تشرینی دووەم 26, 2020

سوتاندنی ئاڵای كوردستان پێویست بوو

بەهەموو پێوەرێك سوتاندنی ئاڵای كوردستان پێویست بوو، ئەمە بەو مانایە نا كە لایەنی كوردی خۆی بەرنامەی بۆ دانابێت، بەڵكو بەو مانایەی كە سوتاندنی ئاڵای كوردستان واقیعێكی نوێی لەكوردستانیش و لەبەغدا و تەنانەت لەئەمریكاش هێنایە ئاراوە.

ڕووداوی سوتاندنی ئاڵای كوردستان، جیاوازبوو لە هەموو ڕووداوەكانی تری مەشهەدی سیاسی عێراق. چونكە یەكەمجارە سوتاندنی ئاڵا كاردانەوەی فراوانی بەو ڕادەیە لێ بكەوێتەوە. بەو ئەندازەیەی كەلەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە ئیدانە كرا، تەنانەت وەك مەترسی هەڵایسانی جەنگی ئیتنیكی فراوان لێكدرایەوە!.

لەعێراقدا سوتاندی ئاڵای حیزب و لایەنەكان بووەتە دیاردە، سوتاندنی بارەگا و تەنانەت ماڵی سەركردەو كادیرە سیاسی و حكومییەكان، بەشێوەی ڕۆژانە دەبینرێن. بەتایبەتی لەدوای ئەوەی خۆپیشاندان لەلایەن هێزە دەرەكییەكانەوە بۆ گەیاندنی مەسیجی جۆراوجۆر بە نەیارەكانیان بەكارهێنرا، ئیدی سوتاندن هاتە كایەوەو، ڕەنگە توندترین پەیامی لایەنێكی دەرەكی بۆ لایەنێكی تر، لەڕێی سوتاندنەوە بگەیەنرێت!.

لەم پانتاییەدا سوتاندنی ئاڵای كوردستان بوو بە خاڵی وەرچەرخان. سوتاندنی ئاڵای كوردستان هێڵێكی سوربوو كە لایەنگرەكانی حەشدی شەعبی تێیكەوتن، ڕەنگە یەكێك لەو تەڵە ترسناكانە بێت كە زۆرێك لەچاودێرانی سیاسی و شیعەناسەكان، پێیان وانەبووبێت بەئاسانی سپۆنسەرەكانی حەشدی شەعبی بكەونە نێویەوە، بەڵام دواجار تێی كەوتن!.

ئیستا دەبێت مامەڵە لەگەڵ دەرهاویشتە نزیك و مام ناوەندەكانی ئەو ڕووداوەدا بكەین و چیتر پێویست ناكات لە دووی هاندەر و هۆكارەكانی دەستبردن بۆ ئەو كارە بچین.

سوتاندنی ئاڵای كوردستان بوو بە هۆكاری یەكخستنی هەڵوێستی تەواوی هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەكانی كوردستان و، كاریگەرییەكەی بەڕادەیەك بوو لەپارچەكانی تری كوردستانیشەوە، وەك لە پەیامەكانی "حدكا" و "مەزڵوم عەبدی"ش بینیمان، هەستی كوردانی هەرچوار پارچە بە قووڵی برینداركرا. ئەو برینەش هەموانی یەكخست.

ئەو هەڵوێستە هاوبەشە گرنگترین پەیام بوو بۆ نەیارانی كورد و داگیركەرانی كوردستان، كە سەرباری هەموو ناكۆكی و نەهامەتییەكان، هێشتا كورد بۆ پاراستنی شكۆی ئاڵا و سیمبولەكانی، ئامادەی بەرەنگاری سەرتاسەرییە!.

گرنگی ئەم پەیامە دوو لێكەوتەی كاریگەری هێنایە پێشەوە، یەكەمیان كاردانەوەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكابوو، دووەمیشیان لەناو ماڵی شیعەكانی عێراقەوە، خودی سەرپەرشتیاری حەشد لەتویتێكدا گوتی: هەستمان بەشەرمەزاری كرد!.

بێگومان دەكرێت بڵێین: لەدوای تێستكردنی كاردانەوەكان بەرانبەر بەزاندی ئەو هێڵە سورە، ئەوجا حەشد تێگەیشت كە دەستبردن بۆ كارتێكی لەو شێوەیە، زیانەكانی زۆرترن لەقازانج، هەربۆیە لەبەرزترین ئاستەوە، ناچاربوون شەرمەزاری خۆیان دەربڕن. تێگەیشتن كە كاتی ئەو زیادەڕەوییە نەبوو، كاتی ئەوە نەبوو دەستبەرن بۆ سیمبولی شكۆی نەتەوەیەكی بریندار.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەرباری ئەو یەكدەنگی و كاردانەوە فراوانەی لەو ڕووداوە كەوتەوە، كەچی لەناوخۆی كوردستان، لەدوای چەند ڕۆژێك بەشێك لەمیدیاكان و هەندێك ڕۆشنبیری حیزبی دیاریكراو، بۆ تێكدانی ئەو یەكدەنگییە و كەمكردنەوەی بایەخی كاردانەوەكان كەوتنە خۆ، ئەوان كەوتنە بەهانە و دۆزینەوەی پەڵپ لەو ڕووداوە گرنگە. بەناوی جیاوازی كردن لەنێوان سوتاندنی ئاڵای كوردستان و ئاڵای پارتی، كەوتنە تۆخكردنەوەی جیاوازییەكان! ئەوان لەلایەكەوە سەری زمان و بنی زمانیان ڕەخنەگرتنە لەوەی كورد نەیتوانیوە یەكهەڵوێست بێت! بەڵام كاتێ یەكهەڵوێستی كوردیان بینی، گەڕانەوە سەر نەریتە كۆنەكەی خۆیان، لەدوای دوو یان سێ ڕۆژ لەو كۆدەنگییە، كەزانیان لەبەرژەوەندی حیزبەكانیان نیە كورد یەكدەنگ بێت، بەناوی جیاكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە سوتاندی بارەگای پارتی، سەرقاڵی تۆخكردنەوەی جیاوازییەكانن!.

دواجار: سوتاندنی ئاڵای كوردستان پێویست بوو، بۆ ڕوون بوونەوەی سنورەكانی بەردەم داگیركەران، بۆ ئەوەش كە خۆمان بزانین كێن ئەوانەی لەهەموو حاڵەتێكدا هەر دژی كۆدەنگی كوردن و بەناوی ڕۆشنبیر و ڕەخنەگرەوە بەوردی كاردەكەن لەهەر چركە وجومگەیەك یەك دەنگی كوردیان بینی، لێی دەدەن.

 

سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد

مەشخەڵ كەوڵۆسی*

 

© 2017 Hawler