ئەیلول 18, 2020

حزبە دوو نەغمەکانی نێو حكوومەت!

- دەردی دوونەغمەیی زۆر دوور نییە لە دەردی دووبەرەکی، ئەو دەردەی، کە وەک ژەھر بە جەستەی کورددا ڕۆچووە و تادێ، تا زەمەن ھەڵدەکشێ، تا ئەزموون و دەسکەوت و شکستەکان کەڵەکە دەبن، ئەویش ھەر کەڵەکە دەکات، لێ کورد ھەر عار نایگرێ و بەردەوام چنکی لە ڕۆحی خۆی ناوە و لە کوێ برایەکی دیوار ھەڵچنێ، ئەو دڕدۆنگ و ناکۆک، ئەو دیوارە ھەڵچنراوە خاپور دەکات!..
- چیرۆکی خاپورکردنی دیوارەکان زۆرن، لێ با لە ھەڵدانەوەی قەتماغەی برینەکان گەڕێین و بێینە سەر ئەسڵی مەوزوع، کە قسەکردنە لە چەمکی (یەکتیمی)، ئەو چەمکە فرەڕەھەندەی، کە دەکرێ لە گۆشەنیگای جیاوازەوە لەبارەیەوە بدوێین، بەنموونە لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە، کە چ باندۆرێکی ئەرێنی ھەیە لە دروستکردنەوەی متمانەی کۆمەڵایەتی، ئەو متمانەیەی لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا لە ترۆپک بوو، لێ حزبەکان درزیان تێخست و ئێستێ، حەیف بێ متمانەییش دەردێکی تری کوردە و ھەموومانی بەخۆیەوە دەردەدار کردووە!..
- حكوومەت شوێنی بیروڕای جیاواز نییە، شوێنی خۆبادانی فەیسبووکانەیش نییە، ئاساییە، بەر لە دەرکردنی بڕیارەکان گفتوگۆی جیاواز ھەبێت، بەڵام کە بوو بە بڕیار و فەرمان، ئیتر تەواو، ھەموو لێی بەرپرسن و دەبێ وەک یەکتیم جێبەجێی بکەن و کار بۆ سەرکەوتنی بکەن، کەواتە حكوومەت بریتیە لە دەستەیەکی یەکتیمی لە خزمەت خەڵکدا!..
- لەم چەند ساڵەی دواییدا، حزب ھەیە بەشدارە لە حكوومەت، تیمە حکومییەکەی لە نێو حكوومەت بەجۆرێک کار دەکات و حزبەکەیشی لەدەرەوە بەجۆرێکی دژ، کە ئاکام جۆرێک لە دووگوتاریی و پارادۆکسی سیاسی لەگەڵ خۆیدا بەرھەم دێنێت، کە بەر لەھەر لایەنێک گورز لە خودی حزبەکە دەدات و زیان بە پرۆسەی سیاسییش دەگەیەنێت و لەگەڵ خۆیشیدا دەیان پرسیار دێنێتە پێشەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- پارادۆکسی سیاسی، دووگوتاریی، دوونەغمەیی لە نێو خودی یەک حزبدا لەبەرچی و ھۆکار و مەرامەکانی چین؟!..
- لەبەرچی حزب دژی تیمە حکومییەکەی خۆی کار دەکات؟!..
- مەبەستی حزب چییە لە شکاندنی تیمە حکومییەکەی خۆی و بێ ھەیبەتکردنیان لە بەرچاوی ھاوڵاتیاندا ؟!..
- تیمە حکومییەکە چی بکات باشە، بێدەنگ بێ یان بێتە دەنگ؟!..
- گەر ئەم بانێک و دوو ھەوایە تاکتیکە لە پێناو چی و گەر بێ دەسەڵاتییشە چ مانا؟!..
- ئەی باشە تیمی حکومیی حزبەکانی تر ھەڵوێستیان چۆن بێ باشە؟!..چی بکەن بۆ ئەوەی یەکڕیزیی و گیانی یەکتیمیی حكوومەت بپارێزن و لە ھەمان دەمدا فاکت و ڕاستییەکانیش بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە ؟!..
- ئەرێ بەڕاست حوکمەتداریی بەمجۆرە دەکرێت، تیمی حکومی بڵێ سپی و حزبەکەیشی بڵێ ڕەش؟!..
- ئەرێ حزبێک، کە بە قەناعەتەوە دێتە نێو حكوومەت، چۆن دەتوانێ دژی حكوومەت بێت و کەلێن بخاتە نێو یەکتیمیی حكوومەت و یەکڕیزیی و تەبایی نیشتیمانییەوە؟!..
- ھاوڵاتی چەند زەرەرمەندە لەو دووگوتارییە، کە زۆرجار سەردەکێشێت بۆ گرژی سیاسی و حکومی و ئاکام ھاوڵاتی باجەکەی دەدات؟!.
- ئایا لە ڕۆژانی دەنگدانا ھاوڵاتی دەنگدەر ئەم بەزمی دوو نەغمەییەی وەبیردێتەوە و سزای ئەو حزبانە دەدات، کە بەیانیان دەڵێن سپی و شەوانەیش دەڵێن ڕەش؟!..
ئەم پرسیارانەی سەرەوە بەکراوەیی جیدێڵین و چاوەڕێ دەکەین حزبە دوو نەغمەکانی نێو حكوومەت وەڵام بدەنەوە!..

© 2017 Hawler