ئەیلول 19, 2021

خواردنی باش و بەھادار نە گومڕاییە ونە گوناھ!

عومەر چنگیانی 

 

سوورەتی (ئەلکەهف) کە سەدودە ئایەتە و هەژدەهەمین سوورەتی قورئانی پڕ لەبەخششە و یەکێکە لەو سوورەتانەی کە مێشک و گوێ و بیستن و دڵی بڕوادارانی پێ ئاشنایە و هەموو ڕۆژانێکی هەینی، ئەگەر بۆ خۆیشیان نەیخوێننەوە، هەر گوێیان لێی دەبێت و، چەندین بابەتی پڕ لەوانەی ئامۆژگاری و هزر و بیر و باوەڕ و سیاسەت و ئابووری و کاری ڕیکخراوەیی و نهێنیپارێزی و بەهای بەهادار زانینی تێدایە و لە نۆهەمین ئایەتەوە هەتا ئاخری بیستوشەشەمین ئایەتیدا، باس لە چەند گەنجێکی بڕوادار دەکات كە لە قۆناغێکی ژیانی میژووی مرۆڤدا کە ستەمکار و خواییلکەپەرستی و بتپەروەری تووشیان دەبێ و ناسراون بە (یارانی ئەشکەوت) - پشتیوان بە خوا - لە گوڵخەرمانی ئیمڕۆمدا لە ژێر ڕۆشنایی بەشێک لە نۆزدەهەمین ئایەتیدا تێشکێک دەخەمە سەر دوو لایەنی گرنگ لە ژیانی تاکی بڕوادار کە لەو ئایەتەدا دوو خاڵی هەر زۆر گرنگ باس دەکات:
یەکەم: کە زیاتر لە سێسەد ساڵ خەویان لێ دەخرێت و دوایی بە ئاگا دەهێنرێنەوە و هەست بە برسیەتیەکی زۆر دەکەن، لە کاتێکدا کە ئەو بەڕێزانە خواناساترین کەسی ئەوکاتەی سەرزەوی بوونە، دەبینین لە و گەرمەی تەوژمی برسیەتیەی کە تیایدا بوون و هەستیان پێ دەکرد، لەناو خۆیاندا دەڵین: ناڵێن بڕۆن هەر خواردنێک بێت بیهێنن، بەڵکو دەڵین: "یەکێکتان بنێرن و دراوەکەتانی پێ بدەن با بچێتە ناو شار و بزانێت لە کوێی شار باشترین و خاوێنترین و نایابترین و بەسوودترین – بە زمانی ئیمڕۆ پڕ و بەکوالێتیترین – خواردن هەیە لەوە شتێک بێنیت."
کە ئەمە دنیایەکمان لەبەردەمدا واڵا دەکات و دەیان پرسیار لە بەردەمماندا خۆیان دەنوێنن، کە بۆچی لە ژێر ناونیشانی خۆبەکەمزانی و بەکەمڕازیبوون، سەدان ساڵە کام خۆراکەی گەندەیە دەدرێتە خەڵکی و کام پۆشاکەی بێکەڵکە بۆیانی دێنن و کام کاڵای کەمبەهایە لەسەریان ساغ دەکرێتەوە؟ لە کاتێکدا کە قورئان تاکەکان ڕێنمایی دەکات تەنانەت لەکاتی تەوژمی برسیەتییشدا بە خواردنی باش نەبێت ڕازی نەبن؟! ئەوەی ئەم بابەتەی زۆر بیر هێنامەوە پرسیاری هاوڵاتییەک بوو لەسەر ئەوەی داخۆ ئەو کە حەز لە خواردنی خۆش دەکات و بە حەڵاڵی خۆی دەیکڕیت، گوناهی ناگات؟ دووەم: لە هەمان ئایەتدا باسمان لەوە بۆ دەکات کە ئەو کۆمەڵە گەنجە لاوە بۆخواسوڵحاوە، ئەشکەوتیارە ستەمجێهێشتووەی هەڵگری شۆڕشی دژە ستەم و دژە بتپەرستی، لە هەرە چڵەپۆپەی ڕێکخراوەیی و سیاسەتزانی و نهێنیپارێزیدا بوون و ئامۆژگاری بازاڕکەرەکەیان دەکەن، دەمدڕاو و نهێنیدرکێن نەبێت و نەهێڵی کەس پێیان بزانیت و خەڵکانێکیان لێ بەئاگا نەهێنیت.
کە ئەمەیش وانەیەکی گرنگی کاری نهێنییە و دەقی ئایەتەکە نافەرمێت با کەس پێتان نەزانێت، بەڵکو دەفەرمێت با کەس بەهۆش نەهێنێتەوە.

پوختەی مانای بابەتەکە لە ئایەتەکەدا:
(یەکێکتان کە ئەم پارەو دراوەی خۆتانی پێ بێ، بنێرن بۆ شارەکە
– ئەوەی لێوە دەرباز ببوون – با لە وێ ورد ببێتەوە بزانێت کوێی ئەوشارە خواردنەکەی لەخواردنی هەر جێگایەک باشتر و پاکتر و بەسوود تر و نایابترینە، هێندەی پێویستیتان، خۆراکێک بێنێت، بەڵام زۆر بە پەنامەکی و خۆ بەدیار نەخستن و نهێنی و خشپەیی کارەکەی ئەنجامبدات و نەبێتە هۆکاری وەئاگا هێنان و جاڕلەخۆدان و خەڵک بزانێت ئێوە لە کوێن

© 2017 Hawler