نیسان 07, 2020

لوقمان باپیر

هەموومان شتێکمان لەسەر سەربردەی مرۆڤ و مێژووی پێشکەوتنی خوێندووەتەوە و گوێمان لە هەندێ شتیش بووە و دەشزانین زمان و قسەکردن ئەزەلی نین و مرۆڤیش کۆئەندامێکی تایبەتی بۆ قسەکردن نییە، بەڵام پێداویستیی ژیان و پێداویستیی دەربڕین مرۆڤی خستووەتە سەر ڕێچکەی بیرکردنەوە تا لە هەندێ پارچەی کۆئەندامەکانی دیکەی کەرەستەیەک بۆ قسەکردن دروستکا و لەوێوە هەست و نەستی خۆی بۆ بەرانبەرەکەی دەربڕێ.
ئاخر مرۆڤ هەردوو باری هەیە، هەم دەبەخشێ و هەمیش پێویستی بە دەسگرۆیی ئەوانیدیکەیە. جا لەو سۆنگەیەوە کەرەستە و ئەوزارێکی گەرەکە تا هەم بزانێ لەبەرانبەر بگەیەنی وازی لەچییە و هەمیش تێبگا بەرانبەر چیی دەوێ.......ئالێرەوە زمان و دیالێکت و بنەزمان پەیدابوون و تەنانەت وەهاش فراوانبوون خانەوادەی زمانەکانیشیان لێکەوتەوە و ئێستە چەندین بەرەبابی زمان لە دنیادا هەن.
ئەگەر زمان ئافەریدەی توانا و لێوەشاوەیی مرۆڤ بێ، ئەوا ئەو ئافەریدەە بەپێی بارودۆخ و هەلی مانەوە و لەناوچوون، دەکرێ تا عەیامێکی دوورودرێژ هەناسەبدا و تەنانەت وەک مار بەردەوام کیفەکەی بگۆڕێ و گەنج ببێتەوە. ئەگەرچی دەڵێن ئێستا لەسەر ئەو هەسارەیە هەموو دووهەفتە زمانێک گیان دەسپێرێ و ئاسەواری نامێنێ.
گومانیش لەوەیدا نییە مرۆ، لەگەڵ پێینایە ژیانچاوی لە زاری دایکییەتی و گڕوگاڵ بە لایلایەی ئەوەوە دەکا، بۆیە بەزمانی نەتەوەیی هەر میللەتێک دەڵێن زمانی دایک، ئەو زمانەش، هاوتای نیشتمان، لەبنەما هەرەسەرەکییەکانی پێکهاتنی نەتەوەیە و، دەستبەرداربوونی، ئەگەر وەک مرۆڤیش لەناوت نەبا، ئەوا وەک نەتەوە دەتسڕێتەوە. بۆیە دەبێ، تا ئاومان لەدوای پێمەڕەی بێ نەهێڵین زمانەکەمان لەناو بچێ، ئەگەرچی زۆر بەداخەوە ئێستا ئەو کوردییە نازدارەی سەلیقەی میللەت دروستی کردووە و خوڵقاندوویەتی، لەبەر بۆ پێوەری خەریکە پاماڵ دەبێ.
با لەبیریشی نەکەین، پێشنیاری ٢١ی٢ی ١٩٩٩ پێشنیاری وڵاتی بەنگلادیش بوو بۆ یۆنسکۆ، تا ئەوڕۆژە بکرێتە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک.

© 2017 Hawler