شوبات 27, 2020

لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتدا

عومەری چنگیانی

 

لە سەرێکەوە وەك خاوەن قەڵەمێكی تا ئەندازەیەك بەرچاو، لەو سەریشەوە وەكو كەسایەتییەكی زانستی ئایینی و، وەك هاوڵاتییەكی خەمخۆری بێسنووری دۆزی ڕەوای گەلەكەم و سەركەوتنی حكووومەتەكەی، كە هەمیشە هەوڵی ئەوەم داوە لە ڕوانگەی دەقەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، بیرهێنانەوە بكەم بۆ بڕیاربەدەستانی كوردستان و، ئەگەر ڕاوێژیشم پێ نەكرابێت، خۆم دەستپێشخەریم كردووە، بە ئەركی دەزانم خەرمانە گوڵی ئیمڕۆم تایبەت بكەم بە بیرهێنانەوەی نووسینێكی خۆم لەژێر سەردێڕی"لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، بەڵێ بۆ نەنووسینی"بسم الله الرحمن الرحیم" و "رسول الله"!" كە لاپه‌ڕه‌ 16ی ژماره‌ 252ی حه‌فته‌نامه‌ی (باس)سێشه‌ممه‌ 1-9-2015دا بڵاوكراوەتەوە بۆم و، تێیدا گوتوومە: "دەزانم هەر لە خوێندنەوەی سەردێڕەكەوە لای هەندێك كەس و لایەنەوە دەكەومە بەر ئەوەی خوا پێی ناخۆش بێت و ئیتر اللهم حافظ چی ڕووبدەدات! لەم وڵاتەی ئێمەدا هەر لە پێنجی سەرەتایییەوە منداڵانمان تا هەموو قۆناغەكانی تری خوێندن و لە نێو وەعز و ئامۆژگاری مزگەوتەكان و دوانگە و بەرنامە ئایینیەكاندا، هەمیشە باسی ئەوەمان بۆ دەكرێت كە لە مێژووی ژیانی پێغەمبەردا"دروود و سڵاوی خوای لەسەر"، لاپەڕەیەك هەیە پێی دەگوترێت: "رێكەوتنانمەی حودەیبیە" و كورتەی ڕووداوەكە ئەوەیە كە سەرچاوەكانی مێژووی دروست بۆمانی دەگێڕنەوە، ئەوكاتەی لە ساڵی شەشی كۆچیدا واتە بەر لە هەزار و چوارسەد و سی چوارساڵ زیاتر پێش ئێستا، قوڕەیش داوای ڕێككەوتنی كرد لە پێغەمبەر"دروود وسڵاوی خوای لەسەر" و، بۆ گەیشتن بە مۆركردنی ڕێكەوتنانەمەكە، شاندێكی بە سەرۆكایەتی "سوهەیلی كوڕی عەمر"نارد، هەر كە پێغەمبەر "دروود وسڵاوی خوای لەسەر"، لە دوورەوە سوهەیلی بینی، فەرمووی: خوا ئیشەكەی لەسەرئاسانكردن! چونكە قوڕەیش سوهەیلیان ناردووە كە هەم كەسێكی شەڕخواز نەبوو و نوقڵانەیش لە ناوەكەی و گەشبینی پێغەمبەر"دروود وسڵاوی خوای لەسەر" بە ناوی خۆش نەشاردرایەوە!
كە گەیشتنە خاڵەكانی رێككەوتن، نووسرابوو "بسم الله الرحمن الرحیم"، سوهەیل گوتی: ئێمە رەحمان و ڕەحیم ناناسین، پێش ئەم بانگەت چیت دەنووسی هەر وا بنووسە و بنووسە "باسمك اللهم"، دەنا ڕێكناكەوین و پێك نایەین!
پێغەمبەریش "دروود و سڵاوی خوای لەسەر" بێ، بەبێ سێ و دوو، فەرمووی: بنووسن "باسمك اللهم" و مەنووسن "بسم الرحمن الرحیم".
پاشان فەرمووی: بنووسن ئەمە ئەو ڕێکكەوتننامەیە لە نێوان محەمەدی پێغەمبەری خوا و سوهەیلی كوڕی عەمر، سوهەیلیش گوتی: مەنووسن پێغەمبەری خوا، ئەگەر بە پێغەمبەرمان زانیبای، شوێنت دەكەوتین و ئەم ڕێکكەوتنەش نەدەکرا!
پێغمبەر"دروود و سڵاوی خوای لەسەر" فەرمووی: مەنووسن رەسول الله!
بنووسن محەمەدی كوڕی عەبدوڵا.
بەم شێوە ڕێکكەوتننامەكە مۆركرا و ماوەیەكی باش خوێنڕشتن و قەیران و دەرەنجامەكانی شەڕ لە ناوچەكە دوور كەوتەوە.
ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە لەم هەلومەرجەی ئێستای ئێمەدا كە لە مانگی زیلقەعیدەداین و ئەو ڕووداوەیش هەمان كات بوو بە جیاوازی ١٤٣٠ ساڵ، باسكردن نییە لە ڕووداوەكە، هێندەی باسم لەو وانە پێویستەیە دەبێ لێی وەربگرین:
سەرباری ئەوەی دەبێ بزانرێت كێن شاندی دانووسانكار و چۆن هەڵدەبژێردرێن، تا چەندیش هەر كەس و لایەنەیش لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا ئامادەیە لە هەندێك خاڵ بێتە خوارەوە؟
بەوهیوای لایەنە ناكۆكەكانی كوردستان، وانەیەك لە پێغەمبەر وەربگرن "دروود وسڵاوی خوای لەسەر"، كە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و، نەڕشتنی خوێندا، ئامادە بوو لەسەر رێكەوتننامەیەك هەم "بسم الله الرحمن الرحیم" و هەم ناوی خۆیشی وەك پێغەمبەر ناونەبرێت!".
دوا وشە: خوێنەری هێژا، بێگومان لە خۆ ڕا قسان ناكەم و نایش نووسم، بەرلە چەند ڕۆژێك پێش ئێستا كە قەیرانێكی سەخت لە ناوچەكە هاتە پێشەوە و وەك بەڵای لابەلا خەریك بوو ئێخەی هەرێمەكەیشمان بگرێتەوە، لەوكاتەدا من لەبەر وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی لە نێو كوردستان نەبووم، وەلێ لەم دنیا بەرینە خنجیلەبووەی ئێمڕۆدا كە شتەكان زوو بەزوو دەگەن، ئاگاداری نەرمی و هەڵنەچوونی دەسەڵات و سەركردایەتی سیاسی بووم و دەمبینی زۆر حەكیمانە دەجووڵێنەوە و ڕەفتار دەكەن، كە وای لێكردم لەگەڵ بوونی دەیان گلە و گازنەدەیش، زۆر شاییم بەخۆم بێت و بەدیدار و پەیوەندییە كانیان زۆر دڵخۆش بووم و، مام هێمن گوتەنی"دوور دەمڕوانی و ئاسۆی ڕوون"م "1"بەدیدەكرد و بەدی دەكەم، هەربۆیە پێم وایە لەڕواڵەتدا نەرمیی نواندن تابگاتە ئەوەی خەڵكێك وا بزانن بنەما سەرەكییەكان فەرامۆش كراون لە پێناو بەرژەوەندی باڵا بەدەستهێنان، یان شەڕدوور خستنەوە وەك لە سیاسەتدا دەگونجێ لە ئایینیشدا ڕێگا پێدراوە و ئەو بابەتەیش نموونەیەكی زیدندووی ئایینیە.
پەراوێز:
"1" هێمن لە شیعرێكی پڕ هەست و سۆزی كوردایەتی و نیشتمانپەروەریدا كە باس لە ئاخاوتنی نێوان گەشبین و كورتبینێك دەكات و، دەڵێ:
گوتم: كەوابێ ئاشنا بەشی ئێمە لەناوچوونە
گوتی: نا نا دوور بڕوانە، دوور بڕوانە، ئاسۆ ڕوونە".

© 2017 Hawler