کانونی یەکەم 10, 2019

ڕوونتر بە پارتی هەڵشاخێ بەڵکو تۆش شتێکت دەست کەوێ!

کاوە میران

 

لە شارە حەیاتەکە دەمێکە شتێک باوە، پەلاماری پارتی بدە تا بەناوبانگ بیت وشتێکت دەست کەوێت! گۆشەنووسێکیش لە بێ نووسەریا لە (کوردستانی نوێ) وەك كارگ هەڵتۆقیوە، چونکە بەتاڵ وهیچ لەباراندانەبووە، لەبەر ئەوەی دەستی ناگاتە ئاغاكانی خۆی تا مەعلوماتی بەنێ، ناچار هەر لە خۆییەوە و بێ موناسەبە بە پارتییەوە هەڵدەشاخێ، لە بێ مەعلووماتی و هەژاریی مەعریفەدا تووشی هاتەران پاتەران و وڕێنە بووە.
ئەم برادەرە لە نەوەی نوێیە، خۆلێگۆڕاوە و لە دامێنی لاپەڕە دووی ڕۆژنامەکەدا بە ناوی یەکێتییەوە دەپەیڤێ؛ نووسینێکی بێ سەروبەری( نیگەرانییەکانی یەکێتی و داهاتووی حکوومەت) بڵاو کردۆتەوە، بابەتەکەی هێندە ئاست نزم و تێکەڵ و پێکەڵە مەگەر بەس خۆی بزانێ چی دەوێ، دڵنیاین ئەگەر بەرپرسانی ڕۆژنامەکە بیانبینیایە، هەر لە بەر هیچ نا، لە بەر سومعەی جەریدەکە نەیدەهێشت لە فلتەر دەرچێ.
کاکی بنووس، باسی نیگەرانییەکانی حزبەکەی دەکات، هەڕەشەی جوگرافیا و زۆن و ئەمشتانەش دەکات، دیارە خراپیان فێر کردووە،کە دەستی چەوری حزبەکەی بە پارتی بسڕێ. نووسەرە هەڵتۆقیوەكەی کوردستانی نوێ، باسی پابەندنەبوونی پارتی دەکات بە ڕێککەوتنەکان!
لە ڕاستیدا مایەی پێکەنینە، ئاخر هەر بۆ ئەوەی فەڵتە نەیەیت، بۆ شتێک لە مێژوو ناخوێنیتەوە، ئایە دەتوانی پابەندێتی، یەک ڕێککەوتنی یەکێتیمان بە نموونە بۆ بێنیتەوە، بەڵام بیرت نەچێ (پابەندبوونی بە رێككەوتنی لەگەڵ هێزێكی كوردستانی دەڵێین، نەك ئیقلیمی)!! کە لەسەری مابێتەوە و نەیشكاندبێ و پێشێلی نەكردبێ؟! ئەوە باسی دوو ڕێککەوتنە سیاسییە مرداربووەکەی( یەکێتی _ گۆڕان) هەر مەکە!
ئینجا ئەبوو فسفس پاڵەوان، باسی قەوانی سواوی حوکمی جوگرافیا و زۆن و هێزو ئەم شتانە نەکات، چونکە ئەم دەستەواژە بێمانایانەش وەک: سەردەمی پەنجا بە پەنجا دەمێکە بەسەر چوونە، هەروا ڕێگەش بەخۆی دەدا لە باتی ستافی یەکێتی لە کابینەی نۆیەم سینارۆ دابڕێژێت، کشانەوەیان بۆ تەسمیم دەگرێ، دیارە برالە زاکیرەشی لاوازە، پەلاماری پارتی و ڕیفراندۆم دەدات و خۆڵ دەکاتە چاوی خۆی و خوێنەران لە (خیانەتە ئابڕووبەرەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر) خۆی نەبان دەکات،کە کاڵفامەکانی نێزیک خۆی کردیان و بووە ئۆباڵی لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان.
لێرەدا ئەوەندە ماوە بڵێین، ئەم گۆپاڵانەی ناویان لێ نراوە نووسەر و قەڵەمێكیان دراوەتە دەستی تا لە پارتی راسێن، هیچ سوودێكیان نە بۆ یەكێتی هەیە و نە بۆ خەڵكی كوردستان، جگە لەوەی بەو تۆمەتهەڵبەستن و وڕێنەكردنانە كەشی سیاسی لێڵ بكەن وناخۆشی دەخەنە دڵودەروونی خەڵکەوە.

© 2017 Hawler