ئازار 04, 2021

خوێندنەوەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان

سیامند سێلکی

 

ئەگەر دوور لەڕق و کینە و بەپێوەری زانستی و لوژیکی، خوێندنەوە بۆ ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی کوردستان بکەین، کە وەکو وەڵامێک بوو بۆ لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق. ئەوە دەگەینە ئەو باوەڕەی کە ڕوونکردنەوەکە لەم کات و ساتەدا هەلۆیستێکی ژیرانەیە. کە دەڵێین هەلۆیستێکی ژیرانەیە، لەبەر ئەوەیە کە لەڕوونکردنەوەکەدا جگە لەباسکردنی هۆکارەکانی هەرزانی نرخی نەوتی کوردستان، کە پەیوەندیان بەدژایەتیەکانی بەغداوە هەیە بەرامبەر سیاسەتی نەوتی کوردستان. سێ خالی گرنگ لەڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەیان پێ کراوە، یەکەمیان ئەوەیە، کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، وەکو مافێکی دەستوری هەرێم، داکوکی لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەدەرهێنان و فرۆشتنی نەوت مافێکی دەستوری هەولێرە و، داوای بەغدا بۆ ڕادەستکردنی نەوت نادەستورییە. دووەمیان ئەوەیە، کە بەڕوونی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە کەرکووک و کێلگە نەوتیەکانی کەرکووک بەگوێرەی مادەی سەد و چلی دەستور، بەشێکن لەناوچە کێشە لەسەرەکان، بۆیە ناکرێت بەغدا یەکلایەنە و پێچەوانەی دەستور سەرەدەری و مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. خالی سێیەمیش ئەوەیە، کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەولێر ئامادە نییە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئۆپێک دا لەمافی خۆی خوش بێت و بەرهەم هێنانی نەوت کەم بکاتەوە. بەلکو پێویستە بەغدا ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت کەم بکاتەوە. ئەم سێ خالە لەم کات و ساتەدا لەدوو ڕووەوە بۆ کورد گرنگی خۆیان هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە وەکو گوشارێکی سیاسی یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لایەنە شیعەکان نەتوانن پشکی کورد لەیاسایی بودجەدا ڕەد بکەنەوە. دووەمیش ئەوەیە کە حکومەتی کوردستان لەڕێگای ئەم ڕوونکردنەوەیەوە جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە سازش کردن لەسەر مافە دەستوریەکانی کورد قابلی گفتوگۆ نییە و پارێزگاریان لێ دەکات. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بێژین ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەم کات و ساتەدا بەهەموو پێوەرێک هەلۆێستێکی ژیرانەیە و خزمەت بەبەرژەوەندییە باڵاکانی کورد دەکات و یارمەتیدەر دەبێت تا نوێنەرانی کورد لەبەغدا بەهەلۆێستێکی بەهێزتر لەجاران درێژە بەگفوگۆکانیان بدەن.
مخابن ئەوەی جێگای سەرنج و هەڵوەستە لەسەر کردنە، ئەوانەی ماوەیەکی درێژە شانبەشانی هەندێ مەزهەبگەرا و هزری شۆڤینزمی عەرەبی سەنگەریان لەقەوارەی فیدرالی کوردستان گرتووە، وەکو هەمیشە و بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک لێکدانەوە ناڕاست و ناواقعی بۆ ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامان سروشتیەکان دەکەن و هەوڵدەدەن وا لای خەڵک وێنا بکەن کە ئەم ڕوونکردنەوەیە دەبێتە هۆی ئەوە کەپشکی کورد لەپەرلەمان دەرباز نەبێت. هەر بەهەمان ئەقڵیەت و بیرکردنەوە و لەچوارچێوەی ئەو ئەجێندا دەرەکیەی خزمەتی بۆ دەکەن، داوا دەکەن هەولێر بێ قەید و شەرت نەوت ڕادەستی بەغدا بکات! بێ گومان ئەوانەی بەم بیرکردنەوەیە لێکدانەوە بۆ ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکەن و پێیان وایە دەبێتە هۆی ئەوە کە پشکی کورد لەپەرلەمانی بەغدا دەرباز نەبێت ! بەر لەهەر کەسێکی دیکە باش ئەو ڕاستیە دەزانن کە برسیکردنی کورد لەلایەن بەغداوە هیچ پەیوەندیەکی بەسیاسەتی نەوتی کوردستانەوە نییە، بەڵکو ئەوە ئەقڵیەتی نکۆڵیکردنە لەمافە دەستوریەکانی کورد، کە پاڵ بەهەندێ هێز و لایەنەوە دەنێت کەپیلان دژی قەوارەی فیدرالی و دەسکەوتەکانی کورد بەگشتی بەڕێوە ببەن. بەڵام بۆ شەرعیەتدان بەڕۆلی ناجوامێرانەیان لەو پیلانانەدا ناچارن بەنیەتی پاساو هێنانەوە بۆ سیاسەتی برسیکردن دژی کورد بەم شێوەیە و دوور لە لۆژیک و ئەقلانیەت لێکدانەوە بۆ پێشهات و ڕووداوەکان بکەن.

© 2017 Hawler