ئەم پەڕەیە چاپ بکە

سیستەمی جیهان لەپێناو بەرژەوەندی ئێمەیە؟

گوهدار ئاكرەیی

هەموو هێز و توانایەک سیستەم و یاسای تایبەتی خۆی هەیە، هەروەکوو چۆن ئەم جیهانەی کە ئێستا لەسەری دەژین خاوەن سیستەم و یاسای تایبەت بەخۆیەتی. ئەوەتا ئێمەی مرۆڤیش بەبەردەوام خەریکی جەنگینی جەنگێکی سەختین لەژیاندا بۆئەوەی ببینە هەڵگری سیستەم و یاسایەکی تایبەت بە خۆمان بۆ بەردەوامیدان بە ژیان لەم جیهانەدا.
بەڵام ئەوەی مەبەستمانە، جیاوازی خاڵی ناکۆکی نێوان ناوەڕۆکی سیستەمی یاساکانی خودی جیهان و سیستەمی یاساکانی مرۆڤە، کە هەردووکیان لەپاڵ یەکتر کۆنابنەوە. چونکە هەرچی سیستەم و یاساکانی جیهانە لەبنەڕەتدا مەبەستدارنین و نەبەستراونەوە بە هیچ هۆکارێک، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەینە یاساکانی مرۆڤ کە دروستکراوی ئەقڵی مرۆڤن، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە مەبەستدار و بەستراون بە بەرژەوەندی مرۆڤەکانەوە، کە لەبنەڕەتدا گوایە لەپێناو بەرژەوەندی گشت مرۆڤەکانن، بەڵام بۆ زیاتر سەلماندنی ئەم سیستەم و یاسایانەی کە لەسەر دەستی مرۆڤ دروستکراون و مەبەستدارن، ئەوەتا زۆر بەڕوونی دیارە لەشوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوازییەکی تەواو لە سیستەم و یاساکانی دروستکراوی مرۆڤ بەدی دەکرێت، کە پڕن لە ستەم و ئاڵۆزی و نادادپەروەری کە ئێمەی مرۆڤ بە گشتی ئەم ستەمانە بۆ سروشتی سیستەمی جیهان هەژمار دەکەین، کەچی سیستەم و یاساکانی جیهان بێ ئاگایە لێیان و بەپێچەوانەوە لەدەزگایەکی مرۆڤییەوە بەرهەم هاتووە، واتە سیستەمی خودی مرۆڤەکانە. چەند نموونەیەک بۆ ئەو شتانەی کە لە سیستەمی یاساکانی مرۆڤن و هۆکاری سەرەکی ئازاردانی مرۆڤایەتیین کە لەبنەڕەتدا بوونیان نیە و ئێمە تێگەیشتنمان بۆ داناوە و زۆر جار بوونەتە هۆی لەناوچوونی هەزاران کەسی سڤیل و بێگوناهـ وەکوو درۆ، ڕاستی، دۆڕان، بردنەوە، حەڕام و حەڵاڵ کە کاریگەری ترینیشیان ڕەوشت و ناڕەوشتی و شەڕەفە، کە بە ئەقڵی خۆمان درووستمان کردووە و تێگەیشتنمان بۆ داناوە، نەک هەر کێشەی مرۆڤایەتیین، بەڵکوو کێشەی بۆ سیستەمی جیهانییش دروستکردووە. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەینە سیستەم و یاساکانی ئەم جیهانە، بەسروشتی خۆیان سادەن و هەموو شتەکانی لەپێناو بەرژەوەندی ئێمەی مرۆڤن، کەچی بێ ئاگاین و تێناگەین کە ئەم هەموو شتانە بۆ بەردەوامی ژیانمان پێمان دراوە، وەک هەوا و ئۆکسجین و ئاو، شەو و ڕۆژ، هەر چوار وەرزی ساڵ، گۆی زەوی بۆ چرکەیەکیش نەوەستێت و بەردەوام لە سوڕانەوەی دابێ. کەواتە ئەگەر ئەو هەموو سیستەم و یاسایانەی ئەم جیهانەی ئێستای ئێمەی مرۆڤ لەسەری دەژین، گونجاو نەبوایە، ژیان بەم جۆرەی ئێستای مرۆڤ، بوونی نەدەبوو، کەواتە ئەو شتانەی کە سیستەم و یاسای جیهان پێمان دەدەن، هۆکاری سەرەکی بەردەوامی ژیانن. بەڵام ئێمە لەکارەکانی ئەم جیهانە تێناگەین و ئالۆز و مەترسیدارمان کردووە، هەر کاتێ مرۆڤ تەنای نەبێت بەسەر شتێک زاڵ بێت، ئالۆز تری دەکات، کەواتە ئێمەی مرۆڤ جیهانمان ئالۆز کردووە بەو سیستەم و تێنەگەیشتنەمان.