تشرینی دووەم 26, 2020

حەمە سەعید حەسەن 

 

                                                       28

(غاندی)ی برای مامۆستا جەعفەر بڕیار دەدات بچێتە شاخ، ڕێکخستنی کۆمەڵە لە سلێمانی، هەر دەستی دەستی پێ دەکەن، دەگیرێت و لەژێر ئەشکەنجەدا گیان لە دەست دەدات. مامۆستا جەعفەر گومان دەکات، لە ڕێکخستنی شاردا پیاوی ڕژێم هەبووبێت و بە گرتی دابێت، دەکەوێتە ژێر باری خەمێکی قورسەوە. لەو هەلومەرجەدا نامەیەکی لە نەوشیروان موستەفاوە پێ دەگات، تێیدا دەڵێت: (هیوادارم زەبتی ئەعسابی خۆت بکەیت، ئەگەر ئینهیاری عەسەبییش بکەیت، جارێ هەر تەحەمول بکەیت، چونکە منیش بە ڕاستی ئینهیارم کردووە، بەڵام هێشتا نەموێراوە ئیعلانی بکەم، ئەگەر لازمیشە هەندێ دەرمانت بۆ دەنێرم، هەر جارەی دانەیەکی بخۆ کە من بووم بە مودمین پێوەی، ڕەنگە تۆزێک تەخفیفی تووڕەبوونەکانت بکات، من ئێستا ئەمە تەنیا سەلوامە. ١٢/٤/١٩٧٩) بۆ نامەکە بە خەتی نەوشیروان موستەفا، سەیری ل ١١٧ی بەرگی دووەمی (بە خەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ) بکە.

 

سکرتێری کۆمەڵە ئیدمانی کردبوو لەسەر ئەوەی سووکایەتی بەم و بەو بکات، ئاخر تا بڵێیت قسەڕەق و ڕووشکێن بوو. باشە سەرکردایەتیکردنی شۆڕش، بەدەم شەڕی ناوخۆوە، بە کەسێکی هەڵچوو دەکرێت؟ لە ١٩٨٢دا نامەیەکی بۆ من ناردبوو، پەسنێکی دابووم شایستەی گیڤارا بوو، کە لە ١٩٨٣دا سووکە ڕەخنەیەکم لێ گرت، لە بیرەوەرییەکانیدا جنێوێکی پێ دام، شایستەی چەقۆکێشەکانی بەر خانەقا بوو. چونکە دیلکوشتن و ئاو خواردنەوەی لەکن وەک یەک بوو، (بەبەر چاوی ژمارەیەک پێشمەرگە و کادیرەوە، شانازیی بەوەوە دەکرد، چۆن بە دەستی خۆی تەقەی لە قوربانییە باڵبەستراوەکان کردووە، وەک عەبدوڵڵا سوور، مامۆستا نەریمان، عوسمان حسین و هی تریش. ل١٨٢) (داوای ژنێکم کرد، شووی پێ نەکردم، ترسام حەیام بەرێت، منیش بەر گولـلەم دا. ل١٨٩) ئەمە قسەی نەوشیروان موستەفایە بو مامۆستا جەعفەری کردووە!

 

نەوشیروان موستەفا وەک خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا باسی کردووە، بڕوای بە کۆمۆنیزم نەبووە، بەڵام سکرتێری حیزبێکی مارکسی لینینی بووە! مامۆستا جەعفەر دەنووسێت: (مرۆڤی خاوەن بیروباوەڕ و هەڵوێست، ڕێگە بە خۆی نادات، دوو کەسایەتی بێت و دوو ڕۆڵی دژ بە یەکتر بگێڕێت. ل١٣٩) من بوومایە دەمنووسی: ڕێگە بە خۆی نادات هاوزەمان دۆکتۆر جیکڵ و میستەر هاید بێت.

 

(**) مامۆستا جەعفەر دەنووسێت: (نەوشیروان موستەفا بە قسە کوردستانی بوو، بەڵام بە کردەوە بەرخانەقایی بوو. ل١٤٢)

(*) مامۆستا جەعفەر، بە خەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ، بەرگی دووەم ٢٠٢٠ چاپخانەی تاران.

(**) ڕۆمانێکی بەناوبانگە، نووسەری سکۆتلاندی ڕۆبێرت لویس ستیڤنسۆن نووسیویەتی.

© 2017 Hawler