کانونی دووەم 25, 2021

حەمەسەعید حەسەن

 

34

ئایا ئێمە لە شا شادۆستترین؟ ئەگەر نا، ئەدی بۆچی لە سعوودستان، ئیخوان موسلیمین لە لیستی تیرۆردایە و لای ئێمە لە پەرلەماندا دەنگی دلێرە؟ ئەگەر ئێمە لە شا سادۆستتر نین، ئەدی بۆچی لە سعوودستان، بەرهەمەکانی حەسەن بەننا و سەید قوتب و مەودوودی، قەدەغەن و لەکن ئێمە ئازادن. فیکری ئیخوان، فیکری کافراندنی ئەوی دیکەیە، ئیخوان کە نیازی تیرۆرکردنی کەسێکی هەبێت، سەرەتا وەک کافر بە کۆمەڵی دەناسێنێت، دواتر دەستی لێ دەوەشێنێت، فەرەج فۆدە وەک نموونە. ئیخوان لەگەڵ نەجیب مەحفووزیشدا هەمان تاکتیکی بەکار هێنا، لەسەر ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک کافراندیان و بە سەختی برینداریان کرد.

حەسەن بەننا لە ٢٢ی ئاداری ١٩٢٨دا، بە ئومێدی سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی، ئیخوان موسلیمین دادەمەزرێنێت، وەک سێزدە سەدە بە کەم بزانێت، بۆ تاقیکردنەوەی ئەو مۆدێلە لە حوکمڕانی. وەکوو چۆن بەعس ئەمینداری گشتی و سەرکردایەتیی نەتەوەییی هەبوو، لە هەر وەڵاتێکی عەرەبی ڕێکخستنی هەبووایە، دەبوو ملکەچی نەمینداری گشتی و سەرکردایەتی نەتەوەیی بووایە، ئیخوانیش لە هەر وەڵاتێکی ئیسلامی ڕێکخستنی هەبێت، فەرمان لە ڕێبەری گشتییەوە، لە سەرکردایەتیی ڕێکخستنی میسرەوە وەردەگرێت، ئاخر ئیخوانی میسر دایکی هەموو ئیخوانەکانی دونیایە.

ئیخوان لە هەڵەبجە، بە ئەمری لە قاهیرەوە هاتوو، کۆمۆنیستی ناچار دەکرد لە ژنەکەی جودا ببێتەوە، بەو پاساوەی کۆمۆنیست مافی ئەوەی نییە، ژنی موسوڵمانی هەبێت. ئیخوان هەر ئەوە نییە، بزاڤەکە ناوی برایانی موسوڵمانان بێت، یان بۆ چاوبەست داوای ڕیفۆرم بکات، هەموو بزووتنەوە ئیسلامییەکان، ئیدی نیانڕۆ بن، میانڕۆ بن، یان توندڕۆ، هەر لە بزووتنەوە و کۆمەڵ و یەکگرتووەوە، تا قاعیدە و بووکوو حەرام و داعش، هەر لە (پاڵتۆ)کەی حەسەن بەنناوە سەریان دەرهێناوە.

مەبەست لە ئایینە ئیبراهیمییەکان، بە پلەی یەکەم دینەکانی مووسا و عیسا و موحەممەدن، هەرچەندە ئۆلی دیکەی وەک مەندائی و بەهائییش دەگرێتەوە. (ماڵی خانەوادەی ئیبراهیمییەکان: پرۆژەیەکی ڕۆشنگەرییە لە ئیماراتەوە سەری هەڵداوە، بانگەشە بۆ کرانەوە بە ڕووی ئایینەکاندا دەکات،) ئاخر ئیخوان موسلیمین بە فێڵ دەزانن، چونکە هیچ مەرج نییە، تەنیا موسوڵمان برای موسوڵمان بێت، ئاخر موسوڵمان لەناو خەڵکانی سەر بە ئایینەکانی تریشدا برای هەیە. وەختی ئەوە هاتووە، ئەگەر سەلەفییەک بە ئێزدییەک، جوویەک یان گاورێکی گوت: کافر، سزا بدرێت. ئەگەری ئەوە لە ئارادایە، سعوودستان داوای لێبوردن لەو وەڵاتانە بکات کە لەشکری ئیسلام غەزووی کردوون و ژنانی بە تاڵان بردوون

© 2017 Hawler