ئەیلول 19, 2021

ھەچکو لێبڕینەکە بەردەوامە!

عومەر چنگیانی 

 

لەوەتی کابینە بەڕێزە نوێیەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، بە دەگمەن نەبێت نەک لێرە، بگرە لە ڕێگای سۆشیالمیدیا و مزگەوتیشەوە خۆم لە بابەتە سیاسییەکان بواردووە، دوێنی ۲٥ی تەمووزی ۲۰۲۱، کە لە سەرۆکی حکوومەتەوە گوێبیست بووم، وام پێ باش بوو هەر لە میحرابی مزگەوتەکەمەوە دوای ساودانەوەی نوێژی عەسر وێڕای سوپاس و پێزانینم، تیشکێک بخەمە سەر هەڵوێستە مەردانەکەیان، نەخاسمە بڕیاری کۆتاییهێنان بە کەمکردنەوە و لێبڕین لە مووچەی شایانی مووچەخۆرانی کوردستان، کە بە ئەرکیشی دەزانم پوختەی ئەوەی لەوێ گوتم بیکەمە توێشووی گوڵخەرمانی ئیمڕۆم .
وەک سەرچاوەکانی تەفسیری قورئان و ژیاننامەی یارانی پێغەمبەر – دروود و ساوی خوایان لێ بێت - لە لێکدانەوەی بیستەمین ئایەتی سوورەتی "ئەحقاف"دا بۆمانی باس دەکەن (جابری کوڕی عەبدوڵا ئەنساری – خوایان لێ ڕازی بێت – دەڵێ ڕۆژێک عومەر – خوای لێ ڕازی بێت - پارچەگۆشتێکی بەدەستەوە بینیم و وتی: ئەوە چییە جابر؟ گوتم: حەزم لە گۆشت کرد و کڕیم! ئەویش وتی: بۆچی جابر هەرجار حەزت بۆ شتێک چوو دەیکڕیت؟ ئەی لەم ئایەتە ناترسیت کە خوا دەفەرمێت: (ئێوە هەموو خۆشییەکتان لە دنیادا تێپەڕاند و برتانە سەر)! بە مانا عومەر– خوای لێ ڕازی بێت - لەوە ترساوە گەر لە خۆشگوزەرانی سوود بکات جیگای مەترسییە لە ڕۆژی دواییدا پێی نەدرێت! لێرەوە ئامۆژگاری من بۆ هەر مووچەخۆرێکی بەڕێز و هەر خانەوادەیەک ئەوەیەکە خۆمان وەک هاوڵاتی لەسەر پاشەکەوتکردن ڕابێنین و، کە مادام بە هەر کولەمەرگییەک بوو، توانیمان ماوەیەکی درێژخایەن بە سەدا۷۹ی مووچە بیگوزەرێنین، با هەر وا بزانین چاک نەبووەتەوە و ئەوەی دێتەوە سەری، خۆمان پاشەکەوتی بکەین، چ لە بانک، یاخود لە شوێنیکی تر، خۆ زۆر باشیشە ئەگەر وەک مام "خەیرەدین کوجەجی ئەفەندی" بکەین (۱) و دەرەنجام هەندێک لەوەی کە پاشەکەوتی دەکەین مانگانە بۆ هاوبەشی لە کاری خێرخوازیدا بەکاری بێنین.
خوێنەری بەڕێز! لە کاتێکدا کە من ئەم وتانە ئەنووسم لای هەموو لایەکمان ڕوونە بە شێوەیەکی گشتگیر پەتا گشتگیرەکەی کۆرۆنا چ کارێکی کردە سەر بواری ئابووریی هەموو جیهان و لەسەر ئێمەی کوردیش چەند بەرانبەری خەڵکی کە وێڕای خەرجی ئەو پەتایە و بێکاری، ئابڵوقە بەدەکانی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش لەسەرمان.
پەراوێز:
(۱) لە گەڕەکی فاتیح لە شاری ئەستەمبوول لە تورکیا مزگەوتێکی مێژوویی هەیە بە نێوی "صانکی یدم" وەک بڵێی خواردوومە، کە میژوویەکی کۆنی هەیە و کاتی خۆی کابرایەک بەنێوی "خەیرەدین کوجەجی ئەفەندی" هەرجارێک زۆر حەزی چووبێتە سەر میوە و گۆشت و شیرینی و خۆشیەک، یان بە کەمێک ڕازی بووە، یان هەر نەیکڕیوە و پارەکەی خستۆتە یەغان، سندوقێکەوە و، لەسەری نووسیوە: "صانکی یدم، وا دەزانم خواردوومە" و، دواتر کە هەڵی دەپچڕێت سەیر دەکات بەشی ئەوە دەکات مزگەوتێکی خنجیلەی پێ دروست بکات و دوای کۆچی خۆیشی خەڵکەکە گەورەتری دەکەن و هەر ئەو ناوەی لێ دەنێن کە ئەو پیاوە کاتی خۆی لە سندووقەکەی نابوو.

© 2017 Hawler