شوبات 28, 2021

تواناسازيی ئافرەت لە بازاڕی كاردا

نەسرین حەسەن

 

 

كاتی خۆی لە قوتابخانە وانەیەكی پیشەیی هەفتانەمان هەبوو،  پیشەكانی كۆرو كچان جیاوازی هه بوو، پیشەی ئێمە بریتی بوو لە كاری  دەستی وەك، فەرش، چنین و دروومان، دروست كردنی خشل و كەلوپەلی رازاندنەوە، زۆر حەزمان

لەو وانەیە بوو، چونكە توانا و حەز و سەلیقەی خۆمان بە كار دەهێنا، بۆ ئەوەی جوانترین شت دروست  بكەین.

تواناسازی ئافرەت یەكێكە لەو بنەما سەرەكییانەی كە رۆڵ و كاریگەری زۆری لە بەرەوپیشبردنی وڵات لە رووی ئابووی هەیە ، بەڵام ئافرەت  بۆ ئەوەی پەرە بە توانای خۆی لەو بوارەدا  بدات و رۆڵێكی كاریگەری  لە بازاری كار دا هەبێت، پێویستە بە سەر شەرم و ترسی خۆیدا زاڵ بێت،  كردەوە و وتەكانی لە هەستی بڕوا بەخۆبوونەوە سەرچاوە بگرێت، توانای  هەڵسەنگاندنی دروستی هەبێت  و بە تەواوی خۆی بناسێت و زانیاری لە ئاست توانایەكانی خۆی هەبێت  ولەگەڵ رووبەرووبوونەوەی  ئاستەنگەكان، هەوڵی چارەسەركردنی بدات،  ئامانجەكانی دیاریكراو بێت و توانای بەكرداری كردنی هەبێت و بە بەرزكردنەوەی ئاستی  توانای خۆی بە ئامانجەكانی بگات. لە لێكۆڵینەوەیەك كە  لە بواری  بەشداری و رێكارە سەرەكییەكانی توانا سازی ئافرەتان ئەنجامدراوە ،ئاماژە بەوە دەكات، " كە ئافرەتان وەكو كارەكتەرێكی گرنگ پێویستە زۆرتریان بەشیان هەبێت لە بەشداریكردنیان لە كاروبارە جیاوازەكانی كشتوكاڵ، ئابووری  و كۆمەڵایەتی و تەنانەت لە رووی هێزی مرۆیيەوە، ئەمەش بە هۆكاری ئەوەی كه  بێ‌ بەشداری ئافرەت،  گەیشتن بە پەرەپێدانی ئابووری وڵات زۆر ئەستەمە." "ساندرا مارتینز" بەرێوەبەری كار و پیشە  لە بواری نەستەلە/ بەشی شیرینی و شكۆلاتە لە جیهاندا دەڵێت:  ئێمە بڕوامان بەوە هەیە كە شێوازە جیاوازەكانی بیركردنەوە  تەواوكەری یەكترن و دەبنە هۆی ئەوەی بڕیاری باشتر بدرێت، بە واتایەكی تر هاوسەنگی رەگەزی مانایەكی پڕبەها بە كارو پیشە دەبەخشێت  و گرنگترین كاریش كە پێویستە لەو بوارەدا ئەنجام بدرێت، برەودانە بە تواناسازی ئافرەت.

ئافرەت بۆ وەگەڕخستنی توانای خۆی  بەردەوام  لەگەڵ نەریتی كۆمەڵایەتی پیاوانە له بازاری كاردا لە ململانێدایە،   بۆیە وێرای هەموو بەربەستەكان هەوڵ دەدات لە بازاری كاردا رۆڵی هەبێت.  كاری دەستی  بەشێكە لە  تواناسازی ئافرەت كە خۆی خاوەنكار و سەربەخۆیە،  حەز و سەلیقە و توانای خۆی بەكاردێنێت،  لە هەموو جیهانیشدا كاری دەستی پیشەیەكی پڕبەها و بەنرخە و پێویستە لە بازاركردنی پاڵپشتی  زیاتر بكرێت.

 

© 2017 Hawler