نیسان 07, 2020

ئەرکی سیاسی لە عێراق و کوردستاندا

هەورامان علی تۆفیق

پێشهاتە سیاسیەکان لە عێراق و کوردستان و ڕۆڵی کاریگەری کارەکتەرەسیاسیەکان لە دەرەنجامی گۆڕانکاریەکان و دۆخەکە بەدیاردەکەون .. کاتێک بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و گوزەران و ئاستی ژیان لە عێراق و بەتایبەت لە ناوەڕاست و خواروو دەبینین بەجۆرێکە جێگای تێڕامانە، دواتر بەردەوامی خۆپیشاندانەکان بۆ زیاتر لە پینج مانگ و نەبوونی هیچ گۆڕانکاریەک، ئەوە دەگەیەنێ سیاسیەکانی عێراق لە خەمی وڵات و خەڵکدا نین و لەشکست بەردەوامن و لایەنە سیاسیەکان توانای بەڕیوەبردنی وڵات و هێزی دەوڵەتداریان نیە .
لەکاتێکا بڕیاری سیاسی لە عێراق لای هەندێکە هیچ پێگەیەکی سیاسی نیە، وەک مەرجەعیەتەکانی شیعە، بەجۆرێک لە جۆرەکان ناڕاستەوخۆ لە لایەن پیاوانی ئاینیەوە ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبرێت و ئەوان بڕیاردەدەن و حکومەت پێکدێنن و حەرام وحەڵاڵی یاساو بڕیارەکان دەکەن، کەواتە دەبێ ئەرکی سیاسیەکان و حزبەکان چی بێت ..؟ پەرلەمان و دەستور و یاسا بۆ بوونیان هەبێت ..؟، دەکرێ بەئاشکرا و راستەوخۆ پیاوانی ئاینی ولاتێکی ئیسلامی و ئاینی پێک بهێنن و بەخۆیان دەسەلات بگرنە دەست، بەدەر لەم سیاسیە ڕوکەشانەی ئەمڕۆ لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا .
ناکۆکیە سیاسیەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەم وڵاتە گۆڕاوە بۆ ناکۆکی شارستانیەت و دژە بە دواکەوتووی و کۆنەپەرستی، لەهەمان کاتدا گەندەڵی دەرەنجامی کۆنەپەرستی و دواکووتویە لەم وڵاتە، بۆیە کێبڕکێکان لەبری بەرەو باشتربوون بچێت ڕوو لەخراپ بوون و گەڕانەوە بۆ دواوەیە .
ئارامی ناوچەکە کاتێک پارێزراودەبێت گەندەڵی بنبڕبکرێت نەک گەندەڵکاران بکرێنە پاڵەوان و خەڵات بکرێن . ئەم ململانێیەش ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر جدیە و بەدڵنیای کاتی زۆریشی دەوێ، ئارامی ناوچەکە لە دەرنجامی بنیادنان و ئاوەدانکردنەوە و زیادکردنی هەلیکارو نەهێشتنی هەژاری و ئارامی سیاسی و لەبەرقەرار بوونی ئاسایشەوە دەستەبەردەبێت، ئەمڕۆ سیاسیەکانی عێراق بە پێچەوانەی ئاراستەی هێنانی ئارامی سیاسی بۆ عێراق کاردەکەن . نەئەم حکومەتەی ئێستاو نە ئەوانەی دواتریش دەتوانن ئەو ژیان و گوزەرانە بۆ عێراقیەکان فەراهەم بکەن، چونکە ئامانج و ئاراستەکان پێچەوانەن .
سەرەرای ئەوەی کوردیش جیا لە کاروباری تایبەتی نێوخۆی و دەوڵەتداری لە هەرێم و کێشە بەردەوامەکانی لەگەڵ عێراق هەمیشە سەرێشەبوون و بەردەوام کوردی لە نائارامی سیاسیدا هیشتوەتەوە و حکومەت لە دوای حکومەت لە عێراق کورد لە خاڵی سفرەوە دەستی پێکردوەتەوە .
بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشیە کورد و سیاسەتی حکومەت وپارتی وەک براوەی یەکەم و خاوەن بریاری سیاسی بە ئاراستەی دروست هەنگاو دەنێ، چ لە ناوخۆی هەرێم و چ لە عێراق و ناوچەکەو دواتریش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هاوتەریب هەنگاوەکان و کاریگەری سیاسی لە جوڵەی بەردەوامن، بێگومان ئاستەنگیەکان زۆرن و ناکۆکیە نیوخۆییەکان کاریگەری خۆیان هەیە و دەبێ لەبەرچاوبگیرێن، چونکە هێشتا دەنگی جیاواز و نەشاز بوونیان هەیە .
هەرچەندە گرنگە کورد خاڵبەندی بۆ پرسەکان بکات و سیاسیەکان لەوە تێبگەن پرسی ناوخۆیی و پرسی عێراق و پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پرسی نەتەوەیی جیاوازن و دەبێ کاروبارەکان تیکەڵ نەکرێن و لێک جیابکرێنەوە و لێک تێگەیشتن بۆ تەواوی دۆخەکە هەبێت .

© 2017 Hawler