نیسان 15, 2021

ئاکامی بە بێ زانست دەم لە قورئاندان

عومەری چنگیانی

 

ئایەتەکانی سورەتی(نەمل) وەک هەر یەک لە ئایەتەکانی دیکەی قورئانی پڕ لە بەخشش جێگای تێڕامان و زانست لێ وەرگرتن و پێ پەیداکردنی زانستن، کە من لێرەدا تەنها کەمێک هەڵوەستە بەدیار سێ ئایەتی سورەتەکەوە دەکەم:
یەكەم: لە ئایەتی ٨٣ و ٨٤دا دەفەرمێت:
(ڕۆژی دوایی و لێپێچانەوە ئەو ڕۆژە سەختەیە کە لە هەر نەتەوە و گەل و ئوممەتێک گروپ و سوپایەک لەوانە ڕاپێچی لێپێچانەوە دەکەین کە موجیزە و نیشانەکانی گەورەیی ئێمەیان بە درۆ دەخستەوە و پاڵەپەستۆیان دەبێت لە سەرەی لێپێچانەوەکانیان، تا دەگەنە شوێنی دیاریکراو و خوا پییان دەڵی: ئەرێ ئێوە ئایەت و نیشانە و موجیزەکانی منتان بە درۆدەخستەوە؟ بەبێ ئەوەی هیچ زانستتان پێیان هەبێت و هیچ لەبارەیانەوە بزانن؟ یاخود ئەوە خەریکی چ بوون چ کارتان دەکرد و ئەنجامتان دەدا؟!). بۆیە ڕوو بەوانەی دەم لە قورئانەوە دەدەن و نە هیچی لەبارەوە دەزانن و نە لە ململانێدا ئاستی هیچ ڕووبەڕووبونەوە – تەحەدی - یەکیان هەیە، دەڵێم: ئەرێ ئێوە خۆتان دەناسن ؟ یان هەر لە بنەڕەتدا هیچ لە زمانی پڕ لەڕەوانبێژی و فیقهی زمانەکە دەزانن کە قورئانەکەی پێ هاتۆتەخوارەوە؟ گەرچی من لەوباوەڕەدا نیم ئەو دەم تێوەردەرانە و کارەکەیان بۆ ئەوە بێت تییبگەن یان وەک زانستخوازێکی عەوداڵی ڕاستەقینە توێژینەوەیەکیان هەبێت حەز بەوە بکەن لە ئاستێکدا بەخۆ ماندوو کردنەوە بڕوای بەهێزیان هەبێت، هێندەی ئەوەی پێیان خۆشە مەلە لەئاوی لێڵدا بکەن .
دووەم: هەژدەهەمین ئایەتی باس لەو مێرووە خانمە دەکات کە فریای هۆزەکەی خۆی کەوت و نەیهێشت بکەونە ژێر پێی سوپاکەی سلێمانەوە – سڵاوی خوای لیبێت - کە دەفەرمێت: (سوپای سلێمان ڕێگایان بڕی تاگەیشتنە شیوەڵی مێرووەوە و، لەوێدا مێروویەکی مێ بانگی لە مێرووگەلەکە کرد و گوتی: هۆ مێروویینە وەناو خانووەکانی خۆتان بکەون تا سلێمان و سەربازەکانی نەتان شکێنن! چونکە ئەوان بێئاگان، یان لە بێ ئاگاییاندا).
کە دەکرێ سەدان لاپەڕە لەسەر ئەم ئایەتە بنووسرێت و لەبەر کورتی گۆشەکە نەبوایە وام دەکرد، ئاخر پرسیارگەلێک هەن و وەڵامی هەریەکێکیان سەرسوڕهێنە ! ١- شیوەڵی مێروو ! ٢- میروویەکی مێ! . ٣- خانووەکانتان . ببینن: شکاندن نەک پلیشاندنەوە! ٤- زانینی ئەوەی کە بەرپرسی دەسەڵاتەکە ناوی سلێمانە ! ٥- ناوبرانی بندەست و دەستوپێوەنەکانی سلێمان بە سەرباز! ٦- بێ ئاگایی دانە پاڵیان!؟ هەموو ئەمانە سەدان توێژینەوەی زانستییان لەبارەوە کراوە و کاری هەمووکەس نییە نە تێی بگا و نە پێی بگات، چ جای کاری هەرکەس بێت لێی بدوێت و دەمی تێ وەربدات!
لایەنێکی ڕەوانبێژی:
لەم ئایەتەدا یازدە جۆر شێوازی ڕەوانبێژی لە قسەکردندا هەیە: ١-هاواركردن"ندا" یا . ٢- كينايە"کنایة" أی . ٣- هۆشداری دان"التنبیه" ها . ٤- ناوبردن"التسمیة" النمل . ٥- فەرمان"الامر" ادخلوا . ٦- قەزاوەت"مساکن"مساکنکم . ٧- ترساندن" التحذير" لا يحطمنكم. ٨- تایبەتکردن"سلیمان" . ٩- گشتگیر کردن"جنوده" . ١٠- ئاماژە"الاشارة" جنوده. ١١- پاساو بۆهێنانەوە"العذر" لا یشعرون .
پێنج مافی گرنگ:
لە ئایەتەکەدا ئاماژەیەکی وردی تێدایە بۆ ڕەچاوکردنی پێنج جۆر ماف:
1- مافی خوا (بە بەرپرسیارکردنی مێرویەکی خانم لەسەر بەڕێوە بردنی کاروبار و داکۆکی کار و بەرهەڵستکار لە مێرووەکان و بەباشیش کارەکەی جێبەجێکرد و هۆشداری پێدان).
2- مافی پێغەمبەرێکی خوا کە سلێمانە(هۆشداری پێدان و وشیار کردنەوەی).
3- مافی خوا بەسەریەوە (بە پێشکەش کردنی ئامۆژگاری بۆ مێرووەکان) .
4- مافی مێرووەکان(ئامۆژگاریکردنی بۆیان).
5- مافی سەربازەکانی سلێمان(بەهۆشداری پێدان).
کە لەم کارەیدا تەواو هەست کردنی بە بەرپرسیاری بوو(١).
لەکۆتاییدا ئامۆژگاریم بۆ هەرکەسێکە کە دەوێت لە قورئان بدوێت لە پێشدا با تێیبگات و زۆر بخوینیتەوە تا خۆی بناسێت .

پەراوێزەکان:
(١)بنواڕە(أسئلة بيانية في القرآن الكريم الجزء الثاني ص : 88/فاضل السامرائي)

© 2017 Hawler