تشرینی دووەم 30, 2020

نێچیرڤان بارزانی چیرۆكی خەونێكی پڕئاستەنگ

گۆنا هەورامی

- نۆ لە پازدە -

مەحسوبیەت و مەنسوبیەتی كۆمەڵایەتی وحزبی

پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی عەشیرەتی و تەقلیدییە، كۆمەڵگەیەكی بەقەبارە و ژمارە بچوكیشە و لە رووی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیشەوە تێكەڵی و خزمایەتی و یەكدی ناسین و هاوعەشرەتی و هاوخوێنی و هاوشاری و هاوناوچەیی تێیدا بەهێزن. ئینتمای حزبییش لە مۆدێلی حزبی كوریدا پەیوەندییەكی جیاواز لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان نییە. ئەم واقیعە ئەگەر بە دیوێكدا ئاماژەی تۆكمەیی كۆمەڵایەتی بێت، بەدیوەكەی دیكەیدا واقیعێكی دەستوپێگیر و ناهاوكارە بۆ دروستبوونی سیستمێكی حوكمڕانیی دامەزراوەیی كە پشت بە لێوەشاوەیی و كارزانی و پسپۆڕیی و پێوانە سەردەمییەكان ببەستێ.
لە بونیادێكی كۆمەڵایەتی لەوچەشنەدا، هەمیشە ناسراوی و خاترگرتن و واسیتە و حساب كردن بۆ پەیوەندییە تەقلیدییەكان زاڵن. ئەحزابی سیاسی كە پێویستیان بە دەنگ و پشتیوانی خەڵكە، رێز لەو پەیوەندییانە دەگرن و رەچاوی دەكەن و حسابی بۆ دەكەن. ئەم حساب بۆكردنە لە حوكمڕانیی كوردستاندا گوێزرابۆوە بۆ ناو دام و دەزگاكانی حكومەت و، كاریگەریی لەسەر پێوەرەكانی كارپێ سپاردن و دەرفەت وەرگرتن ناشاردرێتەوە.
هەر توێژەر و چاودێرێكی ئەدای حكومەتی هەرێم گەر ئەم واقیعە كۆمەڵایەتیەی كوردستان لەبەرچاو نەگرێت، رەنگە لە هەڵسەنگاندنی ئەدای حكومەت و لە بەربڵاوی دیاردەكانی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و واسیتە و خاترگرتندا، هەڵسەنگاندنەكەی مەوزوعیانە نەبێت. هەر حكومەت و حزب و دەزگایەك دەرهاویشتە و بەرهەمی واقیعی كۆمەڵایەتی خۆیەتی، كاتێك ئەو خزم خزمێنە و مەنسوبیەت و خاترگرتنە لە نێو خەڵكدا حیسابیان بۆ بكرێ و لە سەر ئاستی حزبایەتیش و لە كایەی سیاسیشدا حزوریان هەبێ، دەبێ پێشبینی ئەوەش بكرێت كە دەگوێزرێتەوە بۆ ناو حكومەت و دام و دەزگاكانیشی. لە كۆمەڵگەیەكدا هێشتا سوڵحی عەشیرەتی لە یاسا كاریگەرتر بێت بۆ چارەی كێشەكان، عەشیرەت و بەرەباب و خزمان دەنگ بە پاڵیوراوە خزمەكەی خۆیان بدەن تا دواتر بەكەڵكیان بێت و كاریان بۆ بكات، ناكرێ چاوەڕێ بیت حكومەتێكی دامەزراوەیی و یاساسەروەرت هەبێ كە هیچ حسابێك بۆ واقع و پێكهاتە و بەهاكانی كۆمەڵگەی كوردستان نەكات و لێی نەسڵەمێتەوە.
ئەو خزمخزمێنە و مەنسوبیەتەی كە زۆر جار تەنیا دەخرێتە ئەستۆی سەرۆكایەتی حكومەت، لە بچوكترین داو دەزگاكانی ئیدارە و لەسەر نزمترین ئاستەكان و لە هەموو ناوچەكانی كوردستاندا پەیڕەو دەكرا. بۆیە رەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵایەتیی بوو نەك خواست و مەبەستی حكومەت. سەرباری ئەوەش ئەم واقیعە ناپەسەندە نەیتوانیبوو حكومەت ئیفلیج بكات لەوەی نەتوانێ سوود لە توانا و كارامەیی و پسپۆڕییەكان و سەرمایەی بەشەریی كوردستان وەربگرێت. بە پێچەوانەوە جیا لە جێكردنەوەی زۆرترین تەكنۆكرات و كارناس، حكومەت بە بەرنامەیەكی تۆكمەش كاری لەسەر زیادكردنی زانكۆكان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستییان و دەرچواندن و ئامادەكردنی كادری پسپۆڕی بوارە جیاجیاكان دەكرد كە تەنمیەی بەشەریی دەیخواست.
هەمیشە هەڵسەنگاندنی دروست و مەوزوعیانە بۆ ئەدای حكومەتێك دەبێ بەرەچاو كردنی ئەو هەل و مەرجە سیاسی و كۆمەڵایەتییە بێت كە حكومەتەكەی تێدا بەرقەرارە. نادیدەگرتنی ئەو واقیعە حوكم و هەڵسەنگاندنی كاڵ و كرچ و بێ ئینسافانەی لێ دەكەوێتەوە.

© 2017 Hawler