پشکۆ نەجمەدین
سیحری نووسین
16
گێڕانەوەی ئەزموونە تایبەت و خودییەکانی شیعرنووسین لە کن شاعیرە دەرکەوتوو و ئەزمووندارەکان، گرنگن و بۆ نەوەی خۆیان و پاشی خۆیشیان، دەبن بە ئەنبارێکی پڕ مەعریفە و زانیاری بۆ کەسانێک کە لە هەوڵی تۆیژینەوەی پرۆسەی دەرکەوتن و گەشەکردنی ئەدەبی باڵادان.
ئەدیب و نووسەرانی کورد، بەدرێژاییی سەت ساڵێک و بگرە زیاتریش، هەتا شاعیرە بەنامێ و دەرکەوتووەکانیش، کەمتر خۆیان لە قەرەی ئەم باس و گێڕانەوەیە داوە و ڕێچکەگرتنی ئەزموونی خۆیان، شەنوکەو کردووە.
دەروێش، پێچاوانەی شاعیرە نوێخواز و بەنامێکانی کورد، شاعرێکە زۆرترین قسە و لێکدانەوەی لەمەڕ ئەزموونە شیعرییەکانی خۆی کردووە.
کتێبی (الگروادی الاخیر) کە کۆبەندی بەشێک لە دیمانە و گفتۆگۆکانی دەروێشە لەمەڕ قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی شیعرنووسینی خۆی بە تایبەتی و دنیای شیعری نوێی عەرەبی بەگشتی، کتێبێکی قەبە و گرانە و چەند ڕەخنەسازێک شارەزا و لێزان، لە سەردەم و زەمەنی جیاوازدا، ئەنجامیان داوە و "سەعید البرغوپی" کۆی کردوونەتەوە، پێشەکیی بۆ نووسیوە و بە چاپی گەیاندوون، نێزیکی پێنج سەد لاپەڕە دەبێت.
دەروێش، لە ئەزموونی خۆیەوە، قسە لەسەر: شیعر و پرۆسەی بەشاعیربوون دەکات و پێی وایە، شاعیرانی "یەکگوژمی" هەن و شاعیرانێکیش هەن کە شاعیرانی "قۆناغ بە قۆناغ"ن و لە ڕێڕەوی پرۆسەی شیعرنووسیندا، لەگەڵ زەمەنی نووسیندا، هێدی هێدی، پێی دەگەن!
(دەمەوێت بێژم، شاعیرەکان بە دوو شیواز یاخود دوو جۆر لەدایک دەبن:
جۆرێکیان، کە لە ئەدەبی عەرەبی و جیهانیشدا هەن، بە یەک گوژم و یەکسەر لەدایک دەبن. لە کەلەپووری ئەدەبیی ئێمەدا، "گرفە بن العبد"مان هەیە و لە ئەدەبی جیهانییشدا "ڕامبۆ!"
شاعیرانێکیش هەن کە قۆناغ بە قۆناغ شکڵ دەگرن. من سەر بە گرووپی دووەمم!
لەدایکبوونی من، وەکوو شاعیر، یەکگوژمی نەبوو. من بەیەک کەڕەت و بە نووسینی شیعرێک یاخود چەند قەسیدەیەک، نەبووم بە شاعیر! کێشەی شاعیرە یەکگوژمییەکانیش، تەمەنکورتییانە.)
دەروێش، کە لە زەمەنی دەستپێکی شیعرنووسیندا، وەکوو سیمبۆلی شیعری موقاوەمەت و قەسیدەی سیاسی ناسرا بوو، لە هەپەیڤینێکیدا، پێچەوانەی بۆچوون و ڕای خوێنەرانی، شرۆڤەی قەسیدەی سیاسی دەکات. ئەو دەبێژێ:(قەسیدەی سیاسی لە کن من و لەمڕۆدا، جگە لە گوتارێکی جوان یان پۆخڵ، شتێکی دیکە نییە! ئەم قەسیدەیە، لەبری ئەوەی هەڵگری ڕۆڵێکی داهاێنان و کۆمەڵایەتی بێت، هیچ شیعرییەتی تێدا نییە!)
پشکۆ نەجپشکۆ نەجمەدینمەدین