تشرینی یەکەم 25, 2020

هۆشیاریی ئایینی و کاریگەریەکانی لەسەر کۆمەڵگه

توێشووی هەشتا و هەشتهەمین گوتاری سەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە كوبرامان لە 22ی سەفەری 1442ی كۆچی بەرانبەر بە 9ی ئۆكتۆبەری 2020 تیشك خستنە سەر بابەتی" هۆشیاریی ئایینی و کاریگەریەکانی لەسەر کۆمەڵگه"1" بوو كە لێرەدا پوختەیەكی دەخەمە بەردیدی خوێنەرە بەڕێزەكانی گوڵخەرمانەكەمان و، لەو گوتارەماندا هاتبوو: (خوای گەورە لە ئایەتەكانی 9 – 12 ی سورەتی"ئەلحاقە"دوای ئەوەی كە باسی لایەك لە ستەمكاریی فیرعەون دەكات و چۆن تۆڵەی لێ سەندن، دەفەرمێ: "بۆئەوەی بۆتان بكەینە مامۆستا و بیرهێنەرەوە و بیرهێنانەوە. كەسانێك لێی حاڵی ببن كە خاوەنی بیستن و توانای بیستنی بەهەست و تێگەیشتنن". كە ئایەتەكە ئاماژەیەكی ڕوون و دیارە لەسەر بەهای ئیسلام بە تێگەیشتن و هۆشیاریی و، لە فەرموودەیەكی دروستدا هاتووە لە عبداللە ی کوڕی مەسعودەوه – خوای لێ ڕازی بێت - كە محەممەد پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت - دەفەرمێ :"خوای گەورە ناوچاوی هەركەسێك بدرەوشیینێتەوە كە بابەتێكمان لێ دەبیستێت و لێیمان تیدەگات ئەزبەری دەكا و دەیگەیێنێت" 2 ".هۆشیاری ئایینی بریتییە لە تێگەیاندنی تاکی کۆمەڵگە لە بنەما شەرعیەکان و بەها باڵاکان کە دەبێتە هۆکاری پاراستنی ئایین و بەرجەستە کردنی لە کاروكردار و هەڵسوكەوتی ژیانی مرۆڤەکاندا. بەهۆی هۆشیاریەوە مرۆڤەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی دنیا و ئایینی خۆیان دەزانن .هۆشیاری بوون پێویست وگرنگە لە ژیانی مرۆڤدا، بە مەش کاری جێنشینی خۆیان جێبەجێ دەکەن لەسەر زەوی و، و بەشدار دەبن لە بنیاتنانەوەی گەردوون و دروست کردنی ژیانێکی پڕ لە کامەرانی وا كە لیوان لێو بێ لە ئاوێتەیی ڕاسپاردە ئاینیەکان.

گرنگیەکانی هۆشیاری:

ئەوەی ئاشکرایە مرۆڤ بەرێزترین دروستکراو و ئافرێندراوی خوایە لای خوا، ئەمەش لە کاتێکدایە كە مرۆڤێکی هۆشیار و تێگەیشتوبێ لە شەرع و بەرنامەی خوا و، کاری پێ بکا.

هۆشیاری ئایینی ئەو کارە گرنگ و پڕ بەهایەیە، کە دەبێتە مایەی هۆشیار بوونەوەی تەواوی کۆمەڵگە و دوور کەوتنەوە لە سەرپێچی و کاری ناڕەوا و خو و ئاكارە خراپەکان، چونکە هۆشیارکردنەوەی تاکی مسوڵمان تاکە ڕێگایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو دەرد و ئاریشە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان و دەبێتە مایەی بەرپەرچدانەوەی هەر بیرێکی چەوت و کارێکی نەشیاو، کە دەخزێنرێتە نێو کۆمەڵگە، نەخاسمە كۆمەڵگای بڕواداران.

چەند خاڵێك لە گرنگی هۆشیاری ئایینی:

١ . خوای گەورە هۆشیاری کردۆتە کلیلی خەیر و چاکە بۆ بەندەکانی هەروەک.

بانگەواز بۆ کاری باش و فرمان کردن بە چاکە و دورکەوتنەوە لە خراپە، هەموو ئەمانە تەنها لە کەسێکەوە بوونی دەبێت کە هۆشیاربێت و لە ئایینەکەی خوا تێگەیشتبێت، ئەوکات ئارامی و ئاسایش لە نێوان بەندەکان پیادەبێت و وڵات دەبوژێتەوە و گەندەڵی و خراپەکاری گەر بن بڕیش نەبیت، بەڕێژەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە و، بەهۆی هۆشیاریەوە تەواوی تاکی کۆمەڵگا دەکەوێتە خۆشی و خۆشگوزەرانی.

٢. پێگەیاندنی تاکی باش و چاک، پێش هەموو شتێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئیسلامە، ئەمەش نایەتەدی مەگەر تاکێکی هۆشیار و وریا بە ئایینێکی ڕاست و دروست و دور لە بیری چەوت کە خزاوەتە ناو ئایین و ئاراستەکردنی ئەم تاکە بە هەڵسان بە ئەرک و کاری پەیامدارانەی خۆی .

٣ . بەهۆی هۆشیاریەوە تاکی مسوڵمان و هەم کۆمەڵگەش دەتوانن جیاوازی نێوان باش و خراپ بکەن لە هەموو ئەو بیر و گوتار و ڕێنماییە ئاینیانەی کە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە پێیان دەگا .

٤ . هۆشیاری ئایینی دەبێتە هۆکاری بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و میانەڕەوی و پێکەوەژیان کە بەهۆیانەوە ژیانێکی پڕ لە ئارامیی و ئاسایش فەراهەم دەکا بۆ خەڵک، هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمە و نەخۆشی و ترسەی ئەمڕۆ بەرۆکی ئەم میللەتەی گرتوە بەهۆی نەبوونی هۆشیاری ئایینی و تەندروستیە .

٥ . تاکی هۆشیار لەنێو کۆمەڵگەدا هەمیشە خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز و کاریگەرە و ڕۆڵی گرنگی هەیە لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگەدا بۆ بەرەو باشتربردن، وەکو پێغەمبەران و پیاوچاکان و سەرکردە و زانایانی هۆشیارو وریا و خاوەن ژیری و بیرمەندەکان .

٦ . لە ڕێگای هۆشیاریەوە تاکی کۆمەڵگە تاکێکی تەندروست و دور لە نەخۆشی دەردەچێ و بەهۆیەوە کۆمەڵگەیەکی تەندروست دێتە بەرهەم.

٧. هۆشیاری ئایینی وا دەکا کێشە دەروونیەکان بەرەو کەمبوون بچن و متمانە بەخۆبوون و ئارامی دەروونی جێگایان بگرێتەوە) (3).

 

پەراوێزەكان:

(1) بەشێكی زۆری گوڵخەرمانی ئیمڕۆ پوختەی ئەو گوتارەیە كە بە كۆی دەنگ هەر نۆ ئەندامەكەی بۆردی باڵای ئامادە كردنی گوتاری هەینی لە كوردستان، لە بارەگای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە 5ی ئەۆكتۆبەری 2020 دەنگمان لەسەردا و، نەریتی ئیشەكەمان وایە لێكدانەوەی ئایەتەكانی قورئان و فەرموودەكان جێ دیڵین بۆ مامۆستایان خۆیان، هەربۆیە منیش دەتوانم لەم ستوونەی خۆمدا جێگای بكەمەوە چونكە لێك دانەوەی هەرئایەتێك كاری منە نەك بۆردی بەڕێز . چنگیانی).

(2)(نَضَّرَ اللَّهُ امْرَأً سَمِعَ مَقَالَتِي فَوَعَاهَا وَحَفِظَهَا وَبَلَّغَهَا) صحيح الجامع ٦٧٦٦).

(3)چونكە 10 ئۆكتۆبەر ڕۆژی جیهانی بایەخدان بوو بە تەندروستی دەروونی، بەشی دووەمی گوتارە پێشنیازكراوەكەی بۆرد، باسكردن بوو لەولایەنە و ئێمەیش تیشكمان خستە سەری).

 

 

© 2017 Hawler