ئایار 25, 2020

٨ی مارس؛ ڕۆژی چەسپاندنی دادپەروەری

مینا تەها

 

هەوڵ و تێکوشانی ژنان، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و، وەدیهێنانی دۆخێک کە هەست بکەن چیتر ستەمیان لێناکرێت و، جیاوازییە ڕەگەزییەکان نابنە هۆکارێک بۆ ئەوەی بە چاوێکی کەم سەیری تواناکانیان بکرێت، ئەو کەم سەیرکردنەی تواناکانی ئافرەتان، چ ئێستا و چ ڕابردوودا، وایکردووە ژنان لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا جیاوازەکاندا دژی ئەم جیاکارییانە ناڕەزایی دەڕبرن، بەتایبەتی لە ڕووداوەکانی ناڕەزایه‌تی دەڕبرینی کرێکارانی ڕستن و چنینی ساڵی ١٨٥٧ شاری نیۆیۆرک، ئەو ناڕەزایەتییانەی لە دەرئەنجامی نەبوونی دادپەروەری و سەختیی کارکردنی ژنانەوە هاتە بەرهەم. چونکە، ئەوان لەگەڵ ئەوەی بەشێوەیەکی زۆر گران کاریان دەکرد، لێ لە بەرامبەردا کڕێیەکی کەمیان وەردەگرد.
دوای تێپەربوونی نیو سەدە لە ساڵڕۆژی یادکردنەوەی ئەم یادە، "یەكێتیی جیهانیی ژنانی كرێكاری پیشەسازیی جلوبەرگ"، لە ساڵی 1908 بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەڕبرین لە هەمبەر هەلومەرجی نالەباری كاری كرێكارانی ژن و نایەكسانی و كەمبوونی مووچەکەیان، مانیان گرت. هەوڵەکانی خاوەن کارگەکان بۆ ڕێگری کردن لەو ناڕەزایەتی دەڕبرینانە، بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی ١٢٩ ئافرەت، ئەمەش بەهۆی سووتانیان لەنێو کارگەکەدا.
بۆیە، ئافرەتان لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا، ساڵانە لە ساڵوەگەری ئەم ڕووداوانە، بە دروشم و شێوەی جیاواز، ئەم خەباتە و تێکوشانە یاد دەکەنەوە.
بۆیە، دکارین بێژین خەباتی ئافرەتان، خەباتێک بووە بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەری لە نێو توێژەکانی کۆمەڵگەدا، چونکە نەدەکرا ئافرەتێک بەو هەموو سەختییانەوە کاربکات و لەگەڵیشیدا وزەیەکی زۆری جەستەیی و لۆژیکی خۆی بەکاربێنێت، کەچی ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت نەتوانێت پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە، یاخود ئەم دەستهاتە یەکسان نەبێت بە کرێی ئەو پیاوانەی کەهەمان کار و هەمان کاژێرەکانی کارکردنی ئەوانیان هەیە. واتە، تەنیا لەسەر بنەمای ڕەگەزی جیاکاری و ستەمیان لێبکرێت، دۆخێک دروستبکرێت کە ئافرەتانیش هاوشێوەی پیاوان نەتوانن مافەکانیان دەستەبەربکەن.
من، لێرەدا جەختم لەسەر چەمکی دادپەروەری کردۆتەوە، چونکە ئافرەت و پیاو لەکۆی بوارەکاندا یەکسان نین. جگە لەوەش، باسکردن لە یەکسانی زۆرجار هەوڵێکە بۆ پێشێلکردنی مافی کۆی مرۆڤەکان، چونکە ناکرێت ئەوەی ٨ سه‌عات کاردەکات هەمان کرێ و دەستهاتی ئەو کەسەی هەبێت کە ٤ سه‌عات کاردەکات، یاخود لە کاتی پێدانی کارێک ئەگەر دوو کەسی شایستە هەبن لەیەک ڕەگەزیش بن دەبێت کارەکەیان پێ بدرێت، چونکە ناکرێت بە بیانووی ڕاگرتنی باڵانسی یەکسانی مافی ئەوانی تر پێشێلبکرێت.
بۆیە، لەو ڕۆژەدا، واتە له‌ ٨ی مارسدا، ئەرکی سەرشانی کۆی تاکەکانی کۆمەڵگەیە دژی هەر هەوڵێکی جیاکاری و ستەمکاری بوەستنەوە کە ڕێگری لە بەدیهێنانی دادپەروەری دەکەن لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا.
لە کۆتاییدا تکا کارم، کە چیدیکە بەبیانووی ڕەگەزی و مێبوونی ئافرەتانەوە مافەکانیان پێشێل نەکەن، کاریش بکەن بۆ وەدیهێنانی دۆخێک کە کەس تێیدا ستەمی لێناکرێت و حەقی خۆی پێ بدرێت.

© 2017 Hawler