ئاب 12, 2020

نابێ "کۆڕۆنا" لە دەست و قاچمان بئاڵێ

 

 هاودەنگ فاروق

لە وەرزی یەکەمی هێرشی " کۆڕۆنا"دا ٩٠ ڕۆژ ڕۆژنامەمان ڕاگرت، دواتر دەستمان پێکردەوە، ئێستا کە دیسان ڕێوشوێنی دیکەی قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان و ڕێکاری خۆپارێزی گیراوەتەوە بەر، دەوامی داودەستگاکانی حکوومەت ڕاگیرایەوە، ئێمەش بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و مێدیایمان، ڕێکاری دیکەمان گرتۆتە بەر.

هەفتەیەک ئەزموونی دەرکردنی ڕۆژنامەی بێ کاخەز تاقی دەکەینەوە؛ ئاخر ئێمەش وەک هەموو وڵاتان، " کۆڕۆنا" لە دەست و پێمان ئاڵاوە، بۆیە لە بەردەم هەموو ئەگەرێکداین و دەبێ خۆمان لە گەڵ ڕەوتی کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بگونجێنین، خۆمان بپارێزین، خەڵکی خۆشمان بپارێزین، نەهێڵین کاروباریشمان ڕابوەستێ ..

هیچ شتێک نابێ، بڕوا و ئیڕادەی کاروانی مرۆڤایەتی ڕابگرێت، ڕاوەستان لاوازی و خۆترساندنە، خۆڕادەستکردنە بە ڤایرۆسی " کۆڕۆنا"ی دژە مرۆڤایەتی، هەروەک کات بەفیڕۆدانە، بۆیە لە وەڵامی ئەم دۆخە نالەبارەدا، بە پابەندبوونی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندرووستی و سەروویی خۆمانەوە، بڕیاری بەردەوامبوونمان داوە، چونکە پێمان وایە، مرۆڤ بەک ارکردن شەکەت نابێت، بە کارنەکردن تەمبەڵ و شەکەت دەبێت.... ئەم دۆخە پڕ قەیراناویە کۆتایی دنیا نییە، کوردستان لەوە سەختتری تێپەڕاندووە، ڕاستە هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی ئایندەی دوور بکات، بەڵام ڕاستی ئەوەیە! نابێ بکەوینە شوێن بڕیاری لەگۆترە و دەستەوئەژنۆ دابنیشین، مادام کارێکمان پێ سپێردراوە دەبێ بە عەشقەوە بیکەین و بە چاکییەوە جێبەجێی بکەین، ئەوەی مانا بە ژیانی مرۆڤ دەبەخشێ و ناهێڵێ تەمی بێمانایی لە ژیان بنیشێ، كاركردنە بەتایبەتی ئەو كاتەی مرۆڤ خۆی لە هەمبەر مرۆڤایەتیدا بە ئەركدار دەزانێت و ئەركەكانی سەرشانی خۆی بە وردی و جوانی و دڵسۆزانە ڕادەپەڕێنێت و هەموو شەو بە ویژدانێكی ئاسوودەوە دەخەوێت و بەیانیان بە ورەیەكی بەرزەوە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی لە خەو ڕادەبێتەوە. كاروانی ژیان ناوەستێ و ئێمەش ئامادە و لەسەر پێین.

 

© 2017 Hawler