ئەیلول 20, 2020

خۆشەویستی دایك و باوك و ڕێزگرتن لێیان

عومەر چنگیانی

 

هەینیەکەی وا چوو، رێکەوتی 14ـی مانگی شوبات زۆربەی مامۆستا بەڕیزەكانی كوردستان هەر یەکە و لە دوانگەی مزگەوتێکەوە - وەك رێنمایییان پێدرابوو - باسیان لە چەمكی"هاندانی ئیسلام بۆ خۆشەویستی و دووركەوتنەوە له ڕق و كینە" كرد و، منیش هەرلەسەرتاوە بە بیرهینانەوەی بابەتێكی خۆم لەژێر سەردیڕی "خۆشەویستی، ئەو وشە شیرین و ناسكەیە، لە قورئاندا(83)جار بەكارهاتووە" كە كاتی خۆی لە لاپەڕە 6 ی ژمارە 118 ی ڕۆژنامەی (هەولێر پۆست)ـدا لە 14/2/2007 بڵاوم كردبووەوە و، پاشان تیشكم خستە سەر جۆرەكانی خۆشەویستی لە ئیسلامدا وەك: 1/ خۆشەویستنی خوا و پیغەمبەر؛ 2/ خۆشەویستنی مسوڵمانان و پشتیوانیكردن لێیان؛ 3/ خۆشەویستنی نیشتمان؛ 4/ خۆشەویستیی نێوان ژن و مێرد و منداڵەكانیان؛ 5/ خۆشەویستنی دایكوباوك كە ئەوەیش یەكێكە لەوڕەوشتە بەرزانەی مرۆڤی بڕواداری جوان كردووە و بۆیان بووەتە ناسنامە، كە لەهەمان كاتیشدا کۆمەڵە مافێكی سەرشانیشیان هەن، وەك ئەرك و فەرمان تەماشا دەكرێن، نەك خواست و هاندان، بەمانا: ئەوتاكەی وا كەمتەرخەمییان تێدا دەكات، بەرپرسیارە لای قەزای ئیسلامی، بۆ دنیا و لێپێچانەوەی ڕۆژی دواییشی بە دواوە دێ! كە یەكێكیان بە هەندوەرگرتنی مافی دایك وباوكە، ئەڵبەتە من لێرەدا ناچمە نێو درێژەپێدانی سەرجەم ئەوحوكمانەی پەیوەندیان بەم مەسەلەیەوە هەیە، بەڵام وەك بیرهێنانەوە ئایەتەكانی 23تا27ی سوورەتی "ئیسرا" دێنمەوە لە قورئانی پڕ لەبەخششدا كە دەفەرمێت: "فەرمانی خوای گەورە وایە، كە نابێ‌ جگە لەوی كەسەكی دی بپەرستن و لەگەڵ داك و بابتان باش بن، وشەی ئیحسانیش كە بەكارهاتووە بەمانا: چاكە كردن لە بەرامبەر خراپە، كەوابوو گەرهاتوو ئەوان خراپیش بوون تۆهەردەبێ چاك بیت لەگەڵیان. جائەگەرهەر یەك لەو دووانە، یان هەردووكیان پێكەوەكەوتنە ساڵەوە لەلات و پیربوون، كە دیارە مرۆڤ كەوتە ساڵەوە هەستیشی ناسك دەبێتەوە و هۆشیشی گۆڕاندنی بەسەردادێ، گەر وەهابوو، پێویستە هەر ڕێزیان لێبگریت و نەكەی ئۆفیان لەدەست بكەیت، یان وەختێ‌ لەگەڵیان دەدوویت، بچی روو شكێنیانیان بكەیت، بەقسەی خۆش و ڕەفتاری شیرین بە لەگەڵیان، باڵی خۆ بە بەكەمزانینیان بۆ ڕابكێشە و هەردەم بۆیان وەپاڕێ و بڵێ‌: ئەی پەروەردگاری من میهرەبانبە بەرامبەریان، وەك چۆن ئەوان منیان پەروەردەكردووە و گۆشیان كردووم".
لە فەرموودەیەكی دروستدا هاتووە كە بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە كە"پیاوێك هاتەلای پێغەمبەرە دروود و سەڵاوی خوای لەسەرە و گوتی، هاتووم بەیعەتت بكەم و پەیمانت پێ بدەم بۆئەوەی لەپێناو خوادا كۆچ بكەم و خەبات بكەم بۆسەرخستنی ئایینی خوا، مەبەستیشم هەرڕازیكردنی پەروەردگارە، ئەویش فەرمووی: باشە دایك وبابت لەژیاندا ماون؟ كابرایش گوتی: هەردووكیان هەرزیندوون، ئیتر پێغەمبەرە دروود و سەڵاوی خوای لەسەرە فەرموی: عەوداڵی پاداشتی پەروەردگاری؟ كابرا گوتی: بەڵێ‌، پێغەمبەرە دروود و سەڵاوی خوای لەسەرە فەرمووی: دەبڕۆرەوە ماڵەوە خزمەتی ئەوان بكە و بەباشی ڕەفتاریان لەگەڵدا بكە" .

تێبینی: بەشێك لەم گوڵخەرمانەی ئیمڕۆمان پوختەیەكی نووسینێكمانە كە لە پێنجشەممە، 4/11/2004" لە ژمارە1611رۆژنامەی خەباتدا بڵاوكراوەتەوە.

© 2017 Hawler