کانونی دووەم 25, 2021

لە پەنجەرەی هەولێرەوە

پشکۆ نەجمەدین

 

نان و ئازادی.. مەلا بەختیاریش!
34

مەلا بەختیارم، وەکو نووسەرێکی سیاسیی دیار و یادەوەرنووسێک مەبەستە، نەک سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکەی لە هەموو سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ماندووتر!
نازانم کێ بۆ یەکەم جار، دەستەواژەی "نان و ئازادی" و دابینکردنیانی بۆ نووسەران، وەکوو پێشمەرجی بەردەوامیی پرۆسەی داهێنانی نووسین و ئەدەب، بە پێویست زانیوە، بەڵام ئەوە دەزانم کە ئەم دەربڕینە، لە هەر دیدار و کۆبوونەوەیەکدا، لەگەڵ نووسەران و ڕۆشنبیراندا، وێردی سەر زمانی مامجەلال بووە!
ئێستا با "نان" بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، وەلا نێین، بەڵام ئازادی..
ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین، تاوڵی بەرهەمهێنانی تێکستە ناوازە و باڵاکان، ناکرێت دەستبەرداری ببین.
کتێبی "لەبری یادەوەری"، ڕەنگە لە ڕووی میتۆد، ستاییل، زمان و ڕێنووسەوە، تێکستێکی باڵا نەبێت، بەڵام لە کایەکانی نووسین و یادەوەرینووسیندا، بایەخ و پێگەی خۆی هەیە و نووسەر لە ڕێڕەوی ئازادیی ڕادەربڕیندا، مافێکی سروشتیی خۆی هەیە!
ئێستا سەرکردەیەتیی یەکێتی، بازنەی نووسین و ڕادەربڕینی لە مەلا بەختیار، بە سزادان، تەسک کردووەتەوە!
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەردەمی خەباتی شاخدا، هەرگیز نەیتوانی دروشمی "نان و ئازادی"، مەبەستم ئازادیی سیاسی و بیر و بۆچوونە، دەستبەر بکات و کارەساتی بۆ تێکۆشەرانی ئەم پێناوە، ساز کرد!
ئێستا، لە سەردەمی حوکمڕانیی شاردا، هەق وا بوو، ئەم سەرکردەیەتییە نوێیە، بە فراوانکردنی بازنەی ئازادییەکان، لە هەوڵی سڕێنەوەی ئەو پەڵە ڕەشانەی مێژووی یەکێتی بێت، نەک لە کرداردا، جەختیان لەسەر بکاتەوە!
ئەوی مەلا بەختیار، لە گێڕانەوەی مێژووی یەکێتی و کۆمەڵەدا، لە دووتوێی "لەبری بیرەوەری"دا تۆماری کردوون، تەنیا خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانەیە بۆ مێژووی یەکێتی و بە نەفەسێکی یەکێتییانەش نووسیویەتی!
دەبوو لەبری مەلا بەختیار، لیژنەیەکی پسپۆڕی مێژووناس، بە فەرمان و چاودێریی سەرکردەیەتیی نوێی یەکێتی، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بۆ ئەو مێژووە کردبا، کادران و ئەندامانی خۆیان و خەڵکیشیان، لە دووبارەنەبوونەی ئەو سیاسەتە دژە ئازادی و دیموکراتییەی ئەوێ ڕۆژێ، دڵنیا بکردنایەتەوە!
پێم وا نییە، مەلا بەختیار، لە کتێبەکەیدا، شتێکی زیاتری لەو یادەوەرنووسانەی کە مێژووی کۆمەڵە و یەکێتییان خوێندووەتەوە، نووسیبێت. بۆیێ "لەبری یادەوەری"ی مەلا بەختیار، نە ئەو هەڵا بێمانایەی بزووتنەوەی گۆڕانی گەرەک بوو، نە سزادانی لە ماڵی یەکێتییەوە!
لە کۆبوونەوەی سەد و بیست ئەندامی سەرکردەیەتیی یەکێتیدا، ئەگەر پەنجا دەنگێک، دژ بەو بڕیارە نەبووبێت، ئەوە بۆ داهاتووی یەکێتی، ئاماژەیەکی پڕ مەترسییە!

© 2017 Hawler