ئازار 04, 2021

حەمەسەعید حەسەن

 

٣٩

ئێمەی کورد بێجگە لە تابووری پێنجەم کە بە پلەی یەکەم لە ئیسلامییەکان پێک دێت و تاژیی (کونەماسی)ین و ڕاو بۆ (جڕتاوا) دەکەن، تابووری (پازدەیەم)یشمان هەیە، کە گوایە نوێنەری هەرێمن لە بەغدا و دەبوو لەوێوە داکۆکی لە کوردستان بکەن، کەچی پێی دەگەفن. سەروەختی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا کە ١٩٣٦ هەڵگیرسا، ئێمیلیۆ مۆلا فەرماندەی لەشکری سەر بە جەنەڕاڵ فرانکۆی فاشیست دەبێت، کە لێی دەپرسن: لەو چوار هێزەی بەرەو مەدرید بەڕێوەن، کامیان داگیری دەکات؟ دەڵێت: هیچ کام لەو چوار هێزە ڕزگاری ناکەن، هێز (تابوور)ی پێنجەم کە لە مەدریدن و بە نهێنی لە دژی کۆمارییەکان تێدەکۆشن، ڕزگاری دەکەن.

تابووری پێنجەم بەکرێگیراوی (ناوخۆ)ن، بەشداری لە پیلانێکدا دەکەن کە لە (دەرەوە) بەڕێوە دەبرێت و هەر کە فەرمانیان پێ کرا دەجووڵێن. گیاکەڵە گیایەکی مشەخۆرە، لە ڕەگی تووتن و تەماتە بئاڵیت، وشکی دەکات. ئیسلامییەکان گیاکەڵەی کێڵگە و بێستانی ناوخۆن و چییان پێ بکرێت لە دژی بەرژەوەندیی کوردستان دەیکەن. بۆچی لای بەشێک لە کورد، ناپاکی لە نیشتمان وەک ئاوخواردنەوەی لێ هاتووە و لە هەرێم بن یان لە بەغدا، سڵی لێ ناکەنەوە؟ چونکە دەیان ساڵە لە ناپاک خۆش دەبین.

تابووری پێنجەم لە ئیسپانیا بە نهێنی پشێوییان دەنایەوە، پازدە پەرلەمانتارە ناپاکەکەی بەغدا و ئیسلامییەکانی کوردستان، بە عالەمی ئاشکرا دژایەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەگەر پازدە پەرلەمانتارە (کورد)ەکەی بەغدا، خۆیان بە ناحەزانی وەتەن نەفرۆشتووە، ئەوە چییە وای کردووە، ڕەخنەی دۆستانەیش لە کاربەدەستێکی بەغدا ناگرن؟ کەس گوێی لێ بووە، یەکێک لەو پازدە فورسانە، لە دژی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، (جریوە)یەکی لێوە هاتبێت؟

تورک شکۆی سێ وڵاتی عەرەبیی ڕووشاندووە: عێراق، سووریا و لیبیا.
فارس شکۆی چوار وڵاتی عەرەبیی بریندار کردووە: عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن.
جوو شکۆی پێنج وڵاتی عەرەبیی شکانددووە: فەلەستین، سووریا، ئوردن، میسر و لوبنان.
کەچی عەرەب پەلاماری دێهاتی کوردستان دەدەن و پازدە شۆڕەسوارەکەی بەغدایش بێدەنگییان هەڵبژاردووە، گوایە بێدەنگییش هەڵوێستە!

© 2017 Hawler