تشرینی یەکەم 25, 2020

عێراق چۆن سازشی لە سەروەریی خۆی كرد؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

 

ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال، كەلەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق واژۆكرا، قسە و لێدوان و هەڵوێستی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، زۆرینەی خوێندنەوەكان تاك ڕەهەندی بوون و، دیدگاكان یان ئایدۆلۆژی بوون، یان لەگۆشە نیگایەكی حیزبییانەی ڕووتەوە، بەبارە ئەرێنی یان نەرێنییەكەیدا قسەیان لەڕێككەوتنەكە كرد.
بەشبەحاڵی خۆم كەمتر بەرچاوم كەوت، لەدیدگا جیاوازەكانەوە، بەگوێرەی لۆژیكی سیاسی و یاسایی هەڵسەنگاندن بۆ ڕێككەوتنەكە بكرێت. هۆكاری ئەوەش ڕەنگە بۆ زەمینەی سیاسی ئێستای كوردستان بگەڕێتەوە كە بارگاوییە بەململانێیەكی ناتەندروست وشكی تاسەر ئێسقان حیزبییانەی داماڵراو لەمۆراڵی سیاسی.
جارێ بۆ هەر قسەكردنێك لەسەر ڕێككەوتنەكان، لەهەموو كایە سیاسییەكاندا، پێویستە بەتەواوی خۆمان داڕنین لە چەمكە پڕنسیپی و عاتفییەكان، یانی: لای ئێمەی كورد ئەوەی مەبدەئو پڕنسیپە كە كورد سەروەربێت، هەموو كورد بێ جیاوازی لەنێوان پارچەكانی كوردستاندا، خاكی كوردستان بەخاكی خۆیان بزانن و كاری تێدا بكەن، بستێك خاكی كوردستان سازشی لەسەر نەكرێت...هتد.
بەهەمان شێوە، هەر گروپێكی سیاسی و ئاینی و ئیتنیكی و خاوەن بەرژەوەندی لەدنیادا، ئەوە پرنسیپی بیركردنەوەیانە، بەڵام ئایا كایەی سیاسەت و دەوڵەتداری و دانوستان، تاچەندە دەگونجێت لەگەڵ ئەو پرنسیپانەدا؟ ئایا تا چەندە دەگونجێت هەموو ڕێككەوتنەكان بەدڵی تۆ و بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی تۆ بن؟. چونكە وەك چۆن تۆ دەتەوێ هەموو بەرژەوەندیی و مەبدەئەكانت مسۆگەر بكرێن لەناو ڕێككەوتنەكاندا، بەهەمان شێوە، بەرانبەرەكەیشت هەمان خواستی هەیە!.
لەم سۆنگەیەوە دەڵێم: ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال، ڕێككەوتنێكی هاوسەنگە، بەمانا سیاسی و یاساییەكەی، بەرئەنجامێكی ڕوون و ئاشكرای هاوسەنگی هێزە لەنێوان كورد و عێراقدا، ئیتر ئەو هاوسەنگییە بەرئەنجامی هەر هۆكارێك بێت!.
پێم وایە یەكێك لەخاڵە سەرنجڕاكێشەكانی نێو ڕێككەوتنەكە، ئەوەیە بەلۆژیكی یاسایی، حكومەتی عێراق بەفەرمی دەستبەرداری بەشێك لە دەستەڵات و ئەركەكانی خۆی بووە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان! زۆر بەكورتی چونكە ئامادەیە "هاوبەش"ێك قبوڵ بكات بۆ بەڕێوەبردنی شەنگال! لەكاتێكدا ئەگەر بەلۆژیكی سیاسی و دەستور و نەریتی دەوڵەتداری سەیر بكەین، بەڕێوەبردنەكە مافێكی سنوربەندی دەوڵەتی عێراقە، بەو پێیەی كە جارێ شەنگال لەژێر قەڵەمڕەوی حكومەتی عێراقدایە.
پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە: حكومەتی عێراق چۆن قایل بوو بەهاوبەشی شەنگال بەڕێوەبەرێت، كەئەوە لەكرۆكی ئەركە تایبەتمەندەكانی دەوڵەتە؟.
ئەوەیشی دەبێتە یاریدەدەر بۆ تێگەیشتن لەبایەخی ئەم سازشەی حكومەتی عێراق كردوویەتی، ئەوەیە كە بەحوكمی ئەوەی ناوچەكە سەربە ناوچەكانی مادەی 140ە، كەواتە لەئایندە دەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان. بەڵام بۆچی تەنانەت پێش گەڕانەوەیشی، عێراق ئامادەیە دەستبەرداری ئەرك و مافە دەستورییەكانی خۆی لەو ناوچەیە ببێت؟ ئایا ئەوە دەرخەری قەناعەتێك نیە لای حكومەتی عێراق كە ئەو ناوچانە بەموڵكی خۆی نازانێت؟.
تەنها هەبوون و پەیدابوونی ئەو هەستە لەبەغدا، هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ دروستكردنی زەمینەیەكی دەرونی و یاسایی لەبار بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140. هەر ئەوەش وایكردوە پەرلەمانتارە توندڕەوەكانی وەك "كازم سەیادی" هاواریان لێ بەرز ببێتەوەو، ڕێككەوتنەكە بەسەرەتای جێبەجێكردنی مادەكە دابنێن و وەك خۆشیان دەڵێن: ئەوە ناپاكییە بەرانبەر عێراق!. بەڵام ئایا ئەگەر دەوڵەتێك دەستورەكەی خۆی جێبەجێ بكات، ناپاكییە؟.
ئەوە ئەو پرسیارەیە كە ئەقڵی سیاسی عەرەبی عێراقی نایەوێت وەڵامی بداتەوە...
سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد

© 2017 Hawler