تشرینی یەکەم 25, 2020

هەرێمی کوردستان شایانی پێگەیەکی بەرزترە

نەزهەت ‌حالی

 

سەردانی بەڕێز کازمی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بۆ کوردستان خوێندنەوەی زۆری بۆ دەکرێت،پیم وایە لایەنی ئەرێنی هاتنی کازمی پەیوەستە بە دەرکەوتنی دەرئەنجامەکانی ئەو سەردانە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا،بە تایبەت لە بواری چارەسەر کردنی گرفتەکانی نێوان هەردوولا،ئەوەی زیاتر لای هاووڵاتیانی هەرێم لە ئێستادا زۆر گرنگە بابەتی موچەیەیە کە پەیوەستە بە ژیان و ژیاریانەوە، هاوولاتیانیش مافی خۆیانە کە زۆر گرنگی بەو بابەتە بدەن.
هەرچەندە گرفتەکان زۆرن و هەموویان لە ماوەی کورت خایەن چارەسەر نابن، بە تایبەت گەر لایەنی عێڕاقی نیازی چارەسەر کردنی خێرای ئەو کیشانەی نەبێت هەندێ لە بابەتەکان وەکوو خۆیان بە هەڵواسراوی دەمێنەوە. بەڵام ڕێگایەکی باشتر لە دیالۆگ و مفاوازەت بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکان بۆ هەر دوولا لەبەردەست نیە.
بەڕێز کازمی دروشمی چاکسازی هەڵگرتووە کە ئەو بابەتە لای خەڵک و شەقامی ءێڕاقی بە گشتی بابەتێکی ویستراوە و بووەتە هیوا و ئارەزویان،سادەی کازمی وای کردووە خەڵکانێکی بەرچاو لە هەموو پێک هاتەکانی عێڕاق خۆشیان بوێت و بە جیاواز لە سەرکردەکانیتر وێنای بکەن، بەڵام گەر دروشمەکان و بەرنامەکانی چاکسازیەکەی سەرنەگرن و ژیانی هاووڵاتیان باشتر نەکرێت، بێگوومان خۆشەویستی خەلکیش بۆ ئەو وەکوو خۆی نامینێت.
لێرەدا ئەوەی بەلای منەوە گرنگە هاووهەڵوێستی لایەنە سیاسیییەکانی هەرێمە گەر پەرتەوازە بین ناتوانینن نەک دەسکەوتی زیاتر وەدەست بهێنین بەڵکو زۆر شتی تریش لەدەست ئەدەین.
پێم وایە پاراستنی هەرێمی کوردستان و باشتر کردنی ژیانی خەڵک دەبێت بە قسە و بەکردار لە بەرنامە و ئەولەویاتی نەک تەنیا دامەزراوە فەرمییە باڵاکانی وەکو سەرۆکایەتی هەرێم و ‌حکومەت و پەڕلەمان بێت، بەڵکو ئەرکی هەموو پارتە سیاسییەکانە.گومانیشم لەوە نیە کەسانی زۆر دڵسۆز لە ناو هەموو ‌پارتە سیاسییەکان هەن کە بەرژەوەندی گشتییان پێ لەسەرووی بەرژەوەندی کەسی و ‌حزبیە و کار بۆ بە هێز کردنی دامەزراوە فەرمیەکان و پاراستنی یاسا و بەرژەوەندییە گشتییەکان دەکەن، ئەو مرۆڤە مەزنانە دەتوانن بە عەقڵ و زانین و دلسۆزی خۆیان کاری مەزن بۆ گەلی خۆیان بکەن،سیاسەتمەداران و ڕۆشەنبیرانمان دەبێت زۆر وریا بن لەوەی کە ڕێگە نەدرێت پێگەی دەستووری هەرێم لە ناوەخۆ و لە عێڕاق لاوازتر ببێت،هەرێم و گەلی دیموکرسیخواز و ئاشتی خوازی کوردستان شایانی پێگەی زۆر بەرزترە لەو ناوچەیە و دڵنیام کوڕ و كجە گەنج و خوێندەوارە دڵسۆزە نێشتمانپەروەرەکان پێگەی هەرێم بە زانست و مەعریفە و لێزانینی خۆیان بەرزتر دەکەنەوە.

© 2017 Hawler