تشرینی یەکەم 25, 2020

لە پەنجەرەی هەولێرەوە

پشکۆ نەجمەدین

 

سیحری نووسین
15

ساتێ مەحموود دەروێش، لە ئەزموونی شیعر دەدوێت!

دەروێش، ساتێ لەمەڕ ئەزموونەکانی خۆی، شاعیرانی دیکەی عەرەب و نوێخوازی لە ئەدەبی عەرەب و جیهاندا قسان دەکات، قووڵیی ڕۆشنبیریی ئەو لە کایەکانی ئەدەب و نوێخوازیی شیعردا دەر دەکەون.
(شاعیر بەتەنیا خۆی، خۆی دەخولقێنێت؛ لە ئەزموونەکانییەوە، لە پێوەندییەکانییەوە بە دونیا و بە وجوودەوە، لە ڕۆشنبیریییەوە، لە ئاوەزی شیعری و داهێنانییەوە!
شیعر چییە و چۆن دەخولقێت؟ دوو پرسیارن هەر بە نهێن دەچن! شیعر بوونەوەرێکی نهێنە و هەر ئەم نهێنەش ماکی ژیان و بەردەوامبوونی پێ بەخشیوە!
دوا ڕاڤەکردن بۆ شیعر نییە! نووسینی هەرتێکستێکی شیعریی نوێ، دەشێ شتێک بۆ چەمک و تێگەیشتن لە شیعر زیاد بکات. هەر نووسینێکی نوێ کە بۆ شیعر، هەڵگری جۆرە خەسڵەتێکی ناوازە بێت، دووبارە پێناسەکردنەوەی شیعرە!
شیعر لە کن من، لە ڕێڕەوی ڕیتمەوە دەخولقێت! هەر کە یەکەم کۆپلەم نەخشاند، ئیدی قەسیدەکە بەڕێژەو دەڕژێ. من وەها شیعر دەنووسم، وەلێ ساتێک بخوازم هەندەک گۆڕانکاریی تێدا بکەم، یانژی ئەو لەخۆیدا ئاڵوگۆڕێک بکات، ئیدی قەسیدە، قەسیدەیەکی دیکەیە!
زۆرێک لە هاوڕێ ڕەخنەگرەکانم، لە هەوڵی دەستخستنی ڕەشنووسەکانمدان، منیش دەڵێم، هیچ دەستنووسێک لەگۆڕێدا نییە، دەیاننووسم و یەکسەر زایەیان دەکەم! ئاخر ڕەشنووسەکان چەندین سکانداڵ و نهێنییان لە ماڵی خۆیاندا هەڵگرتوون. پێداچوونەوە و مشتوماڵکردنی شیعر وەها دەکەوێتەوە کە هەندەک جار، هیچ پێوەندی و لێکچوونێک، لەنێوان دەقی سەرەتا و کۆتادەقدا نامێنێتەوە. لە ئەگەری گۆڕینی هەر دێڕەشیعرێکدا، سەرپاکی سترەکتووری قەسیدەکە دەگۆڕدرێت و پێکهاتەی شیعرەکەش ملکەچی پرۆسەی مشتوماڵ و بیناکردنەوەیەکی نوێ دەبێت!
ئیلهام یاخود سرووش، هەندەک جاران؛ گونجان و پێکەوەسازانی توخمە دەرەکی و ناوەکییەکانە، ئاوەڵابوون و کرانەوەی زەینە لەسەر ڕووناکایی، بە ڕێڕەوێکدا کە لە میانەی پرۆسەیەکی کیمیاییەوە، کە ناکرێت توخمەکانی دیاری بکەین، بینراو دەکات بە نەبینراو و نەبینراویش بە بینراو!
پێم وایە، نهێنێک لە هاندانی شیعریدا هەیە! بۆچی ئەم دنەدانە شاعیر ڕادەچەنێنێ و بەرەو نووسینی دەبات؟
ئەرێ بۆچی شاعیر، ڕووپەڕێکی سپی دەهێنێ و ئازار لە ڕەشکردنەوەیدا دەچێژێ، لە ساتێکدا نازانێت بۆ کوێ دەڕوات و بەکوێ دەگات؟
مەترسییەکانی پرۆسەی شیعرنووسین، لەوەدایە کە هیچ زەمانەتێکی ڕەها بۆ سەرکەوتن نییە! نووسین، سەرچڵییەکی مەترسیئامێزی بەردەوامە و هیچ کۆمپانیایەکی "زەمانەت"یش نییە، ئەم سەرچڵییە لە ملی خۆی بنێت!

© 2017 Hawler