کانونی یەکەم 11, 2019

سەرۆكی هه‌رێم چی وت و من چی بڵێم؟

فارس نەورۆڵی

 

سەرۆكایەتیی هەرێم لەسەرەتای دامەزراندنیەوە دامەزراوەیەكی پێویست و كاریگەر بوو بۆ دۆخی سیاسی و حوكمڕانی كوردی، هەرچەندە لە ساڵانی پێشودا زۆر لایەنی سیاسی كاری بووبووە ئەوەی چۆن دژایەتی خۆیان بۆ ئەو دامەزراوەیە ئاڕاستە بكەن و هەموو وزەی خۆیان دژی ئەو دامەزراوە خستووەتە گەڕ. ئەمەش لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای حزبی و ڕقی حزبی و بەرژەوەندی حزبیدا بووە، بەڵام ئەوە بوو بە دوێنێ، دوێنیش بوو بە مێژوو، مێژووش بۆ ئەوەیە پەندی لێوەربگرین، ئێستا دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی ناوچەكە چاوەڕوانی گۆڕانكاریی چاوەڕوان نەكراوە، بۆیە كورد بۆ تێگەیشتن لەو چاوەڕوان نەكراوانە دەبێت خۆی ئامادەكات، ئەویش بە كۆكردنەوەی هەموو هێزەكان لە ناوەندێكدا و ئاراستەكردنیان بۆ بەرژەوەندی كورد لە ژێر فەرمانی سەركردایەتییەكدا. ئەمەش هەنگاوی یەكەم لەوێوە دەست پێدەكات هێزە سیاسیەكان خۆیان لەو گرژی و ڕقە بەرامبەر یەك داماڵن و پڕۆسەی نەرمكردنەوەی بیروڕایان هێواش هێواش دەست پێبكەن و لەگەڵ هەڵەكانی خۆیاندا ڕوبەڕوو ببنەوە. لێرەوە بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخەكە و هێور بوونەوە، پێویستمان بەهێور بوونەوەی خۆمانە، ئەمەش پێویستی بەدامەزراوەیەكی شەرعی و سەركردەیەكی پڕاكتیكی هەیە، چونكە ڕۆڵی سەرۆك بۆئەم قۆناغە سەختانە و ئاوەدانكردنەوەی وڵات لەڕووی سیاسی و بژێوی و دبلۆماسیەوە زۆر گرنگە، لەم بارەیەوە پڕۆفیسۆر(ئەفیل ویشدال) لەبارەی گرنگی پڕۆسەی دروست بوونی وڵات و ڕۆڵی سەرۆكدا دەڵێ( هۆكاری سەرەكی دروست بوونی وڵات ئەوەیە لەكوێوە دەست پێبكەین، ئایا داهاتێكی سروشتی و مرۆییمان هەیە؟ لەبەر ئەوە فاكتەرە سەرەكیەكانی یاخود ستراتیجیەكانی مێژووی قووڵ لەم پرۆسەیەدا سەرۆك ڕۆڵی كاریگەری هەیە)، دەكرێ بڵێن جوڵەكانی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) لەم ئان و ساتەدا و بەگەڕانەوە بۆ ڕابردوو لە ئیدارەدانی وڵات و بونیادنان و هەوڵدانی ئێستاشی بۆ یەكخستنەوەی ماڵی كورد، دەتوانێت بەجوانی سەركردایەتی ئەم قۆناغەی گەلی كوردستان بكات. كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆك كۆمار و هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم، ئەوەی پێوتین سەرەڕای جیاوازییەكانمان لە كاتە چارەنووسسازەكاندا دەبێ یەك هەڵوێست بین. ئەم كۆبوونەوەیە سەرەتایەكی باشە بۆ تێكەڵ كردنی تواناكانی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆمار وەك كورد، بۆ ئەوەی هەمووتواناكان بخرێنە خزمەت ئایندەی كوردستانەوە. لە كۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە سیاسیەكان و دواتر دیداری میریدا سەرۆكی هەرێم بەزمانێكی واقعی و ڕوون و هەم دبلۆماسی شەرحی حاڵی كورد و دراوسێكانی كرد، لێرەوە دەبێ بزانین سەرۆكی هەرێم چی پێ وتین؟ ئەوەی پێ وتین نابێ هەموو شكستەكانی خۆمان بخەینە گەردنی ئەوانی دیكە، ئەی خۆمان چین؟ خۆمان بۆ نەتوانین ئیدارەی گەمەكان بكەین، تیۆری گەمەكانیش لەسەربنەمای گریمانەیە، بەوەدەبێ هەڵسوكەوتی ژیرانەی یاریزان ئەنجامی بردنەوە و دۆڕانی كایەكە ڕوون دەكاتەوە، تا ئەو ڕادەیەش لەبیركردنەوەی لایەنەكان و خەڵكانی عاقڵمەندگەشتبم، ئەوان بڕوایان وایە کە سەرۆکی هەرێم ئەو یاریزانەیە بتوانێ گەمەكە لەبەرژەوەندی كورد بەرێتە پێش. بەڵام ئەمە بەچی مەرجێ دەبێ؟ بەومەرجە دەبێت یاریزانەكانی دیكە لە گەمەكەدا پاس بەیەك بدەن، لێرەوە گەمەكەری سەرەكی یارییە سیاسیەكە لەم قۆناغەدا و بە هەموو پێوەرە سیاسیەكان و شەرعییەكان(سەرۆكی هەرێمە)، بۆیە دەبێ هەردوو دامەزراوەی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان و حزبەكان، لە هەموو ئاستێكداهاوكاری بن، بۆ ئەوەی كورد لە گۆڕانكاری ناوچەكەدا وەك ژمارەیەكی قورس خۆی بسەلمێنێت. لێرەوە ئەركی سەرۆكی هەرێم قورستر دەبێ، چوون لایەنە سیاسیەكان توشی بێ متمانەیی و پارادۆكس بوون و متمانەیان بەیەكتر لاوازە، دەبێ سەرۆكی هەرێم بەحیكمەتی خۆی ئەم كێشەیە چارە سەر بكات و لەگەڵ كۆی لایەنەكان بەلایەنی سەرەكی و ئەو لایەنانەشی كەمترین نفوزیان هەیە گفتوگۆ بكات، لەگەڵ ئەمەشدا ستراتیجێ بۆ خیتابێكی هاوبەشی میدیایی لەكاتە چارەنووس ساسەزەكاندا داڕێژن، دواتر بیركردنەوە لە گوزەرانی خەڵك، كە ئەمە زیاتر یەكانگیری كۆمەڵایەتی دروست دەكات و زامنی دروستكردنی متمانەیە. كەواتە سەرۆکی هەرێم ئەوەشی پێوتین كە خۆمان هەبین سەردەكەوین كەیەكیش نەبین و نەفی یەكترمان كرد، ئەوسا شكست نەخەینە سەر كەس، پێشی وتین ئێمە زۆرترین جیاوازیمان لەگەڵ خۆمان هەیە، چۆن ئیدارەی ئەو جیاوازییانە بدەین، پێی وتین گەر یەك نەبین وەك پاپۆڕی تێكشكاوی ناو دەریامان لێ دێت، پێی وتین با كەمتەرخەم نەبین، چونكە یەكێك لە ڕەهەندەكانی شكست كەمتەر خەمییە، پێشی وتین سیاسەت ڕكابەری و پێشبڕكێیە نەك دوژمنایەتی.كەواتە بە تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر هەموو كایەكان با هاوكاری سەرۆك بین. دواجار منیش دەڵێم سەرۆكی هەرێم، لە جوڵەكان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی و چاكەی گشتیدا بەردەوام هەمووان بە ئەوكات هەمووان لەگەڵتان، سەرەڕای هەموو كارێك كە ئەنجامی دەدەن، پێویستە چی خۆت و چی كارەكانت هەموو كوردێك بە هی خۆی بزانێت بۆیەدەڵێم، پێویستە هەمیشە دەستت لەسەر دڵی ڕای گشتی بێت.

 

© 2017 Hawler