شوبات 27, 2020

عومەری چنگیانی

 

شەیتان یاخود ئیبلیس ئەوكەسایەتییە خۆ نادیار و كردەوە دیارەی كە هەموو مسوڵمانێك تا بۆی بكرێت خۆی لێدەپارێزێ و لە هەوڵی ئەوەدایە لە هەر كار و گفتارێكی خراپدا خۆی لێپەرێز پاك نیشانبدات و بیداتە پاڵ ئەوەوە. پشتیوان بەخوا گوڵخەرمانی یەكەم ژمارەی دوای دووسەد و، یەكەم دانەی ساڵی 2020م ئاوڕێك دەبێت لە هەڵوێستێكی خۆ ناسی و خوا ناسی ئیبلیس! كە مەبەستم بە خوا ناسی ئیبلیسیش، خوا پەرستیی نییە، بەڵكو ناسینی ڕێز و ئاستی گەورەیی خوا لەلایەن ئەوەوە.
باسكردنی قورئان لە ئیبلیس لە وەدا چڕ بۆتەوە كە ملكەچ نەبوو بۆ فەرمانی خوا و، ئامادە نەبوو كڕنووشێك ببات بۆ ئادەم، كە دەرەنجامی ملهوڕییەكەی بەوەی گەیاند كە شایانی نەفرین و دووری لە میهرەبانی خوا بێت، بە مانا لەو ململانێیەدا ئیبلیس دۆڕاندی و بەندەكانیش كەوتنە بەرخەشمی ئەو شەڕە نەگریسە و، لەخشتە بردنەكانی ئەو، لەوێوە دەستی پێكرد بۆ ئادەم و هەرچیشی لێ كەوتەوە تا كۆتایی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیەیش ئەو ململانێیە بەردەوام دەبێت، جا ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت تیشكی بخەمە سەر دوو خاڵە:
یەكەم: كە مرۆڤ گەیشتە گومڕایی و دایە سەرپێچی كە خوایشی دێنرێتەوە بیر، دەڵێ من پەروەرێنە گەورەكەی ئێوەم وەك فیرعەونەكەی موسا گوتی و لە قاوغ و سنووری خۆی دەرچوو – سەیرێكی ئایەتەكانی 15 – 24 ی سورەتی"نازعات" بكەن – بە وردی لەو هەڵوێستە تێدەگەن و سەیرێكی مێژووی مرۆڤایەتی بە كۆن و هاوچەرخێوە بكەن ئاستی ملهوڕی مرۆڤ تێدەگەن، هاوكات – ئەمەیش خاڵی دووەم - سەیری هەڵوێستی ئیبلیس بكەن كە دوای بڕیارە قورسەكەی خوا لە بەرانبەریدا ئاوری حەسوودی دەیگەیێنێتە ئەوە ئاڵای دژایەتی مرۆڤ هەڵبكات، بەڵام لەو كاتە هەستیارەیشدا دان بە گەورەیی خوادا دەنێ !
با وێكڕا ئەم كۆپلە ئایەتانەی حەفتا و یەك تا هەشتا و سێ سورەتی"ص" بخوێنینەوە كە ڕووی گوتار و بیرهێنانەوە دەكاتە محەممەد پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – و دەفەرمێت: "ئەوكاتە وەبیری خۆت و خەڵكی بێنەرەوە كە پەروەرێنی تۆ بە فریشتەكانی وت: من لە گڵ مرۆڤێك دروست دەكەم * ئەوكاتەی تەواوم كرد و لە ڕۆحی خۆم كەمە ڕۆحێكم دەبەریدا كرد، ئێوەیش كڕنووشی وەبەرببەن و بە كڕنووشدا بێن بۆی، یان بەكڕنووشدا بێن لەبەر دروستكردنی ئەو* سەرجەم فریشتەگەل فەرمانەكەیان وەجێ هێنا و كڕنووشیان برد * بە تەنێ ئیبلیس نەبێت خۆی بە گەورە هاتە پێش چاو و فیز زلی كرد لە ئاست جێبەجێكردنی فەرمانەكە و بەوە بووە یەكێك لە حەق وەشێر – كافر - ـەكان * ئەوجا خوا لێی پرسی: ڕێگر لە كڕنووش بردن بۆ ئەوكەسەی بەدەستی خۆم دروستم كرد چی بوو؟ ئەرێ فیز زلیت كرد یان یەكێك بوویت لەخۆبەگەورەزانەكان؟ * وتی من لەو چاكترم! منت لە ئاور دروست كردووە و ئەویشت لە گڵ دروست كردووە * خوا لەسەرەنجامی ئەو سەرپێچییەدا بە ئیلیسی گوت: لەو میهرەبانییەی كە تێیدایت وەدەركەوە و تۆ بەردباران كراو و دوور لە میهرەبانی منی * و تا ڕۆژی سەڵا و لێپێچانەوە نەفرینی منت لێبێت * ئەوجا ئیبلیس وتی: ئەی پەروەرینی من ئەی پەروەرێن زوو تۆڵەم لێمەكەرەوە و هەڵمگرە بۆ ئەو ڕۆژەی هەموانی تێدا زیندوو دەكرێنەوە * خوا فەرمووی: تۆ لەوانەی دوا دەخرێیت * تا ڕۆژی كاتی دیاری كراو " دوای ئەم تاوتوێی قسەو دانووساندنە وا چاوەڕوان دەكرێت شەیتان سنووربەزاندنەكەی لە ئاستی خوایش تێبپەڕێنێ كە چی دەڵی: " سوێند بە گەورەیی خۆت هەرهەموویان تەفرە دەدەم * ئەو بەندانەت نەبێت كە تایبەتن بۆ تۆ و ئیخلاسیان بۆتۆ هەیە".
ئەنقەرە
7ی 1ی 2020

© 2017 Hawler