شوبات 28, 2021

ئافرەتان و پرۆسەی سیاسی

د. مەیادە نەجار

 

یەكێك لەسیما مۆدێرنەكانی جیهان، بەشداری كارای ئافرەتانە لەسەرجەم سێكتەرەكان بەتایبەتی هەردوو سێكتەری سیاسی و دیپلۆماسی كە دوو سێكتەری هەستیارن، تەنانەت بەشداری سیاسی ئافرەتان بۆتە زەروورەتێك لەزۆربەی ولاتانی جیهاندا بەگرنگیەوە ئەم دۆسیەیە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ، لەسەرجەم وڵاتاندا بەگوێرەی ئاستی ئەو دەوڵەتە كار لەسەر پرسی سیاسی ئافرەتان كراوە، بەڵام ئەوەمان لەیاد نەچێت بەشداری ئافرەتان لەپرۆسەی سیاسی، چەندە پەیوەستە بەگرنگی پێدانی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەوەندە پەیوەستە بەنەریتی كۆمەڵایەتی بەشداری ئافرەتان لەپرۆسەی سیاسیدا، چونكە نەریتی كۆمەڵگە سەرەكیترین بەربەستی بەردەم بەشداری ئافرەتانە لەپرۆسەی سیاسیدا، بۆیە ل ەم روانگەیەوە پێویستە كاری سەرەكی لەسەر پرسی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵایەتی و هزری تاكەكان بكرێت، چونكە هەتا هەنگاوەكان لەچوارچیوەی هۆشیاری كۆمەلایەتیدا سەركەوتوو نەبێت، ئەوا ئەستەمە بتوانین گۆرانكاری گرنگ لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی بكەین، واتا گرفتی سەرەكی كە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بەشداری ئافرەتان لەپرۆسەی سیاسیدا بابەتەكان زیاتر نەریتین و دەرهاویشتەی كەلتووری كۆمەڵایەتین.

متمانە بەتوانای ئافرەت ناكرێت

وەك لەپێشەوە باسمكرد، كۆمەڵگەی رۆژهەلات بەگشتی پیاوسالارییەو باوەڕی بەمافی ئافرەت و تواناكانی نیە، ڕەنگە گرفتێكی سەرەكی لەنێو كۆمەڵگە پیاوسالاریدا ئەوەبێت، هەمیشە گرنگی بەرەگەزی نێر دەدرێت و ڕەگەزی مێ فەرامۆش دەكرێت، متمانە بەتوانای ئافرەت ناكرێت، ئەمەش بەربەستێكی قورسە و دەبێتە رێگر لەبەردەم ڕەگەزی مێینەدا، تەنانەت باوەرنەبوون بەتواناكانی ئافرەت كاری كردۆتەوە سەر خودی رەگەزی مێینە، بەجۆرێك ئەگەر ووردبینەوە ئەوا دەبینین لەزۆربەی كۆمەڵگە پیاوسالارییەكاندا، كەمترین دەرفەت بۆ ئافرەتان لەسێكتەرە هەستیارەكانی وەك : ( سێكتەری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری ) رەخسێنراوە، بەشێكی هەرە زۆری ئافرەتان تواناكانیان پەراوێزخراون.

ئافرەتانی كورد

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئافرەتانی كورد بە بەراورد بەئافره‌تانی تری ناوچەكە ڕۆڵ و پێگەیەكی باشیان لەبواری سیاسیدا هەیە، بەدرێژای مێژوو ئافرەتان لەپرۆسەی سیاسی بەشێكی گرنگبوون، بەشداری ئافرەت لەپرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان بە بەراوردكردنمان بەووڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەراست لەئاستێكی زۆر باشدایە، ئافرەتان جێپەنجەیان لەئاستی سەركردایەتی كردن و بەرێوەبردنی پۆستە ئیدارییەكان دیارە.

رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو هەنگاوی باشی بڕیوە و لە ئێستادا و بەتایبەتی لەكاتی قەیرانەكاندا دەتوانن رۆڵێكی كاراتر بگێڕن، ئەوەمان لەیاد نەچێت یەكەم هەنگاو كە پێویستە بۆ باشتركردنی رەوشی ئافرەتان بنرێت، هەنگاونانە بۆ دروستكردنی سیستەمێكی سەربەخۆی ئابووری بۆ ئافرەتان، چونكە بنیادنانی سیستەمێكی سەربەخۆی ئابووری بۆ ئافرەتان، كاریگەری بەرچاوی لە دەستەبەركردنی مافەكانیاندا دەبێت، بۆیە پێویستە پلانی بۆ دابنرێت و كۆمەڵێك كار بۆ ئافرەتان دەستەبەر بكرێت، تا لە هەموو روویەكەوە توانایان بەهێزتر بكات.

بێگومان لەلایەكی ترەوە گەلی كورد لەمێژە خاوەنی ئافرەتی سەركردە بووە، ژمارەیەك لە نووسەران و گەڕیدەكان و مێژوونووسانی رۆژئاوایی لە نێو پەرتووكەكانیاندا بە شێوەیەكی بەرفراوان باسیان لە رۆڵی ئافرەتانی كورد كردووە كە چۆن شان بە شانی پیاوان لەنێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا كاریانكردووە، تەنانەت توانیویانە سەركردایەتییەكی تۆكمەی كۆمەڵگە بكەن، لەوانە (عادیلەخانمی جاف و حەپسەخانی نەقیب قەدەمخێر و خانزادی میری سۆران).

ئەوانەو چەندان ئافرەتی بەتوانای دیكەمان هەبووە كە لە لاپەڕەكانی مێژوودا باسكراون، رەنگە ئەم رۆڵەی گەلی كورد بە ئافرەتی بەخشیوە لەو كاتەدا گرنگیی زۆری بۆ رۆڵی ئافرەت دروست كردووە.

هەماهەنگی رێكخراوەكان

یەكێك لەو هەنگاوانەی بۆ برەودان بەتواناكانی ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهان دەدرێت و تارادەیەكی باشیش لە بنیاتنان و بەهێزكردنی تاكه‌كاندا سەركەوتووبووە، گرنیگدانە بەرێكخراوەكانی كۆمەلگەی مەدەنی دروستكردنی هەماهەنگیە لەنیوان رێكخراوكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی پلانە ستراتیژییەكانی بوار تایبەت بەئافرەتان، ئەوەی گرنگە لەم قۆناغەی ئێستادا رێكخراوەكان دەتوانن زیاتر كار لەسەر بەرەوپێشچوونی رەوشی ئافرەتان بكەن و گرنگی زیاتر بەرۆڵ و پێگەیان بدەن، هەروەها پێویستە رێكخراوەكان بەهاوبەشی لەگەل دامەزراوە پەیوەندیدارەكان كارەكانیان زیاتر بكەن و هاوكاری یەكتربن بۆ چارەسەری تەواوی پرسەكانی ئافرەتان.

لەكۆتایدا چەند ئەنجامێك دەخەمەروو بۆ زیاتر گرنگیدان بەتواناكانی ئافرەتان و پیشخستنینان:

-  رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن باشترین رۆڵ لەپیشخستنی تواناكانی ئافرەتاندا بگێڕن، بەتایبەتی لەرێگە هەلمەتەكانی هۆشیاركردنەوەی كۆمەلایەتیەوە.

-  پێویستە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەماهەنگی لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن، بۆ نموونە پیوستە سەرجەم ریكخراوەكانی تایبەت بەئافرەتان هەماهەنگیان لەگەل وەزارەتی تەندروستی یان وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی یان هەر وەزارەتێكی تر تایبەتمەند هەبێت.

-   ئەنجامدانی هەڵمەتی بەرفراوانی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و دەروونی وەك یەكێك لەپرەنسیپە گرنگەكانی پیشكەوتنی ئافرەتان، بەتایبه‌تی هۆشیاركردنەوەیان سەبارەت بەو یاسایانەی كەپەیوەستن بەئافرەتانەوە.

- میدیایی تایبەتمەند یەكێك لەهەنگاوە گرنگەكانی پیشكەوتنی مرۆڤایەتی دروستكردنی میدیایەكی تایبەت بەبوارێكی دەستنیشانكراوە، لەوانە میدیای تایبەتمەند بەئافرەتان وەك كەنالیكی تەلەفزیۆنی یان رۆژنامە یان گۆڤار یان سایتی ئەلكترۆنی.

- پێویستە لەرێگەی پرۆگرامەكانی خوێندنەوە كار لەسەر هاندان و پێشخستنی تواناكانی ئافرەتان بكرێت.

© 2017 Hawler