کانونی یەکەم 11, 2019

شێرکۆ هەورامی

 

"بە دەم هار، بە لاشە بیمار". ئەمەو دەیان و سەدانی دیکە لە پەندی کوردیمان هەنە، کە گوزارشت لە کەمی قسەکردن و زۆری عەمەل و کردار دەکەن. هەر بۆیە لە کوردەواریشدا گومان لە کرداری ئەو کەسانە دەکرێت، کە زۆر دەڵێن و زۆریش بە سەر شان و باڵی خۆیاندا هەڵدەدەنێ. چونکە ئەنجامی هەر کردەیەک کردەوە و عەمەلە، نەک زۆری پێداهەڵدان و زۆری باس کرد.
دەگێڕنەوە لە گوندێکی کوردستان کابرایەکی تەمەڵ هەبوو هەموو رۆژێک دەچویە سەر زەوی و زار و کێڵگەکە و دەیگووت: بەیانی دێم ئەو لایە چاک دەکەم و دوو بەیانی ئەو کەڵەکە بەردانە دەنێمەوە و سێ بەیانیش ئەو جۆگەلە و ئاو بارە چاک دەکەمەوە، دواتریش دروێنەی دەغڵ و دانەکە دەکەم. بۆ ئەمڕۆش ئیشێکی ئەوتۆم نییە و بچمەوە باشە، ئیتر بەم شێویە تا پاییزی بەسەردا دەهات و نەکەڵەکە بەردی هەڵچنیبوو، نە جۆگەی راماڵرابوو، نە گەنم و دەغڵ و دانی دوورابوویەوە، هەموو ساڵ گەر هیمەتی ئاوای نەبووایە یەک ئیشی لەبەر نەدەرۆیشت و بەس خەریکی قسەی زلی ناو چاخانەبوو.
بە داخەوە پاش روداوە نەخوازراوەکانی ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، کە تەنانەت ناوهێنانیشیان تاڵە و ناکرێت ناویشی بهێنین، کوردستانی باشوور بۆ دوو زۆنی جێگای نفوز دوو حزبی سەرەکی کوردستان دابەشبوو، وێڕای چەندین هەوڵی دڵسۆزان و سەرکردایەتی کوردستان و کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کابینەی ناسراو بە کابینەی یەکگرتوو، واتە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووی رێکارە یاساییەکان و وەزارەت و سیستەمی حکومڕانیەوە دوو زۆن یەکیان گرتەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتیانی کوردستان نەبووە و چاوەڕێی زیاتریان کردوە و مافی خۆشیان بووە.
تەرخان کردنی بودجەی تایبەت لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم، بۆ دەیان پرۆژەی ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، گیانێکی تر بە بەر یەکپارچەی و یەکگرتووی حکومەتدا دێنێتەوە و بە کەمترین قسە و بە بێ دەنگی، لە بەرانبەردا بە کردەوە و پلان و رێکاری تایبەت ئەو یەک هەرێمیە دووپات دەکاتەوە. پێکڕا کارکردنی تیمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک درێژە پێدەری کابینەکانی پێشووتری خۆی و زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیانی کوردستان لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بە بێ جیاوازی.
هەر لەسەرەتای دەستپێکی کاری تیمی و جیدی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕ و ژمارەی جیاواز بۆ کار و پرۆژەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان تەرخان کراوە، کە ئەمە هەموو نییە و بەڵکو وەک سەرەتا و دەستپێکێکە بۆ بەگەڕخستنەوەی و سەر لە نوێ خستە سەرپێی پرۆژە نیمچە تەواوەکان و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی هەرێم بە تایبەتی رێگاکانی دەرەوەی شارەکان. دەرباره‌ی ته‌رخانکردنی بودجه‌ی تایبه‌ت به‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری بۆ پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان، لە لایەن جەنابی ‌سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌دوای ‌ده‌ستبەکاربوونییه‌وه‌ توانراوە له‌ کۆی ئه‌و کار و پڕۆژانه‌ی جێبەجێی دەکرێن، بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه ‌و خزمه‌تگوزاری بودجەی تایبەت ته‌رخان بکرێت و بایەخی زۆریش بە سلێمانی و هەڵەبجە بدرێت.
تێپەڕاندنی قەیرانی بڕینی بودجە و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و داخرانی سنورەکان و چەندین هۆکاری تر ئابووری هەرێمی پەکخست بوو، بە ئەستەم مووچەی بە پاشەکەوتکراوی کارمەندانی حکومەتی پێ دابیدەکرا. لەگەڵ دەستپێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک دەستپێک ئەو بڕە بودجەیە تەرخانکراوە و پلان و کاری باشتیریش لە ئارادایە.
لە مەڕ پارێزگای هەڵەبجەشەوە، کە نوێترین پارێزگای کوردستانە و وێڕای سومبولبوونی بۆ مەزڵومیەت و شەهیدان و غەدری دیکتاتۆریەت و حکومی بەعسیەکان، له‌سه‌ر ده‌ستی سەرۆک بارزانیەوە بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچووە و پێویستی بە خزمەتکردنی زیاتر هەیە و بۆیە پێویستە ئەولەویەتی زیاتر و تایبەتی پێبدرێت و ژێرخان و سەرخانی ببوژێنرێتەوە، تاوەکو هەر لەسەرەتای مێژووی بە پارێزگابوونیدا بکەوێتە سەر پێی خۆی و هەر بە بەهێزی بمێنێتەوە.
وەک نموونەیەک دەکرێت ئاماژە و بەو کاروچالاکیانەی وەزارەت و لایەنی پەیوەندار بە رێگاوبانەکانی دەرەوەی شارەکان بدەین، کە لە هەڵمەتێکی نۆژەنکردنەوە و بنیادنانێکی بەرچاودان.
بەم جۆرە پلان و بەرنامەی تۆکمە و کارکردنی کردەی و بە بێ دەنگی و بە کاری شەوانە رۆژی دەتوانرێت بە کردەوە نەک بە قسە زیاتر خزمەتی هاوڵاتیان بکرێت، ئەمە لە لایەک لە لایەکی تریشەوە باشترین هاندانو دروستکردنی متمانەیە بۆ یەکگرتنەوەی بە کردەی و هەست کردنی تەواوی هاوڵاتیانی هەرێم بەوەی، کە لە یەک نیشتیمان و لە ژێری چەتری یەک حکومەت و یەک کابینەدا دەژین و زیاتر هەست بە دڵنیایی و ئارامی بکەن. هاوکات دەبێتە باشترین هاندەر بۆ زیاتر بوژانەوەی بازاڕی هەرێم بە گشت سێکتەرەکانیەوە.

© 2017 Hawler