کانونی دووەم 20, 2020

گرنگی پەخشنامەی سەردیوار لە ژیانی قوتابیدا

ئاری ئاغۆک*

 

لە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردندا، لایەنی رۆشنبیری قوتابی، بەخاڵێکی گرنگ و هەستیار دادەنرێت، بۆ گەشەی رۆشنبیریی قوتابی، چونکە کاتێ قوتابی دەچێتە نێو دونیای پەروەردەو فێرکردن و قوتابخانە، جگە لەبواری پەروەردەی دروست و زانست و زانیاری و فێربوون، ئەوا دنیابینی و دیدگافراوانی لەسەرجەم قۆناغەکان دا گرنگ و پێویستە، چونکە لەو رێگایەوە دەتوانێت بەسەر پەیژەکانی رۆشنبیری و زانیاری هەمەچەشن و دۆزینەوەی بەهرەی هونەری و رۆشنبیری سەرکەوێت، بۆیە یەکێک لەو لایەنە گرنگانە لە ناوەندنی خوێندندا دەتوانێت قوتابی بگەیەنێتە رۆشنبیرییەکی ئاست بەرز، بریتیە لە دروست کردن و ئامادەکردنی پەخشنامەی سەر دیوار، دیارە ئەم چالاکیە، وەک کارێکی ئارەزوومەندانە لەلایەن خودی قوتابیانەوە ئامادەدەکرێت، یا بەگروپ، یا بەتاکەکەسی، ئەمەش لەکۆکراوەی ئەو حەزانە دێت، کە قوتابی دەیەوێت خۆی تێدابدۆزێتەوە، لێرەدا گرنگی و بایەخی دروست کردنی (پەخشنامەی سەردیوار) لەم خاڵانەی خوارەوە دیاری دەکەین :
١-قوتابی فێردەکات کە بەدوای سەرچاوەی دەرەکی بگەرێت، وەک رۆژنامە، گۆڤار، کتێب، ئەمەش هەوڵێکە بۆ زیاتر خوێندنەوەی سەرچاوەی رۆشنبیریی دەرەکی و كاردانەوەی لەسەر ژیانی خۆی.
٢-بۆ هەر بابەتێکی دەستنیشانکراو، بیرکردنەوەی قوتابی بەرەو فراوانی و کراوەیی دەچێت، کە هەر وانەیەکی زانستی و رۆشنبییی و هونەری و مێژوویی و وەرزشی .... هتد، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە.
٣-کاتێ قوتابی بەگروپ پەخشنامە ئامادەدەکەن، پەیوەندی پتەوی پەروەردەیی و رۆشنبیریی دروست دەبێت، لەنێوان بەشداربوان، ئەمەش ههەوڵێکە بۆ لایەنەکانی تری پەروەردەو فێرکردن.
٤-ئامادەکردنی پەخشنامە هاندانێکە بۆ قوتابیانی تر، تا لەوانەی تر و بابەتی تر و دەرفەتی تر، هەوڵی ئامادەکردنی پەخشنامەی تر بدەن .
٥-کاتێ بەدوای سەرچاوەکاندەگەڕێن، پردی پرس و راوێژ لەنێوان قوتابی و مامۆستا دروست دەبێت، ئەمەش یەکێکە لەو لایەنە جوانە پەروەردەییانەی کە پەروەردەی سەردەم دەبێت لەم روانگەیەوە هەنگاوبنێت .
٦-کاتێ پەخشنامە لە هۆڵ و دیواری قوتابخانە هەڵدەواسرێت، جگە لە لایەنی جوانی و سوود وەرگرتنی قوتابیانی تر دەربارەی بابەتەکانی ناوەرۆک، ئەوا هاندانێکی مەعنەویە بۆ سەرجەم قوتابیانی قوتابخانە.
٧-بینینی پەخشنامە لەقوتابخانە، هەم بۆ میوان، هەم بۆ قوتابی و مامۆستا، ووزەیەکی رۆشنبیریی و پەروەردەیی نیشان دەدات، لەهەمانکاتدا بە نیشانە زیندوویی قوتابخانە پێناس دەکرێت .
٨-کاتێ ڤیستیڤاڵی قوتابخانەکان لەلایەن چالاکی قوتابخانەکانەوە تایبەت بە پەخشنامەی سەردیوار ئەنجامدەدرێت،، بینینی سەرجەم پەخشنامەکان و لەهۆڵی نمایش، هەم بۆ خودی قوتابیانی بەشداربوو، هەم بۆ میوانان و قوتابیانی تری قوتابخانەکان، ئەوا جوانی و چێژێک بۆ هەمووان دەبەخشێت، وەک کێبرکێی زانستی و رۆشنبیریی هەمیشە هەوڵی باشتر و بەهێزتر دەدەن.
٩-ئامادەکردنی پەخشنامەی سەردیوار هانی قوتابی دەدات، ببێتە نووسەر و خۆی بابەت بنوسێ، هەروەها ببێتە خاوەن خەتێکی خۆش و جوان .
ئەمخاڵانەو چەندین خاڵی تر، ئەو پەیامەمان پێ دەڵێت کە قوتابخانە مەڵبەندی رۆشنبیری و رۆناکبیری و دنیابینی قوتابیە، پێویستە هەمووان گرنگی بەو لایەنەوە بدەین، ئەوەی تێبینیمان کردوە، زۆربەی زۆری نووسەر و رۆژنامەنوسان سەرەتا بەو دەروازە سادەو ساکارە دەستیان پێکردوەو ئێستا بونەتە خاوەن قەڵەمی گەورەو ناسراو، کەواتە پەخشنامەی سەردیوار لەژیانی قوتابی دا هەمیشە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، پێویستە مامۆستایان هەمیشە هاندەربن، بۆ سەرجەم قوتابیان، بۆ هەموو بابەت و وانەکان .
*سەرپەرشتیاری هونەری

© 2017 Hawler