێتی سارادا بڵاو بوونەتەوە.
بیرمان نەچێت کتاب رەگەزێکی تری گێڕانەوەی ئەو یادەوەریانەیە کە نووسەر بەستوونیەتەوە بە دایک و ساراوە..
لەلاپەڕە ٤٩ دا دەڵێت:
هەموو ئەو تریفانەوەی ببینن کە شنەی شیبای مانگە شەوان بەدیار ..لێرە هەستدەکەم گەمەیەک لە وشەی تریفانەوە کراوە لە سەر وەزنی تریقانەوە، پێم وایە نووسەر دەبوو زۆرتر تەرکیزی لەسەر کردبا، یاخود لە لاپەرە ١٠٦دا دەڵێت: خۆش بوو لێک لێک دایکمان بانگیدەکردین. وشەی لێک لێک بەهەمانشێوە نووسەر لێرەش پێویستی بە هەڵوێتسەی زێتر بووتا لەبڕی ئەم وشەیەوە چەمکی گونجاو و مانادارتری بەکار بهێنایە، ڕەنگیش بێت هەڵە ڕۆیشتبم.
دواجار نۆڤڵێتی سارا یەکێکە لەو کتێبە جوانانەی کتێبخانەی کوردی و بەمەش خەرمانمان زێتر بوو دەست خۆشی لە هاوڕێ و شاعیر و نۆڤڵێتەوان ئاڵەیی ئازیز دەکەم.
دیارە ئەمە خوێندنەوەی بەندەیە بۆ خودی نۆفڵێتەکە، هاوکات سارا مادام دەڵێ:نانێکم بۆ بێنن
گۆرانیتان بۆ دەڵێم، زێتر وجوانتر شایستەی خوێندنەوەیە.

© 2017 Hawler