ئاب 12, 2020

لەم کات و ساتەدا چاکسازی ئەولەوییەتە!

 

سووسەن محەممەد میرخان

لەم چەند ڕۆژەدا، وەفدی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئەنجام گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و سەرەڕای ئەمەش کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی بەر لەچوونی وەفدەکە بۆ چارەسەری کێشەکان و بۆ ڕێخۆشکردن و زەمینەسازی بۆ ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا ڕووی لە بەغدا کردبوو، وەفدەکە بێئەنجام گەڕایەوە. بۆیە پێویستە لەم کاتەدا پارتە سیاسییەکان بەتایبەت پارتە پێکهێنەرەکانی حکوومەت و دەسەڵات هەرچی زووە چارەسەرێک بۆ ئەو هەموو قەیران و گرفتانەی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە، کە لەهەموو لایەکەوە هەوڵ دەدرێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت و تەنانەت دەنگی ناشازیش لە هەرێمی کوردستان هەیە و هەموو هەوڵەکانیان خستۆتە گەڕ کە دەست لەناو دەستی نەیارانی کورد بنێن و بانگەوازی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن.

با ڕێگە نەدەین بەغدا بەکەیفی خۆی مەرجمان بۆ ڕێککەوتنبۆ دابنێت. هەر وەک هەندێ لەپەرلەمانتارانی کورد کە بەدەنگی خەڵکی کوردستان بوونەتە پەرلەمانتار، دژیمافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کەوتونەتە تانە و تەشەرلێدان لەهەرێمی کوردستان و دەیانەوێت ئەم هەرێمە کە لەسەر دەستی هەزاران شەهید بەدەست هاتووە؛ هەر لە ١٨٢هەزار ئەنفال و جینۆساید و ٥ هەزار کیمیاباران و هەزاران کەس کە لەدژی ڕژێمی دیکتاتۆریی سەددام شەهید بوون و کیمیابارانی شارو شارۆچکە و تەعریب و ڕووخان و وێرانکردنی دەیان گوند و شار و،شەهیدانی شەری داعش و ونبوونیدەیان منداڵی هەڵەبجە و هەبوونی سەدان تاقانە لە کوردستان بەهۆی ئەوەی کە هەموو کەسوکاری لەپڕۆسەکانی ئەنفالدا لەدەست داوە.

سەرەڕای ئەو هەموو شۆڕش و بەرخۆدانەی کە لەپێناو کوردبوون و پاراستنی کوردستان و ئەو ئازادییەی کە ئێستا بەرهەم هاتووە، لە ئاکامی قوربانیدانی ئەو هەزاران شەهیدەیە. بۆیە پێویستە هاووڵاتیانی کوردستان تا سەر ئێسقان بەرگری لەو ئەزموون و دەسکەوتانە بکەین کە بە قوربانیدانێکی زۆرەوە بەدەست هاتووە، چونکە سەدەیەکە لەپێناو ئەو مافانەداخەلکی باشووری کوردستان تێدەکۆشێ تا ئەو ئەزموون و سەروەرییانە بەدەست هاتووە.

بەڵام بەداخەوە کەسانێک هەن کە تەنیا دەیانەوێ دووفاقی و خیانەت لەهەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە پێویستە هەموومان لەدژی ئەو دەنگە نامۆ و نەشازانە هەڵوێستمان هەبێت و نەهێڵین ئەو جۆرە کەسانە ببنە دەنگی کورد، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی زووە یاسای چاکسازی جێبەجێ بکات و ڕەحم بەهیچ کەسێک نەکات و ئەوەی گەندەڵکاربێت و ڕێگر بێت لەبەردەم یاسای چاکسازیدا،چارەسەری یاسایی بۆ بدۆزێتەوە، چونکە لە ١-٧-٢٠٢٠دا یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەر بۆیەشەئەوانەی بەرژەوەندییاندەکەوێتە مەترسییەوە، هەر ڕۆژەو کێشەیەک دەنێنەوە بۆ ئەوەی زەینی خەڵک و حکوومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لابدرێت و شەقام بەشتی لاوەکییەوە سەرقاڵ بکەن.

بە ڕای من، هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان کە تۆزێک هەستی نیشتمانپەروەریو ئینتیمای بۆ خاک و وڵات هەبێت، دەبێ هاوکار بێت بۆ ئەوەی کە ئەم چاکسازییە سەر بگرێت و هەموومان بەوپەڕی هەست بەبەرپرسیاریەتی و وەک بیلبیلەی چاومان ئەو هەرێمەبپارێزین. لەبەر ئەوە ئەو قەوارەیەلە ئاکامی سەدەیەک خەباتی بێوەچانە کە بەرهەم هاتووە، هەروەها ئەو دەنگە نەشازانەش لەهەرێمدا بوەستێنینو دژیان بوەستین. بۆیە بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێم و پاراستنی گەلی کورد و پێکهاتەکانی، تەنیاڕێگە چارە هەر گفتوگۆ، یەکهەڵوێستی لایەنەکان و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە. ئەو قەیرانانەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە، بەشێکیان بە هۆی پەتای کۆرۆنایە، کە نە تەنیا هەرێمی کوردستان بەڵکوو هەموو جیهانی گرتۆتەوە و ئەمەیش کاتییە و کۆتایی دێت و، بەسەر ئەو کۆسپانەشدا زاڵ دەبین.

© 2017 Hawler