تشرینی یەکەم 25, 2020

حەمەسەعید

 

٢3

هەموو ڕۆمانێک کەم یان زۆر دیرۆک بەسەر دەکاتەوە، با (دیرۆکی)یش نەبێت. ڕۆمان لەمێژە وازی لەوە هێناوە، ڕووداوەکان کرۆنۆلۆجییانە (لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی) بگێڕێتەوە، هەنووکە ڕۆمان دەشێت بایەخ بە چنین نەدات، وەک نارنجۆکێکی هەڵدراو، هەر پارچەیەکی ڕوو بکاتە لایەک و هیچ لۆگیکێک ئەو پارچانە پێکەوە نەبەستێتەوە. ڕۆمان وەک دەقێکی کراوە، ملکەچی مەرج نابێت، سنوور دەبەزێنێت و جڵەو ناکرێت. بۆ ڕۆمان ئەوە گرنگە، هەر لە لاپەڕەی یەکەمەوە، بە جۆرێک سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت، لە توانایدا نەبێت، دەستبەرداری خوێندنەوەی ببێت.

ئایا زمان ڕەگەزی یەکەمی نووسینی ڕۆمانە؟ ئەوانەی زمانیان لاوازە، بەبێ یەکودوو دەڵێن: نەخێر. گیۆدۆ مازۆنی لە کتێبی (تیۆریی ڕۆمان)دا کە زانکۆی هارڤارد ٢٠١٧ بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: (زمان یەکێکە لە ڕەگەزەکانی گێڕانەوە، گرنگ گوتنی شتگەلی نوێیە، بە تەکنیکی نوێ.) ئەوە تامەزرۆیییە بۆ ڕابردوو، ئەگەر ڕۆمان بەو تەکنیکانە بنووسین کە هەمەنگوای و نەجیب مەحفووز پێیان دەنووسی. گێڕانەوە بەبێ گاڵتەجاڕی، وەک چێشتی بێ تام وایە، بەگەڕخستنی گاڵتەجاڕی پێویستی بە ئاستێکی بڵند لە ژیری هەیە، ئاخر ئەوەی گاڵتەجاڕی دەیڵێت، ڕەنگە بە ڕووکەش تەنک بێت، بەڵام لە ڕاستیدا قووڵە. ئێرۆتیکایش، بەو جۆرەی پارێزەرانی دابونەریت بە یاخیبوونی لە قەڵەم بدەن، جێگەی بایەخی ڕۆمانی مۆدێرنە. ئەوە ئایینە بانگەشە بۆ یەقین دەکات، ڕۆمان گومان دەورووژێنێت.
وەک چۆن چۆنیەتی گێڕانەوە گرنگە، لای کەم ئەوەیش هێندە گرنگە، چی دەگێڕینەوە. ڕۆماننووس هیچ پێویستی بەوە نییە، خەریکی گەمەکردن بێت لەگەڵ وشەدا، خۆی لێ ببێت بە شاعیر و بە زمانێکی مەجازی بنووسێت. وەک چۆن دەتوانین بە هۆی زمانەوە، باڵاترین فیکر دەرببڕین، هەر وایش دەشێت، خەریکی گەمەیەکی پووچ بین بە زمان. وەک چۆن نەستی کۆ هەیە، یادگەی کۆیش هەیە، ڕۆمان جۆرێکە لە یادگەی کۆ. ڕۆمان پیشانگایەکە تایبەتمەندییەکانی ئەم یان ئەو جڤاک نمایش دەکات، هونەرییانە گەلان لە یەکدی نزیک دەکاتەوە و بە شێوەیەکی نەرمونیان سیستەمی جیهانگیری دەچەسپێنێت.

(*) لطیفة الدلیمي، الروایة أداة ناعمة من أدوات العولمة الثقافیة

© 2017 Hawler