کانونی دووەم 18, 2022

زۆرترین بینراو بۆچوون

Error: No articles to display

تایبەتمەندییەكانی دووكەس وەك یەك نین!

عومەری چنگیانی

 

لەگەڵ ئەوەی كە دووەم ناونیشانی سەرەكی گۆشە هەفتانەكەمان لەوەتی ساڵی 2018 یە، "هەرجارەو ئایەتێك"ـە، ئەوەناگەیێنێ كە نابێ لە كاتی لێكدانەوەی ئایەتە دەستنیشان كردۆكەماندا، بچینە خزمەت چەندین ئایەتی تریش كە ئێمە وایان لێ تێبگەین پەیوەندییان بە باسەكەوە هەیە، لەوسۆنگەیەوە ئەمجارە چەند وانەیەك لە خزمەت ئایەتگەلێكی سورەتی "یوسف" (1) وەردەگرین و هەوڵدەدەین بۆ خۆم و بۆ ئێوەی بەڕێزیش، بیرهێنانەوی باش لە خۆ بگرن.
هەشتاو چوار هەمین ئایەتی سورەتی "یوسف":
"یەعقووب بە دەم ژانی بیركردنی یوسفەوە گوتی هاوارو پەژارە لە دەست دیارنەبوونی یوسف" كە ئەمە بەڵگەیە كە هیچ كات تایبەتمەندییەكانی دوو كەس و دوو شوێن وەك یەك نین و جێگای یەكتریان پێ پڕنابێتەوە، دەنا خۆ لەوكاتەدا یەعقوب پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت –زۆربەی كوڕەكانی لە خزمەتیدا بوون، دەی كە وایە، ئەمە بۆ؟
چونكە ئەو كەلێن و شەبەقەی بە دیارنەبوونی یوسف، كەوتۆتە دڵی ئەو پیرە بابە، هەر بەو پڕ دەبێتەوە و بەس . ئەی مەگەر هەرقورئان نییە كە لە سەد و بیستهەمین ئایەتی سورەتی"نەحل"دا لە باسی كەسایەتی ئیبراهیم پێغەمبەردا – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – دەفەرموێت: "بەڕاستی ئیبراهیم بە تەنها بۆخۆی نەتەوەیەك بوو"؟
خاوەن ئەزموون و لە وانەكانی ڕۆژگار تێگەیشتووەكانن لەمە تێدەگەن و دەزانن جاری وا دەبێت بە دیارنەمانی كەسێك لە گۆڕەپاندا، چ بۆشاییەك دروست دەبێ و بە چ ئەندازەیەك دەبێتە هۆكاری تێبەربوونی گەلە گورگ لە ڕانی ئاوایی، دەی هەر ئەم بەوردی تێگەیشتنەیە كە پێشینانمان گوتوویانە بە سەد"سوژن"2"جێی "گاسن "3"ێك ناگرنەوە .
پەروەردەكەر، نابێ خاڵی لاواز بدات بەدەستەوە!
تا كوڕەكانی یەعقوب لە باوكیان نەبیست كە ترسی ئەوەی هەیە گورگ یوسف بخوات، ئەوان درك و هەستیان بۆ ئەو فێڵ و پاساوە نەچوو! كە ئەمەیش ئەو وانەیە یە لە سیانزەهەمین ئایەتی سورەتەكەدا وەری دەگرین كە دەفەرموێت:
"وتی بەڕاستی بەوە خەم دام دەگرێت و ئەوە خەمخبارم دەكات كە ئێوە بیبەن و هاوكات هێندە لێیشی بێ ئاگاببن تا گورگ بیخوات" .
لێرەوەیە كە زۆربەی لێكدەرەوەكانی قورئانی پڕ لە بەخشش پێمان دەڵێن كوڕگەلی یوسف تا ئەوكات بەوەیان نەدەزانی كە گورگ مرۆڤیش دەخوات .
مەگەر زۆرجار لە ژیانی خۆماندا ئێمە زۆر بە مەترسی باس كردنمان بۆ هەندێك شت وای نەكردووە خەڵكانێك عەوداڵی ئەوشتە نەنگییە ببن و ئەوان بەشانازییەوە بەرەو ڕووی ڕۆیشتبن؟
متمانەی بێ سنوور بەخوا بوون گەورەترین چەكی بڕوادارە!
ئەو كاتەی بەرانبەرەكەت بە پێوەر و گریمانەی عەقڵی ڕووت دەدوێ، تۆ متمانەت بەخوای خۆت ببەستە و فێری ئەو متمانەیەیان بكە!
ببینن پاش ئەوەی یەعقوب یوسفی منداڵی لێ بزر دەكرێ و، پێوەرەكان وا دەخوازن پاش چەندین ساڵ باسی نەكات، كەچی وەك هەشتاو حەوت هەمین ئایەتی سورەتەكە باسی دەكا دەڵێ: "كوڕگەلەكەم بڕۆن گوێ هەڵخەن بۆ هەواڵی یوسف و بێ هیوامەبن لە میهرەبانی و بەهاناوە هاتنی خوا، چونكە بەڕاستی تەنها بێ بڕوایانن كە بێ هیوا دەبن لە میهرەبانی خوا".
مەرج نییە هەموو دۆستی گەیێنێك، ڕاستت لەگەڵ بكات!
زۆرن لەبەرت دەپاڵێون و دوای بێنیاز بوونیان لێت، لە خراپكاری و وەلانانت كەمتەرخەمی ناكەن! فەرموون سەیرێكی شەست و سێهەمین ئایەتی سورەتەكەبكەن كە باسی كوڕەكان دەكا تا مەرامیان بەباوكیان هەبوو، لەبەردەم باوكیاندا بە براكەیان دەگوت براكەمان، بەڵام كە بارەكە بەشێوەیەكی تردا گۆڕدرا، وەك هەشتاو یەكهەمین ئایەت باسیان دەكات، بە باوكیان دەگووت: " كوڕەكەت دزی كردووە!".
پەراوێزەكان:
"1"نایشارمە كە هزری ئەم نووسینەی ئەمڕۆمان بەدەر لە گەڕانەوەمان بۆسەرچاوەكانی تەفسیری قورئانی پڕ لە بەخشش، سوودوەرگرتنیشە لەم جیهانی سۆشیاڵ میدیایەی كە هەموومانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە و، تەنها جیاوازییەكەی لەوەدایە كە زۆرێك لەو زانستانەی بۆمان دەنێردرێت زوو بەزوو بۆیەكتر ڕەوانە دەكرێن، نابێ بە بێ بەدوودا چوون و وردبینی زانستییانە، وەری بگرین و بیگەیێنین".
"2 و 3"سوژن . دەرزییەكی گەورەی باریكی دە تا پانزە سانتیمییە و بۆ دورینەوەی دەمی جەواڵ و تەلیس و گونییە و كورتان دوورین بەكاردێت و چەند بتەوێ زەوی پێ بكێڵی ناگاتە گاسن كە دەمێكی تیژیی هەیەو جووتیار بۆ كێڵانی زەوی بەكاری دێنن، جەنابی مام هەژار لە هەمبانە بۆرینەكەیدا دەڵێ: "گاسن . ئاسنی نووك تیژ كە لە دەندەی ئاموور دەخرێ و عەرزی پێ دەكێڵن".

© 2017 Hawler