ئەم پەڕەیە چاپ بکە

وێنەی هەمووان

ئاریان فەرەج

 

لاپەڕە یەكی دوێنێی رۆژنامەكانی خەبات و كوردستانی نوێ و هەولێر، دوای سەردەمێك لێكنەچوون و لێكخوێندن، لە رۆژێكی دەگمەندا بە بە یەك وێنە و یەك مانشێتی هاوبەش رازانەوە. مانشێتە هاوبەشەكە دەیگوت: دەبێ مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان و قەوارە سیاسییەكەی پارێزراو بن. وێنەكەش چركاندنی چركەساتی پێكەوەیی هەموان بوو لە دەوری مێزێكی بازنەیی وئامانجێكی هاوكۆیی كە پێی دەگوترێت بەرژەوەندی باڵای ووڵات، وێنەیەك بە دڵی گەل و بارتەقای پڕكێشی و ئاڵانگارییەكانی قۆناغەكە.
كۆبونەوەكەی ژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم، هەم تا ئەندازەیەكی زۆر نیگەرانیی خەڵكی كوردستانی لە ئەگەر و پێشهاتەكان و لە دڵەڕاوكەی نێوخۆییش رەواندەوە، هەم كوردستانی بە ئیرادەیەكی یەكگرتوو بە دۆست و نادۆست نیشان دا.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وەك بەرجەستەكارو گوزارشتكار لە ( وێنەی هەمووان)، رونتر لە روون پەیامی كوردستانی گەیاند: پشتیوانی داوا رەوا و مەتڵەبییەكانی خەڵكی چەندین ساڵ مەحرومی عێراقین، پشتیوانی چاكسازییەكانی حكومەتین، نەك هەر خەمسارد و بێ باك نین لەوەی لە عێراق دەگوزەرێ، بەڵكو پەرۆش و هاوخەمی خەڵك و خوێنی رژاو و ئایندەی نادیاری ووڵاتداین، لە خەمی چارەیەكی واقعی و مومكینداین، هاوكاری هەر هەنگاوێكین ئەو مەینەتییە بەكۆتا بێنێ و ژیانێكی شایستەتر فەراهەم بكات.
گەرچی فەرامۆشكردنی دەستور، نەك خودی دەستور، كەڵەكەبوونی پازدە ساڵ هەڵەی سیاسی، سەبەكاری رەوشی ئێستان، گەرچی مافە دەستورییەكانی كورد هۆكاری بێ كاری و بێ كارەبایی و بێ ئاوی بەغدا و بەسرە نین، بەڵام دیسانیش رێگر نابین لە هەر رێكارێك بە هەمواری دەستوریشەوە (بە مەرجێ غایەلەی كەمكردنەوەی مافەكانی كورد و پێكهاتەكانی لەبن سەردا نەبێ) كە ئیستقرار بۆ عێراق دابین بكات.
ئێستا ئیدی خیتابی كوردستان لە هەمبەر روداوەكان، یەكگرتوو و بەرچاو روون و واقیعبینە، دەمێنێ تەرجەمەكردنی بۆ كار و هەڵوێست كە ئەرك و ئەولەویەتی كۆی دامەزراوەكان و تێكڕای هێزە سیاسییەكانی كوردستانە، هەر بەو خیتابەش دەتوانین مافەكانی خۆمان گەرەنتی بكەین وهاوكاری بەغداش بین بۆ دەرچوون لەم گرفتارییە.