ئەیلول 20, 2020

یادگارییەك لەگەڵ شەهیدی سەركردە فەڕەنسۆ هەریری

سیروان چاوبەخاڵ

 

19 ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، سەركردەی گەورەی كورد و والیی شاری هەولێر، فەڕەنسۆ هەریری، شەهید كرا. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی ئەم سەركردە گەورەیە و سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاریی كوردستان.
ئه‌و سه‌رکرده‌ خاکه‌ڕا و ساده‌ و به‌توانایه‌، که‌ ئاره‌زووێکی وه‌رزشیی جوانی تێدابوو ئاشنایه‌تییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ وه‌رزشوانان هه‌بوو، ئه‌ڵبه‌ه‌ یادگاریی جوانیشی لای وه‌رزشوانان جێهێشتووه‌. من، به‌ختی ناسین و نزیکبوونه‌وه‌ی ئەم سەركردە ماندوونەناسەم پێبڕابوو، چه‌ندین یادگاریی خۆشم هەیە و هەمیشە وەك برایەكی گەورە و پاڵپشت و پەناگەیەك بۆ سەرجەم راگەیاندنكار و وەرزشدۆستان دەمبینی، بەتایبەتیش بۆ من لەسەردەمانی تەلەفزیۆنی گوڵان و شیڕاتۆندا.
لێرەدا، دەمەوێ تەنیا یادگارییەك لەگەڵ ئەم سەركردە مەزنە بخەمەڕوو، كاتێك من بەرپرسی پەخشی گوڵان بووم، لە ساڵی 1994 كاتێك یارییەكانی مۆندیالی تۆپی پێی جیهان لە ئەمەریكا بەڕێوە دەچوو و، زۆربەی یارییەكانیش لە كاتی درەنگانی شەو و بەرەبەیان بەڕێوە دەچوون، شه‌هید فڕەنسۆ لە هاوینەهەواری پیرمامەوە بە تەلەفۆن تەكلیفێكی لێ كردم كە ئەگەر بە ئەرك نەبێت شەوانە لە سەعات 3 بەدواوە تەلەفۆنی بۆ بكەم و خەبەری بكەمەوە بۆ ئەوەی یارییەكانی مۆندیال ببینێت، چونكە ئەو عەشقێكی گەورەی بۆ وەرزش و یارییەكانی تۆپی پێ، بەتایبەتیش یارییەكانی مۆندیال، هەبوو. پێشی گوتم كە دەبێت سەرجەم یارییەكان لە تەلەفزیۆنی گوڵان بگوازینەوە، تەنانەت ئەگەر لە بەرەبەیانیش بەڕێوە بچن. من ئەو كات پێمگوت كە گواستنەوەی یارییەكان لەو كاتانەدا بێ سوودە، چونكە ئەو كات كارەبای نیشتمانی لە دوای سەعات 12ی شەوەوە دەپچڕا و، بێگومان مۆلیدەش وەك ئێستا نەبوو و تەنیا چەند ماڵێكی كەم لە شاری هەولێر هەیانبوو و مۆلیدە گشتییەكانیش لە دوای نیوەی شەوەوە كارەبایان نەدەدایەوە.
بەبیرم دێت كە تەنیا نیو كاتژمێر دوای ئەم قسەی نێوانمان، دووبارە شه‌هید فەڕەنسۆ تەلەفۆنی بۆ كردمەوە و پێیگوتم كە بە جەلال پەرێشان رابگەیەنم، كە ئەو كات بێژەری یارییەكانی مۆندیال بوو، وەك ئاگادارییەك بڵاوی بكاتەوە كە ئیتر فەرمانی كردووە تا ئەو كاتەی یارییەكانی مۆندیال تەواو دەبێت سەرجەم مۆلیدە گشتییەكان لە شاری هەولێر تا تەواوبوونی یارییەكانی مۆندیال هەڵبكەن و، بۆ ئەوەی وەرزشوانان لە بینینی یارییەكانی مۆندیال بێبەش نەبن. بڕیاریشی دابوو كە تەواوی ئەم ماوەیە لەسەر ئەستۆی شەخسی خۆی بڕی گازی زیاتر بە مۆلیدەكان بدات، لەبەرامبەر هەڵكردنیان بۆ بینینی یارییەكانی مۆندیال.
ئەم بڕیارەی بووە جێگەی خۆشحاڵیی سەرجەم دانیشتووانی شاری هەولێر، بەتایبەتیش توێژی وەرزشدۆستان كە ئارەزوویان بوو یارییەكانی مۆندیالی ئەو كات بیبینن.
ئەمە تەنها نموونەیەكی بچووكە لە دڵسۆزییەكانی شەهیدی سەركردە، فەڕەنسۆ هه‌ریری بۆ خەڵكی شاری هەولێر و ئەو خەباتە گەورەیەی لە ماوەی ژیانیدا پێشكەش بە كوردستانی كرد. ئەم یادگارییە هەرگیز لەبیرناكرێ و هەمیشە لە یادم دەزرینگێتەوە، بێگومان چەندان یادگاری تری جوان و خۆشم لەگەڵ ئەم شەهیدە سەركردەیه‌ هەیە و، بۆ بەرچاوڕونییەك تەنیا ویستم ئەمەیان بخەمەڕوو.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدی سەركردە فڕەنسۆ هەریری و سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان و رووڕەشی و سەرشۆڕیش بۆ تیرۆر و تیرۆریستان.

© 2017 Hawler