ئایار 25, 2020

لە ٨ی مارس دا ئامانجی رەوام سەربەخۆییە

شوعلە حەبیب

 

لە کۆنگرەی ٨ی یەکێتی ئافرەتانی کوردستاندا، کە لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠١٨ دا لە هەولێری پایتەختی کوردستان بەسترا، جەخت لەسەر بەدەستهێنانی مافه‌ دەستووری و یاساییەکانی ئافرەتان کرایەوە لە بەڕێوەبردنی حکوومەتی کوردستان. ئاشکرایە هەموو ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و ژنان لە تێکۆشان دان بۆ بەدەستهێنانی مافی جێندەری لە ناو کۆمەڵگادا.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە رۆژی دامەزراندنییەوە هەتا هەنووکە، ٦٧ ساڵە بێ وچان لە تێکۆشان دا بووە، چ بۆ خزمەتی نیشتمان هاوتەریب بە پیاوان، چ بۆ مافی ئافرەت .
خۆشبەختانە بەرهەمی رەنج و ماندوو بوونی ئەم ڕیکخراوە تێکۆشەرە دەبینرێت لە فەزای حوکمڕانی و، لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان دا بەرجەستە بووە و لە ڕووپێوێکی فراوانی که‌لتووری و رۆشنبیری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، هاوکاتە لەگەل ئه‌وه‌ی شکڵ و شێوەی مۆدێرنی سەردەمییانەی لە خۆ گرتووە.
کە باس لە مۆدێرن دەکەین، واتە یەکسانی جێندەری بە نۆرماتیڤی بزووتنەوەی فێمینزمی جیهانی کار دەکات بۆ بیستنی دەنگ و رەنگی ئافرەت لە ناوەندی بڕیاردا لەم سەردەمی گلۆباڵه‌ دا، واتە لە سەردەمی بە جیهانی بوونی کۆمەڵگا جیهانییەکان دا .
کە باس لە چمکی فێمێنیزم دەکەین، مەبەست لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی گۆڕانکارانەیە لە ئەدای کار و چالاکییەکانی بە ئامانجی نەهێشتینی ئەو داب و نەریت و هەڵە باوانەی کە هەن لە ناو کۆمەڵگا، کە تا ئێستا کە چارەکەی سەدەی بیست و یەکە و بەهۆیانەوە ئافرەتان دەچەوسێنرێنەوە.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئافرەتانی ڕۆژاوایی و وڵاتانی ئەمریکا بدەینەوە لە سەدەکانی ڕابردوو، ئەوانیش بەدەر نەبوون لە چەوسانەوە و زوڵم و نایەکسانی . لەدوای بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری، ئافرەتان، توانییان ببنە ڕێگر لەو نایەکسانی و کۆت و بەندانەی کە بۆ ئافرەت کرابوونە نەریت و باوی کۆمەڵگاکانیان .
بەڵام خۆشبەختانە، بەهۆی هاتنەمەیدانی ئافرەتانی چالاکوانی بواری فێمێنستی لە هەموو رەهەندەکانەوە، توانیان بە کۆدەنگی خۆیان رزگاربکەن لەو نایەکسانییەی کە داب و نەریت بۆی دابین کردبوون، توانییان لە زۆرێ لە وڵاتە پێشکەوتووەکان دا ببنە خاوەنی مافی مەدەنی و سیاسیی خۆیان.
لەکۆتاییەکانی سەدەی بیستدا، بزووتنەوەی فێمینستی لە هەموو ڕەهەندەکانەوە پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینیوە و بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین بزووتنەوە و شەپۆلی فێمێنیزمی وەکو:
( لیبرال - سۆسیالیست - شیوعی - بونگەرایی - ڕادیکاڵ ( لەلایەن فەیلەسوفان و بیرمەندانی ئەم چه‌مکە، چه‌مکی فێمینستی دابەشکاری بۆ کراوە بەسەر چەند قۆناخ دا
لەگەل سەرهەڵدان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی وڵاتەکانیان دا بزووتنەوەی فێمێنستی شکڵ فۆرمی نوێی بەخۆیەوە بینیوە و، لەگەڵ سیستەمی دەوڵەتدارێتی و مۆدێرنیتەی سەدەی بیست دا خۆیانیان گونجاندووە.
ئەوەی شایانی ئاماژەیە، ئێمەی ئافرەتانی کورد داکۆکیکارین لە مافی جیندەری، لەگەڵ ئەوەشدا ئەولەویەتی کار و تێکۆشانمان لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان دا ئەرکی سەرشانمانە و سەربەخۆیی نیشتمان ئامانجی کارکردنمانە . هەتا نیشتمان سەربەخۆ نەبێت هەرگیز ناتوانین یەکسانی جێندەری دەستەبەر بکەین . لەو جوگرافیایەی ئازادی هەیە، مافی ئافرەت تا ڕادەیەکی باش دەستەبەرە، بەڵام مەخابن لەو شوێنانەی کە داگیرکروان و لە دەستی داگیرکەران دان ئافرەتان دووجار دەچەوسێنەوە، چەوسانەوەی داب و نەریت لەلایەک و چەوسانەوەی داگیرکەران، کە جیاوازی لە نێوان ئافرەت و پیاوان ناکات . لەبەر ئەوە هەتا داگیرکەر لە نیشتمانمان دا بمێنێ و بستێ ئەرزی نیشتمان بەدەست داگیرکارەوە بێت، رۆژی ٨ ی مارس هیچ مانایەکی نییە کە ئافرەت هێشتا ژێردەستە بێت و مافی جێندەر لەژێر داپلۆسین و نادادپەروەری دا بێت . هەتا ناوچە داگیرکراوەکانمان ئازاد نەبێت و نەگەڕێتەوە سەر نەخشەی دابەشکراوی نیشتمانمان ناتوانین و ناکرێت بڵێین مافی یەکسانی جێندەریمان دەستبەر بووە.

© 2017 Hawler