ئەیلول 18, 2020

هێلین، بڵاوکراوەیەک لە ئافرەتەوە بۆ ئافرەت

 د.ڤیان سلێمان *

 

ڕاگەیاندن ڕۆڵی کاریگەری لە ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی و گۆڕینی بیروبۆچوونەکان دەربارەی هەر چەمک و پرسێک و دواتریش گۆڕینی کۆمەڵگە هەیە، لەبەرئەوەش ڕاگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم پێناسکراوە، هەربۆیە چاوەڕوانییەکان لە ڕاگەیاندن لە ئاستێکی بەرزە و لە کاتێکیشدا کە چاوەڕوانی لە ئاستێکی بەرزدابێ، بوار بۆ ڕەخنەکردن فراوان دەبێت، بەشداری ئافرەت لە کایەی ڕاگەیاندن و شێواز و چۆنیەتی وێناکردنی ئافرەت و ئاستی گرنگیدان بە پرسی ئافرەت لە میدیای کوردیدا؛ یەکێکە لەو مژارانەی کە بەردەوام قسەی لێوە دەکرێ و زۆرجاریش جێی ڕەخنە و هەڵوەستەکردنە؛ لەوەی میدیای کوردی نەیتوانیوە وەک پێویست لە ئاست هەستیاری پرسی ئافرەت هەروەها لە پێشەوەی تێگەیشتنی کۆمەڵگە بێ بۆ ئەم پرسە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، وەک ڕێکخراوێکی داکۆکیکار لە پرسی ئافرەت ڕەخنەی لە ئاست و چۆنیەتی وێناکردنی ئافرەت و پرسی ئافرەت و بەشداری ئافرەت لە کایەی ڕاگەیاندن هەبووە و بە شێوازی جیاجیا سەرنج و تێبینییەکانی ئاڕاستە کردووە، ئەمەش لەو سۆنگەیەوە کە وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد ڕاگەیاندن پێویستە لە پێشەوەی دید و ژیانبینی ڕای گشتی کۆمەڵگەوە بێت و ڕۆشنکەرەوە بێت، بە تایبەت بۆ ئێستای هەلومەرجی کۆمەڵگەکەمان کە بە دۆخێکی ڕاگوزەری کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت.
ڕۆژنامە وەک بەشێک لە کایەی فیکری کۆمەڵگە؛ یەکێکە لە کەرەستەکانی درووستبوونی هۆشیاری گشتی و تەنانەت لەمڕۆی فراوانی و خێرایی ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیا، ڕۆژنامە گرنگی و کاریگەری خۆی هەیە و سەرچاوەیەکە بۆ ڕەخساندنی پانتایی بۆ ئازادی ڕادەربڕین و بڵاوکردنەوەی بیری یەکسانی و پەرەپێدانی بوارەکانی ئەدەب و هونەر و کەلتور هاوکات سەرچاوەیەک بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری.
ڕۆژنامەی هەولێر یەکێکە لەو ڕۆژنامە سەنگین و خاوەن ناوبانگانەی کە بەڕەچاوکردنی ئیتیک و بنەماکانی کاری ڕۆژنامەگەری ئەکادیمیانە و پیشەییانە لە چوارچێوەی دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستان، خزمەتێکی بەرچاو بە ڕەوتی ڕۆژنامەگەری و کایەی فیکری لە شاری هەولێری پایتەخت بە تایبەتی و کوردستان بە گشتی دەکات و ناوێکی درەوشاوەیە لە نێو ڕۆنامەگەری کوردیدا.
ئەم ڕۆژنامە ئازیزە لە هەنگاوێکی دڵخۆشکەر و کەم وێنەدا و بە گفتوگۆ و هەماهەنگی و ڕاوێژ، دەرفەتیان بۆ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕەخساند کە دوو هەفتە جارێک چوار لاپەڕە تەرخان بکەن لە چوارچێوەی بڵاوکراوەیەکدا بە ناوی (هێلین) کە لە دووتوێیدا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بتوانێت لە پاڵ کەناڵەکانی دیکەی جەماوەری و ڕاگەیاندنیدا ئامانج و دید و تێڕوانین و کار و چالاکییەکانی بە زۆرترین ئافرەتانی کوردستان بگەیەنێت، ئەم دەرفەتە بۆ ڕێکخراوەکەمان هێجگار گرنگە و دەبێتە کەناڵێکی پەیوەندی گرنگ لە نێوان ئێمە و ئافرەتانی کوردستان.
ئەم هەنگاوە ئەوە دەسەلمێنێت، کە کەسانێک کە بەرپرسیارن لەم ڕۆژنامەیە یاخود ئەو جیهانبینییەی لە پشت دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەوەیە، باوەڕی بە ڕەوایی پرسی ئافرەت و یەکسانی جێندەری و یەکسانی ڕەخساندنی دەرفەت و بەرزی ئاستی توانای ئافرەت هەیە و پێویستە ئەو دەرفەتە فەراهەم بکرێت بۆ ئافرەت تا بتوانێ تواناکانی خۆی دەرخا و بسەلمێنێ، لێرەوە سوپاسی سەرنوسەری ڕۆژنامەکە بەڕێز هاودەنگ فاروق، دەکەم، کە پشتیوانی بەڕێزیان نەبوایە ئەم هەوڵە نەدەهاتە بەرهەم. هەروەها سوپاسی ستافی ڕۆژنامە و دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین و بەکۆی تواناکانمان هەوڵی سەرخستنی ئەم بڵاوکراوەیە دەدەین.
لێرەوە داوا لە ئافرەتانی نوسەر و ئەکادیمی و خاوەن بیر و هزر دەکەین هاوکار و پشتیوانمان بن لە ناردنی بەرهەمی بیریان بۆ ئەوەی لە لاپەڕەکانی هێلین، بڵاو بکرێتەوە و بە هەوڵ و هاودەنگی ئافرەتان ئەم بڵاوکراوەیە ببێت بە ئاوێنەی بیر و بڵندگۆی دەنگی سەرجەم ئافرەتان بۆ بەرەنگاری و پوچەڵکردنەوەی ئەو بیر و باوەڕ و تێگەیشتنانەی کە دژن لەگەڵ پرەنسیبەکانی یەکسانی و لە بوون و توانای ئافرەت کەم دەکەنەوە. هاوکات ئەم بڵاوکراوەیە ببێت بە ڕووپەڕێک کە تێیدا ئافرەتان بیروبۆچوونەکانیان نەک تەنها لەسەر پرسی ئافرەت، بەڵکو ڕوانینی ئافرەت بۆ کۆی پرس و کایەکان بخرێتەڕوو و لە دیدی ئافرەتەوە شیکاری و چارەسەر بۆ پرسە سیاسی و ئابوری و کەلتورییەکان بکرێت و ئافرەتان بەشداربن لە کایەی فیکری و پێشکەوتنی بیری مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگەی کوردستانی.

* سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

© 2017 Hawler