کانونی یەکەم 11, 2019

سێ ریفراندۆم لە سێ کاتی جیاوازدا

شێرکۆ هەورامی

 

هەمیشە مانگە گەرمەکان لە مێژووی عێراقدا بە مانگی رووداوە گەرمەکان و گۆڕانکارییە گەرمەکان ناسراون. مانگی ئابی (٢٠١٩) بە یەکێک لە مانگ و ساڵە هەستیارەکانی مێژووی حازری عێراق وێنا دەکرێت و لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ناوەراست و باشووری عێراق چاوەڕێی گۆڕانکاری بنەرەتی لێدەکرێت. شارەکانی بەغدا و بەسرە و کەربەلا و زیقار و ....هتد. ئەو شارانەن، کە بە شارە شیعە مەزهەبەکان و دەوڵەمەند و مێژووییەکان ناسراون. گەر لە بەغداد بگەڕێن، ئەوا بەسڕا نەک دەوڵەمەندترین شاری عێراقە لەسەر زەریای نەوت و دەروازەی شادەماری وڵاتە، بەڵکو دەوڵەمەندترین شاری جیهانیشە. کەچی بە عەزرەتەوەن بۆ یەک دەبەی ئاوی خوردنەوە، نە بۆیان دابیندەکرێت و نەتوانای کڕین و دەستەبەرکردنیان هەیە.
هەر زوو خەڵکی دڵسۆزی ئەو شارە و رۆشنبیران و کەسانی سیاسی سەربەخۆیان درکیان بە مەترسیەکانی پاشکۆ بوون و پشتگوێ خستنی لە لایەن لە لایەن دەسەڵەدارانی بەغداوە، هەرچەندە شیعە و کەسانی لە خۆشیان بن، بەڵام چونکە لەسەر هەمان مەکتەب و قوتابخانەی فیکری شیعی نین و وا بەستەی سیایسەتەکانی ئێران و حەوزەی علمیەی قوم، ئیتر دانویان پێکەوە هەڵناکات و پرۆژەی بە هەرێمکردنی بەسرە و چەند شارێکی باشوور هەر لە هەمان مەترسیەوە سەرچاوەی گرتبوو. روداوەکانی ناوچە سوننەکان و مەترسیەکانی داعش و ململانێکانی نێو باڵە جیاوازەکانی خودی ماڵی شیعی و بە دێوکردنی کورد و مەترسی جیابوونەوەی لە عێراق، بەنجی ئەو دەنگانەیان کرد تاوەکو نەتوانن وەک پێوسیت داوای مافەکانیان بکەن و بە گژ سیاسەتە هەڵەکانی ناوەند و گەندەڵکارانی بەغدادا بچنەوە.
هەڵبژاردنەکان پەیامێکی گرنگ و مەترسیداربوون بۆ بەغدا و دەسەڵاتەکەی و خستنە ژێرپرسیاری دەسەڵێتە پەرلەمانیەکەی ئەویش بە دابەزاندنی بۆ کەمترین رێژەی بەشداربوون لە دواهەمین هەڵبژاردنی پەلرمانی عێراقی کە لە 11% تێپەڕی نەدەکرد، کەچی ئەم ئاماژە گرنگ و مەترسیدارەش سەرانی دەسەڵاداری بەغدا و دارێژەرانی سیاسەتی عێراقی لە دەرەوە نەهێنایەوە سەرخۆیان و مەستی گەندەڵی و بێگانە پەرستی و هاوڵاتی بە کەمزانیان زیاتر ببوو.
سێ پێکهاتەی گرنگ و دیار لە عێراقدا لەسەر ئەرزی واقع بوونیان هەیە و دەتوانن کاریگەر و یەکلاکەرەوەبن لە کێشەکان و ئایندەسازی بۆ عێراق (ئەگەر ئایندەیەکی مابێت)، کورد، عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە. دوو پێکهاتەکەی تر جگەلە کورد تاقی کراونەتەوە لە حوکمی عێراق و نەک سەرکەوتوونەبوونە بگرە وڵاتیان بەرەو هەڵدێر و ئاژاوە و خوێنرشتن بردووە. کورد تاوەکو ئێستا ئەو دەرفەتی بۆ نەرەخساوە کە بە تەنیا حوکمی عێراق بکات و پێشموانییە هیچ سیاسیەک و هاوڵاتیکی کورد وەها ئاوات و ئامانجێکی هەبووبێت و هەشبێت.
سێ ریفراندووم لە سێ کاتی جیاواز و لە سێ شوێنی جیاو و بە سێ میکانیزمی جیاواز لە یەک وڵاتی بە زۆر دروستکراو.
رێفراندۆمی یەکەم، رێفراندۆمی سوننەکان بوو لە ناوەراست و باکوری عێراق بە دروستی بە بێزاربوون لە عێراقی ناوەند و هەست بە پەراوێزی و ولانانیان لە دەسەڵێت، (کە عەرەبی سونە وا راهاتوون حاکمی عێراقن و بن دەستیان قەبوڵ نەبووە). لە کاتێکدا چەند کورسی پەرلەمانیان بەدەست دەهێنا وەلێ قەد رێگەی بەشداریان لە دەوڵەتی پاش (٢٠٠٣) پێنەدراوە و (ئەو ئۆکەیەش تا ئێران مابێت بە عەرەبی سوننەی عێراق نادرێت). لێرەدا کاری ئەم بابەتە نییە چەندە هەڵبژاردەکە و شێوازی لە ریفراندۆم چووەکەیان دروست بوو یان نا، بەڵام دروست لە دژی مالیکی و حکومەتی عێراق و دەست بڕینی ئێران لە ناوچەکەیان بوونە کەواسوری بەر لەشکری داعش و گەر تەواوی ناوچەکانیشیان نەبێت ئەوا زۆربەیان تەسلیم داعش کردوو، بە شاری موسڵیشەوە. (تۆپینی خۆم و زەرەری خاوەنەکەم)یان کرد دروشمی خۆیان و بۆ رزگاربونیشیان لە داعش بەڵێتریان بۆ خۆیان سازاند ئەویش حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بوون، کە تاوەکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت نقەیان لێوە بڕیون و لە ژێری رەحمەتی حکومی حەشدا ژیانی کولەمەرگی بەسەر دەبەن، لە ئەنجامدا نەک لە ریفراندۆمەکەیان سەرکەوتوو نەبوون بۆ چەندە دەهەیەکی تریش کەوتنەوە ژێر رکێفی شیعەی ئێرانیەوە.
(٢٥/٩/٢٠١٧) رۆژە پرشنگدار و مێژویەکەی کوردە و رۆژی بەڵێ بۆ سەربەخۆی و نەخێر بۆ عێراقی بوون و بن دەستی بوو. تاپۆی رەشی نێو گیرفانی کوردی بۆ هەتا هەتایە زامن و مسەوگەر کرد. روداوەکانی پاش ریفراندۆم گەرچی مەترسیدار و جێگای هەڵوەستەکردن بوون، وەلێ بە خۆراگری پێشمەرگەو و هەوڵی حەکیمانەی سەرکردایەتی کورد و هۆشیاری گەل توانرا هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و باشتر و بەرەو باشتریش ببرێت، بە تایبەتی لە کارنامەی کابیەنی نۆەیەمی حکومەتی هەرێمدا.
دواین ریفراندۆم، ریفراندۆمی باشووریەکانە و ئەنجامی دڵخۆشکەری پێنییە بۆ بەغدا و ئەگەری گۆڕانکاری گەورەی لێ دەکرێت هەر لە پەرلەمان و دەسەڵاتەوە تا دەگاتە ئەرزی واقع لە ناوچەکانیان و بە هەرێمکرد یان جیابوونەوە یان یاخی بوونێکی هەمیشەی و درێژخایەن . (ئەم رووداوانەی دوای چاوەڕوانی دەوێت و ناکرێت هەموو شت لە بارەیانەوە بگوترێت).
رووداوەکان ئەوەمان بوو روون دەکەنەوە (١٩٢٠) هەڵەیەک کراوە و بە زۆر تەنێک دروستکراوە کە پارچەکانی لەیەک ناجن و نامۆن بە یەک، نەک یەک ناگرن، بەڵکو هۆکاری لەناو بردن و خەساردانی یەکترین. ئەگەرەکان دابەشبوون بۆ سێ پارچە و گەرانەوە بۆ دۆخی پێش ١٩٢٠، یان سێ دەسەڵێتی سەربەخۆ لە نێو دەوڵەتێکی کۆنفدراڵیدا. یاخوت هەموار و چاوخشاندەوە بە یاساکان و تەنانەت دەستووری عێراقیشدا ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی مافەکانی کورد و عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە. دەبێت عێراق ببێتە وڵێتی ئەو سێ پێکهاتە و خۆیان بە پێی سروشتی ناوچەکەی خۆیان، خۆیان بە رێوە ببەن و بۆ هەمیشە دەستە باڵادەستەکانی دەرەکی لە بن ڕا ببڕنەوە.

© 2017 Hawler