نیسان 15, 2021

چۆن مامه ڵه ی درووست له گه ڵ خێزانه كانماندا بكه ین؟

دەروونناس سامان سیوەیلی دەینوسێت

 

ئەو پیاوانەی سەرقاڵی و ئیشوکاریان زۆرە، بەردەوام فشاری جۆراوجۆری کارەکانیان لەسەرە، بەردەوام هەست بە ماندووێتی و شەکەتی خۆیان دەکەن، بۆیە لەهەندێ باردا ئەم پیاوانە بۆ ڕەواندنەوەی فشارە دەروونیەکانیان و دەربازبوون لەو جەنجاڵیانەی تیایدا دەژین پەنا بۆ ناپاکیکردن دەبەن، یاخود وەکو خۆ پاداشت کردنێک ناپاکی دەکەن بەرامبەر ئەو ماندووێتی و کارە زۆرانەی ئەنجامی دەدەن.

لەمبارەدا تێڕوانینی پیاو بۆ ئافرەت وەکو تێڕوانینەکانیەتی بۆ خواردن و خواردنەوە جۆراوجۆرەکان، واتە ئافرەت وەکو کاڵایەک تەماشا دەکات تەنها بۆ چێژ وەرگرتن بەکاری بهێنێت، هەروەک چۆن حەزی گۆڕینی خواردن و خواردنەوە جۆراوجۆرەکانی هەیە، بەهەمان شێوە حەزی تاقیکردنەوەی ڕوخسار و ڕواڵەتە جیاجیاکانی ئافرەتی هەیە، بۆ نموونە ماوەیەک دەخوازێت لەگەڵ باڵا بەرزێکدا پەیوەندی بکات، ماوەیەکی دیکە لەگەڵ باڵا کورتێک، یان لاوازێک پاشتر جەستەپڕێک، گەنم ڕەنگێک پاشتر ئەسمەرێک و … تد، واتە هەموو هەوڵەکانی پیاو لەمبارەدا تەنها لەپێناو وەرگرتنی چێژە و هیچی تر.

 

 ناپاکیکردن لەئەنجامی ئەزموونەکانی پیاو پێش چوونە ژیانی هاوسەرییەوە:

لەمبارەدا ئەو پیاوانەی لەسەردەمی لاوێتیاندا و پێش چوونە ژیانی هاوسەرگیرییەوە بەردەوام خەریکی پەیوەندی سۆزداری یان سێکسی بوون، ئەگەر هەیە پاش هاوسەرگیریان نەتوانن دەستبەرداری ئەم ڕەفتارانەیان بن، بەنموونە کاتێک ئەم هاوسەرەی ئێستای بەراورد دەکات بەو ئافرەتانەی کاتی خۆی پەیوەندی سۆزداری یان سێکسی لەگەڵ بەستوون، هەمیشە سۆزێکی زیاتری دەبێت بۆ ڕابردوو و هەستدەکات هاوسەرگیری کۆتوبەندی لەسەر ئەو ئازادیانە داناوە کە پیشتر هەیبووە، بۆیە هەنگاو دەنێت بۆ شکاندنی ئەو کۆتوبەندانە و ناپاکی دەکات، یان ئەگەر هەیە بەهۆی ئەوەی کاتی خۆی کچێکی خۆشویستووە بەڵام بەهەر هۆیەک بێت پێی نەگەیشتووە ئەوا لەپاش هاوسەرگیری ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێتەوە جارێکی دیکە ئەو پەیوەندیە ڕابردووەی زیندوو دەکاتەوە، چونکە لەمبارەدا هەست بەقوربانی بوونی خۆی دەکات کە کاتی خۆی ئاستەنگیان بۆ داناوە و نەیانهێشتووە بە دولبەرەکەی خۆی بگات.

 

ناپاکیکردن وەک لاسایی کردنەوە یان بەهۆی کاریگەربوون بە دەوروبەر:

لەمبارەدا پیاو پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی باشە و هیچ پاساوێکی نیە بۆ ئەوەی ناپاکی بکات، بەڵام بەهۆی ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیەوە کاریگەری هاوڕێیەک یان کۆمەڵێک هاوڕێی لەسەر دروست دەبێت لەکاتێکدا ئەو هاوڕێیانەی ناپاکی لە هاوسەرەکانیان بکەن، بەمهۆیەوە ئەمیش هەنگاو بۆ ناپاکی دەنێت، ئەمجۆرە پیاوانە لاوازن لەڕووی کەسێتیەوە و بەئاسانی کاریگەر دەبن و ئاڕاستە دەکرێن و هەوڵی لاسایی دەوروبەریان دەدەن، پێیان وایە ئەگەر ئەمانیش وەک هاوڕێ ناپاکەکانیان نەبن ئەوا بە کەم سەیر دەکرێن، بە واتایەکی دیکە ئەمجۆرە پیاوانە خاوەنی پرەنسپی تایبەت بەخۆیان نین و دوای قەرەباڵغی دەکەون.

 

- ناپاکیکردن لەئەنجامی گەیشتن بەقۆناغی هەرزەکاری دووەم:

ڕێژەیەکی بەرچاو لەپیاوان لە چلەکان و پەنجاکانی تەمەنیاندا دەگەڕێنەوە بۆ هەندێ ڕەفتار و بیرکردنەوە و ئاڕاستەی دەروونی کە ئەو نیشانانە لە قۆناغی هەرزەکاریدا دەردەکەون، واتە ئەو ڕەفتار و نیشانانە لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتی و کەسێتی و تەمەنی ئەم پیاوانەدا ناگونجێت، بۆ نموونە ئەمجۆرە پیاوانە لەقۆناغی هەرزەکاری دووەمیاندا پەیوەندی ناپاکی هاوسەری دەکەن، بەدزیەوە پەیوەندیە ئەلکترۆنیەکانیان لەگەڵ دۆستەکانیاندا ئەنجام دەدەن، لەکاتێدا لەم تەمەنەدا کچ یان کوڕی هەرزەکار یان گەنجیان هەیە، ڕەنگە ئەوان لەو کاتەدا سەرقاڵی پەیوەندی سۆزداریەکانیان بن، واتە ئەم باوکە کێبرکێ لەگەڵ کوڕەکەیدا دەکات، ئەو پیاوانەی بەمجۆرە ڕەفتار دەکەن زیاتر ئەوانەن لەقۆناغی هەرزەکاری و سەرەتای گەنجێتیاندا بێبەشبوون لەپەیوەندی کردن بەڕەگەزی بەرامبەرەوە، واتە لەدەست چەپاندنی سێکسی یان سۆزداری دەناڵێنن، یاخود بەهۆی ئەوەوەیە کە پیاو لەم قۆناغەدا هەستدەکات هێشتا گەنجە و دەتوانێت ببێتە جێی سەرنجی ئافرەتان بەمەش ئەو دڵەڕاوکێیە لەخۆی دوور دەخاتەوە کە لەئەنجامی سەرکەوتنی تەمەن و دەرکەوتنی هەندێ جۆری نەخۆشی تایبەت بە گەورە ساڵییەوە لێی دەرکەوتووە.

 

© 2017 Hawler