کانونی دووەم 25, 2021

قەرەیلان چەواشەکاریی نەبیستراو ئاشکرا دەکات!

هەولێر

 

مراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پەکەکە بە نەفەسێکی تێکشکاوەوە، وەک نەریتی هەمیشەیی پەکەکە، حاشا لە خەباتی کورد لە بەشەکانی کوردستان دەکات و بە عەقڵیەتێکی پاوانخوازییەوە سێبەری خۆی گەورە دیتووە و هاتووە حزبەکان و خەڵکی کوردی بەشەکانی کوردستان ئامۆژگاری دەکات.
ئەو قارەمانەی ژێرزەمینەکانی قەندیل و ئاکتەری سەر شاشەی تیڤییەکان، لە بەرنامەیەکی تایبەتی یەکێک لە تەلەفزیۆنەکانیاندا، گوایە(زانیاریی نەبیستراو ئاشکرا دەکات) لێ قسەکانی نەبیستراو نەبوون، بەڵکو پڕ بوون لە چەواشەکاری، بوختانبوون بە زیندووەکان و بەشێكیشی درۆی پاش مردوو بوون، بەوەش نەوەستا، بە ناوی دەوڵەتێکی وەک ئەمریکاشەوە سیناریۆی سەیر و سەمەرە دەهۆنێتەوە، گوایە،( لە دوای شەڕی کوەیت، ئەمریکا پەکەکەی بە یەکێک لە دەمڕاستەکانی کورد ناسیوە و داوای کردوە لە تەک پارتی و یەکێتی نوێنەریان بنێرنە واشینتۆن!؟).
ئاخر پەکەکە لەوەتەی هەیە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.هەر ئەو ئەمریکایەی قەرەیلان درۆی بەناوەوە دەکات، نها بە نەزمی لیستی داواکراوانی وەک سەرکردەکانی قاعیدە و داعش، خەڵاتی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ ئاشکراکردنی ئەشکەوتەکەی قەرەیلان خستۆتە بازاڕی ڕەشەوە.. ئەوە دەبێ ئەمریکا خۆی وەڵامی ئەو زانیارییە گوماناوییەی ناوبراو بداتەوە.
ئەمە پرسیاری هەر کوردێکی نیشتمانپەروەرە، ئایە پەکەکە لە کوردستانی عێراقدا بە دوای چ خەونێکی نەزۆکدا دەگەڕێت؟ قەرەیلان ئەم حکایەتە بێ پوولە، بۆ کێ دەگێڕێتەوە؟ بۆ خەپاندن و خەڵەفاندنی ئەو مێرمنداڵانە دەئاخڤێ، کە ڕۆژانە دەیانڕفێنن و دایک و باوکیان جەرگسۆت و سەرگەردان دەکەن؟
ساڵی ٢٠١٤ هەر ئەو سەرکردە دۆنکیشۆتە بە دەنگی گەورەی ناوەڕۆک بۆش، وەک گیڤارا پەنجەی دەوەشاندو هاواری دەکرد، دەیگوت: ئاگر لە تورکیا بەردەدەین و دەیکەین بە کڵپەی ئاگر! کەچی ئەوساو ئێستاش خۆیان لە کونەتەیارەکانی ناو چیاکان شاردۆتەوەو پەیامی ئاگرین بۆ کورد بەکوشتدان دەدەن، بوونە ئۆباڵی كاولكاریی سەدان گوند و شارۆچكەی كوردستانی باكوور و، لێرەش شەڕ بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشن و ئەو لاوانەی بە دروشمی بەتاڵی پەكەكە فریویان خواردووە و بوونەتە چەكداری ئەو سەركردە سەلێشێواوانە، ئێستا کراونەتە پووشووی ئاگرێك، بۆ سووتاندنی دەسكەوتەكانی خەڵکی هەرێمی كوردستان، ئەو ئاگرەی لە دوور یا نزیکەوە سەری سەركردە گەریلافرۆشەكانی پەكەكە دەخوات.
ڕووقایمی ئەوەیە، خاکی هەرێمی کوردستانیان داگیرکردووە، سەدان گوندوئاوەدانیان وێران کردووە و خستویانەتە بەر ڕەحمەتی تۆپ و تەیارەی وڵاتانی ئیقلیمییەوە، لە ساڵی (١٩٩٢)دا پێش دوژمنانی کورد، نەفیرعامیان بۆ لەناوبردنی ئەزموونی ساوای پارلەمان و حکوومەتی کوردستان ڕاگەیاند و لە شەڕێکی ناڕەوای سەپێنراودا هەزاران پێشمەرگەو خەڵکی سڤیلیان کردە قوربانی.
ئەمەیە مێژووی پەکەکە، نەک ئەوەی قەرەیلان باسی دەکات، بەڵێ مەشقپێکراوانی دوێنێی بیقاع و دابەستەکانی ئەمڕۆی قەندیل بۆ ڕەوایەتیدان بە هەبوونی ناشەرعیان لە هەرێمی کوردستاندا، دەیانەوێت، دنیای واقع لەگەڵ خەیاڵە پووچەکانی ناو زھنی خۆیاندا بگونجێنێنن وشانۆگەریی کۆمیدی لە وەھمزەدەگی و خەیاڵپڵاویان دەرخواردی خەڵکی کوردستان بدەن.
قەرەیلان ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانی عێراق، بە کاریگەریی پەکەکە دەزانێت و پێی وایە: هەموو بزووتنەوەو شۆڕشەکانی کورد لە سێبەری سیاسەتی دیماگۆگیانەی خۆیاندا بووە، لە وەختێکدا هەموو کوردی بەشەکانی کوردستان لەم مێژووە هاوچەرخەدا چاوکراوە و هۆشیارن.
ئاخر حزبێک لە ٤٢ ساڵی مێژووی خۆیدا، ٤٢ مەتر خاکی باکووری کوردستانی ڕزگار نەکردبێت، لافی چی لێدەدات؟!پەکەکە دەیەوێت ئەو قەناعەتە لای خەڵکی خۆیان درووست بکات، کە لە چییاکانی سوورێن و شارباژێڕەوە دەتوانێ ئەنقەرە بڕووخێنێ! ئەوەیە خەیاڵپڵاوی و سیاسەتی چەواشە.
سەرکردەکانی ئەو حزبە لە باتی داوای لێبووردن لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن، کەچی سەرئێشەی بۆ درووست دەكەن و لە بری ئەوەی ڕووی گوتار و خەباتەكەیان لە داگیركەری زێدی لەدایكبوونیان بێ، بوونەتە دوژمنی قەستەسەری ئاڵای كوردستان و شكۆی كوردایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.
شۆڕش و جووڵانەوە ئازادیخوازییەکانی کوردستانی عێراق لە سەردەمی پاشایەتییەوە هەر گەشەسەندووبووە، بە توندی دژی هەوڵەکانی حکوومەت و پەراوێزخستن وتواندنەوەی نەتەوەیی بووە، لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق کوردانی ئەم بەشە، لە خەباتدا دابوون شەڕیش بەردەوام هەبووە، ئەمەش (عصبة الأمم)ی ناچار کرد گوشار بخاتە سەر عێراق کە ئەگەر سەربەخۆیی عێراقیان دەوێت، دەبێ لە دەستووردا، مافی کورد دیاری بکرێت، لە زەمانی پاشایەتییەوە ئەمە لەدەستوور نووسرا.
ئەوە بوو شێخ مەحمودی حەفید، دەوڵەتی کوردستانی راگەیاند. شێخ عبدولسلام لە سێدارەدرا، شۆرشی بارزان دەستی پێکرد، ئەو دەستوورەی کە لە سەردەمی عبدولکەریم قاسم نوسرا، لە مادەی( ٣ )دەڵێ: کوردو عەرەب لەم وڵاتەدا شەریکن. شۆرشی ئەیلول ودەستکەوتەکانی، دانوستاندنەکانی و مافی لامەرکزی لە ساڵی ١٩٦٣دا، مافی ئۆتۆنۆمی ساڵی ١٩٧٠ . کە پارتی بەسەرۆکایەتی بارزانیی نەمر بەشێکی باشی لە ماف و ئازادییەکان بۆ کورد بە دەست ھێنابوو، ئەو سەردەمە، مراد قەرەیڵان ولووت بەرزەکانی پەکەکە، هێشتا نە کەوتبوونە گڕوگاڵ، بەڵکو گاگۆڵەشیان نەدەکرد! ئەمانە هەموو دەستکەوت وسەروەرییەکانی خەڵکی کوردستانی عێراقن، لە مێژوودا تۆمارن، ئەی با بپرسین، کوێخاکانی قەندیل چییان لە دەستووری وڵاتەکەیاندا بۆ کوردانی باکوور دەستەبەر کردوە، جگە لەوەی كە زیاتر لە هەشتا كورسیی پەرلەمانیی بەرهەمی خەباتی مەدەنیی كوردەكانی تورکیایان بەفیڕۆ دا؟
سەبارەت بە ڕۆژگاری ڕاپەڕینیش ساڵی ( ١٩٩١) کە خەڵکی رانیە ڕاپەڕینی کرد، ھەر نەیاندەزانی پەکەکە چییە! ئەم ڕاپەڕینە خواست و ئیرادەی لە بننەهاتووی خەڵکی کوردستان بووە . بۆیە هەموو کوردێک بۆی هەبێ شانازیی پێوە بکات، سەرانی پەکەکە دەبێ ڕووی خۆیان ڕەش بکەن و وەک نەعامە سەری خۆیان بخەنە ژێر لم، ئینجا باسی ئەو قۆناغە پڕ لە شەرمەزارییەیان بکەن، لە ئاست ئەو ڕۆڵە ناجوامێرانەیان، لە بەرامبەر خەنجەروەشاندنیان لە پشتی گەلی کوردستان، کە ڕووی داگیرکەر و دوژمنانیان سپی کردوەوە، ئەوان یەکەمین هێز بوون، شەڕی بەوەکالەتیان بەسەر یەکەم ئەزموونی کوردی پارلەمان و حکوومەتی کوردستانی عێراقدا سەپاند.
لە کۆتاییدا پێویستە مراد قەرەیلان و سەرانی حزبەکەی دەرسی کوردایەتی و خەباتی نەتەوەیی لە پارتی و حزبە ڕەسەن و شۆڕشگێڕەکانەوە فێربن، نەک ئامۆژگاری بکەن.
خەڵکی هەرێمی کوردستان هیچیان لە پەکەک ناوێت. تەنیا داوایان لێ دەکەن، دەستێوەردان لە کاروبارو ژیانیان نەکەن و چیتر نەبنە داردەستی بێگانە و بەرژەوەندیی و دەستکەوتی نەتەوەیی نەفرۆشن.

© 2017 Hawler