کانونی دووەم 25, 2021

برایەتی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە

عومەر چنگیانی

 

گەرچی لەبەر نەخۆشی، سێ هەفتە لە کوردستاندا نەبووم و گوتاری هەینیم پێ ئامادە نەدەکرا، بەڵام لە داڕشتن و نووسینی گوڵخەرمانە حەفتانەکەم دانەبڕابووم؛ سپاس بۆ خوا هەینیەکەی ڕابرد، کە کردیە ٥ی رەبیعی دووەمی ١٤٤٢ی کۆچی بەرانبەر بە ٢٠ی نوڤەمبەری ٢٠٢٠ی زایینی، کە دەیکردە نەوەدویەکەمین گوتارمان لەسەر دوانگە پیرۆزەکەی (مزگەوتی خەدیجە کوبرا) بابەتی (برایەتی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە)، توێشووی گوتارەکانمان بوو و، لێرەدا پوختەیەکی وەک ئەو بەڕێزانە ئامادەیان کردووە دەکەمە توێشووی گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان. خوای گەورە لە دەیەمین ئایەتی سوورەتی (حوجورات)دا دەفەرمێت:

(بەڕاستی بڕواداران برای یەکترن؛ با هەوڵ بدەن لێک حاڵی ببن؛ براکانتان و یەک بخەن و پێکیان بگەیێنن؛ لە خوا بترسن و هیواتان وا بێت کە خوای گەورە لە گوناهانتان خۆش ببێت). کە گومان لەوە دا نییە ئەم داڕشتنە پڕ لە ڕەوانبێژییەی قورئان هەڵدەگرێت بە تەنها توێشووی چەندین گوتار بێت بۆ چەندین هەفتە نەخاسمە کە ئەمڕۆ نەک برایەتی بڕوا و هاوبیر و بۆچوونێتی، بگرە برایەتیی نێوان برای هەقوداگیش بە شێوەیەکی وا کاڵ بووەتەوە، خەریکە دەبێتە ئەستەم تێگەیشتن لەو دەقە پڕبەها ئایینییانەی وا کەسایەتیی تاکی بڕوادار دادەڕێژن، خۆ گومانیش لەوەدا نییە کە برایەتی لە پێناوی خوا مسوڵمانان لەسەر خۆشەویستی و سۆز و میهرەبانی کۆ دەکاتەوە، جێبەجێکردنی مافەکانی برایەتی بەرهەمی هەرە لە پێشەوەی برایەتیه لە پێناوی خوادا، بۆیە مسوڵمانان هاریکاری یەکتر دەکەن و لەسەر بنەمای چاکە و ئیحسان ئامۆژگاری یەکتر دەکەن و، پشتی یەکتر دەگرن لە پێناو خێروخۆشیی کۆمەڵگا و، لە هەواڵی یەکتر دەپرسن و بەدەنگ یەکترەوە دەچن، لە خۆشی و ناخۆشیەکانی یەکتر بەشدار دەبن، وەک دەبینین پێغەمبەر - دروودی خوای لێ بێت - دەفەرمێت:«المُسْلِمُ أَخُو المُسْلِمِ لاَ يَظْلِمُهُ وَلاَ يُسْلِمُهُ، وَمَنْ كَانَ فِي حَاجَةِ أَخِيهِ كَانَ اللَّهُ فِي حَاجَتِهِ، وَمَنْ فَرَّجَ عَنْ مُسْلِمٍ كُرْبَةً، فَرَّجَ اللَّهُ عَنْهُ كُرْبَةً مِنْ كُرُبَاتِ يَوْمِ القِيَامَةِ، وَمَنْ سَتَرَ مُسْلِمًا سَتَرَهُ اللَّه يوم القيامة» صحیح البخاری (3/ 128) واتە: (مسوڵمان برای موسڵمانە، غەدری لێ ناکا و پشتی بەر نادا، هەر موسڵمانێک کیشە و گرفتێكی برای مسوڵمانی خۆی چارە بکات، ئەوا خوای گەورە کێشە و گرفتی ئەو چارە دەکات، ئەگەر عەیب و عاری برای خۆی داپۆشێ ئەوا خوای گەورە کەموکووڕیەکەی ئەو دادەپۆشێ.

چەندین نموونەی جوانمان هەیە لە ژیانی هاوەڵان و لە ژیانی ئیمانداران کە چۆن بە کردەیی ئەم راستییانەی سەرەوەیان سەلماندووە.

هەروەها دەفەرمێت: (ئیمانداران وەکو خشتی ناو دیوار یەکتر بەهێز دەکەن و خۆڕاگر و یەکتری ڕاگر دەبن، جا پێغەمبەر - دروودی خوای لێ بێت - پەنجەکانی بە یەکەوە نووساند؛ ئیمانداران وەکو لق و چڵی دارەکان یەکتری بەهێز دەکەن و دامەزراو دەبن و کۆمەڵگاش بەهێز دەبێت).

گەنجینە و نیعمەتی برایەتی، بەخششێکی هەرە گەورەیە کە خوای گەورە دەیداتە بەندەکانی:

ئیمامی عومەر دەفەرمێ: هیچ بەندەیەك لە دوای ئیسلام دیاری و بەخششێکی هێندە گەورەی وەرنەگرتوە بە قەد برایەتی. هەرکەسێك بوو بە برای کەسێك با دەست بەو برایەتییەوە بگرێ و لەدەستی نەدات.

برایەتی و مرۆڤایەتی لە سۆنگەی ئیسلامەوە:

(جابڕ بن عبد الڵه) بۆمان باس دەکا کە جەنازەیەك بەلای ئێمە تێپەڕبوو، پێغەمبەری خودا (صلی الله علیە وسلم) لەبەری هەستاوە وەکو ڕێزلێنان، دواتر هاوەڵان فەرموویان: ئەی پێغەمبەری خودا! ئەوە جوولەکەیە چۆن لەبەری هەڵدەستیەوە؟ ئەویش فەرمووی: ئەگەر جوولەکەش بێت، لەبەر ئەوەی مرۆڤە پێویستە ڕێزی بگرین و لەبەری هەڵبستینەوە.

بەرهەمی بوون بە برا:

1- ڕەزامەندی خودای گەورە؛ چ وەکو مسوڵمان ڕێزی برایەتی بگیرێت یان لەگەڵ هەموو مرۆڤێك کە شایستەی ئەوەیە یارمەتی بدرێت و هاریکاری بکرێت.

٢- گەیشتن بە شیرینی ئیمان و باوەڕداری.

3- خوای گەورە سێبەری تایبەتیان بۆ دروست دەکات لەڕۆژی دواییدا.

 

© 2017 Hawler