کانونی یەکەم 16, 2019

پێشانگای نێودەوڵەتیی فرانکفۆرت و پتر لە قسەیەک!..

سالار عوسمان

 

بەشی دووەم و دوماهی
میوانە نێوخۆییەکان چییان جێھێشت؟..
مەبەستم لە میوانە نێوخۆییەکان، ئەو میوانە کوردانەن، کە وەک خانەخوێ ڕوویان لە ستاندی خۆیان دەکرد، ھەر وایشە ساندی خۆیانە، چونکە ناوی ستاندەکە کوردستانە، لە ھەر کوێش ئەو ناوە ھەبێ، دەبێ کۆکەرەوە بێت، دەبێ کوردستان ھەمووان کۆکاتەوە و چەترئاسا لێکمان نزیکخاتەوە .
ئەمساڵ زۆرمان گوێگرت و کەممان قسە کرد، سروشتیی ئەرک و بەرپرسیەتییش ھەر دەبێ وابێ، دەبێ کەمدوو و زۆر گوێگر بێت و لەگەڵیشیدا کۆکەرەوەیی و کار !..
پوختەی قسەی خانەخوێکان ئەوەبوو، کە :
- پتر بایەخ بە ستاندی کوردستان بدرێت.
- شوێنەکەی فراوانتر بکرێت.
- دیزاینەکەی جوانتر و سەرنجڕاکێشتر بێت.
- کورد یەکڕیزتر بێت.
- ساڵانە پێویستە کۆمەڵە کتێبێک، تایبەت بۆ پێشانگاکە ئامادە بکرێت، کە ئامانجدار بێت و، کورد و واقیعی کوردستان بە ئەوانیتر، گەلان و زمانەکانیتری دونیا بناسێنێت.
- زنجیرە سیمینار، کە تەبیعەتێکی دیالۆگیانەی ھەبێت، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕوناکبیر و ئەکادیمیستانی بیانی، گەرم و گەنگەشەخوڵقێن رێکبخرێت و لەوێ، لەو پانتاییە، دیالۆگێکی زانستی لەگەڵ نێوەند و ڕوناکبیرانی دونیا ساز بکرێت.
- ڕایەڵ و پرد و پێوەندی لەگەڵ دەزگا و نێوەند و خانە ھزریی و کلتووری و چاپەمەنیی و میدییاییەکانی دونیا ببەسترێت، کە ئامانج تیایدا پەڕینەوەی کوردستان بێت، پەڕینەوەی لە نێوخۆوە بۆ دەرەوە و ھەمدیس ھێنانی دەرەویش بۆ نێوخۆی کوردستان.

پێشانگای فرانکفۆرت، پردێک بۆ پەڕینەوە !..
دیسان یەکەم ڕستەی ئەم وتارە دووبارە دەکەمەوە: ( ئەم پێشانگایە جیھانێکی بچووکە) 1، ڕاستە کورد لە ساڵی (1991)ەوە داخیلی ئەم جیھانە بچووکە بووە و شوێن پێی خۆی کردۆتەوە و سەرجەم ھەوڵەکانیش، دەگەڵ ھەبوونی باری سەرنج، مایەی سوپاسە، لێ پرسیار ئەمەیە:
- توانیویەتی ئەو شوێن پێیە جێگیر بکات، دیارە مەبەستم لە چەمکی جێگیربوون، بە مانا و تێگەیشتنە کلتوورییەکەیە ؟..
- ئایا توانیویەتی پێوەندییەکی پتەو و بەرھەمدار لەگەڵ دەزگا بەنێوبانگە کلتووریی و ڕۆژنامەوانی و چاپەمەنییەکانی دونیا دروست بکات ؟..
- ئایا لە ڕووی بزنسی کلتووری و میدیاییەوە چی کردووە ؟..
- ئایا لەو جیھانە بچووکەدا، کە ساڵانە گەرمترین دیالۆگی تیادا بەڕێوە دەچێت، توانیویەتی دیالۆگ بکات و لە ڕێگەی دیالۆگەوە بپەڕێتەوە ؟..
- ساڵانە پلان و بەرنامەی داڕێژراو و وورد و ئامانجداری ھەبووە ؟..
- ئایا ساڵانە چەند کتێبی بۆ ئەم پێشانگایە، بە زمانە جیاوازەکانی دونیا حازر کردووە ؟..
- ئایا توانیویەتی ڕوناکبیر و بیرمەندی دونیا بانگھێشت بکات ؟..
- ئەی ئایا لەو جیھانە بچووکەدا، ڕوناکبیر و بیرمەندی کوردی خستۆتە نێو گەنگەشە و گفتوگۆیەکی جیھانییەوە ؟.
- ئیزافەیەکی دروستکردووە لە بواری دیالۆگدا، کە کورد پتر لە ھەموو نەتەوەکانی دونیا پێویستی پێیەتی ؟..
- ئایا کاری جددی کردووە بۆ ئەوەی ببێ بە میوانی شەرەف ؟. وەک پێشتر باسمان کرد، کە ساڵانە وڵات، نەتەوە و ھەرێمێک دەبن بە میوانی شەرەف، دیارە ئەمساڵ نەرویج بوو2، بۆ ساڵی دادێ کەنەدایە و ساڵی (2021)یش ئیسپانیایە.
- کورتترین پرسیار و گرنگترینیان ئەم پرسیارەیە: کورد و کوردستان توانیویانە پێشانگای نێودەوڵەتیی فرانکفۆرت بکەنە پردی پەڕینەوەی کلتووری؟!..
سەرجەم ئەم پرسیارانە و دواتر وەڵام و ئینجا جیاوازی لە ڕوانگاکان، ئەو ڕاستییە ناشارنەوە، کە کورد لەو بوارەشدا، یا باشتر بڵێم، لەو ئەرکەیشدا باشی نەھێناوە و دەکرا زۆر باشتر لەو جیھانە جوان و بچووک و مانادارەدا حزووری ھەبێت، حزوورێک بارتەقای کێشە ڕەوا و گەورەکەی، حزوورێک، کە کۆکەرەوە و دونیاڕاکێش و بەرھەمدار بێت و شیانی پەڕینەوەی ھەبێت!..
...........
1- پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی فرانکفۆرت لە ڕۆژانی 16 تا 20ی ئۆکتۆبەری 2019 بەڕێوەچوو، میوانی شەرەفی ئەمساڵ وڵاتی نەرویج بوو، 7500 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە 109 وڵات بەشداربوون، 302،267 میوان سەردانی پێشانگاکەیان کردووە، 10000 ڕۆژنامەنووس ڕوماڵی میدیاییان کرد و زیاتر لە 4000 کۆڕ و سیمینار پێشکەش کراوە.
لە ئاهەنگی کردنەوەی پێشانگاکەدا، کە پتر لە 2200 میوان بەشداربوون و لە کاژێر 5 ی ئێوارەی 15.10.2019 دەستی پێکرد، ئەو کەسایەتییانە پەیڤ و وتاریان پێشکەیش کرد: سەرۆکی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی فرانکفۆرت یورگن بۆس، سەرۆکی ڕێکخراوی بۆرسەی بازرگانی کتێبی ئەڵمانی هاینڕیش ڕایت موولەر. ئیرنا سۆڵ بێرگ سەرەکوەزیرانی نەرویج، ھایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، پێتەر پلێتمان پارێزگاری شاری فرانکفۆرت، فۆڵکەر بوفیەر سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی ھێسن .
ھەژی گۆتێیە شاژنی نەرویج مێتا ماری و ھاوسەرەکەی ھاکۆن ماگنۆس و وەزیری ڕۆشنبیری نەرویج ترینا سکای گراند ئامادەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون.
٢- سەبارەت وڵاتی شەرەفی ئەمساڵ، کە نەرویج بوو، 7600 چاپەمەنی نەرویجی فرۆشراوە، 250 سیمیناری TV تیادا کراوە، 960 ھەواڵی ڕادیۆیی تیادا پەخش کراوە، 100000 کەس سەردانی کردوون، 120سیمیناری تیادا سازکراوە، 200 نووسەر سیمینارییان ھەبووە و 100 نووسەر پرۆگرامی جیاوازییان ھەبووە .

© 2017 Hawler